سیستەمی موشەكی ئێس 400 چی بۆ توانای سەربازی سوپای توركیا زیاد دەكات؟

جیهان

03/07/2019‌ 1681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توركیا بەم نزیكانە سیستەمی موشەكی روسی لەروسیا وەردەگرێت‌و بڕیارە ئەو سیستەمە موشەكییە لەسەر سنووری سوریا جێگیربكات.

سوپای توركیا بەوەرگرتنی ئەو سیستەمە موشەكییە توانایەكی زۆری سەربازی بۆ پەیدا دەبێت، كە بەهێزترین سیستەمی موشەكی بەرگری ئاسمانییە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی خاوەنی كۆمەڵێك تایبەتمەندی بەرزە.
 
دیارترین تایبەتمەندییەكانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئیس-٤٠٠"ی روسی 
راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن، كە سیستەمی بەرگری "ئیس-٤٠٠ "ی روسی بە كاریگەرترین سیستەمی بەرگری ئاسمانی دادەنرێت لە جیهاندا ، كاتی خۆی یەكێتی سۆڤێتی پێشوو دوای تەواوبوونی پێشخستنی سیستەمی "ئیس-٣٠٠" دەستیان بە پێشخستنی كردووە .

بەگوێرەی راپۆرتەكان بۆ یەكەمجار سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠" بەكرداری لەساڵی ٢٠٠٧ چووە ناو خزمەتی سەربازییەوە ، كە ئامانج لەدرووستكردن و دیزاینكردنیدا دەستەبەركردنی پلەیەكی بەرزی پاراستنە لەرووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە .

سیستەمی "ئێس-٤٠٠" بەهۆی ئەوەی یەكێكە لەگرنگترین سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەكان لە جیهاندا ، توانایەكی زۆر چالاكی لەپاراستنی ئاسمان و تیكشكاندنی فرۆكەكانی دوژمن هەیە .

لەلایەكی ترەوە ئەو سیستەمە توانای تێكشكاندنی فڕۆكەی كۆنترۆڵكردن و چاودێری و فرۆكە ستراتیژیی و تەكتیكی و موشەكە بالیستی و كۆمەڵە مووشەكە بالیستییە تەكتیكییەكانیشی هەیە، كە خێراییەكەیان لەخێرایی دەنگ زیاتر بێت .

هەر كەتیبەیەكی كارپێكەری سیستەمی "ئێس-٤٠٠" لە ٨ سەكۆی هاویشتن و ٣٢ مووشەك پێكدێت، كە سیستەمی "ئێس-٤٠٠" بە مووشەكی كورت مامناوەند و درێژ مەودا كۆنترۆڵ دەكرێت ، دەشتوانێت لەدووری ٦٠٠ كیلۆمەترەوە ئامانجەكان بدۆزێتەوە ، بەجۆرێك خێرایی مووشەكەكانی ٤،٨ كیلۆمەترە لەیەك چركەدا بڕوات، هەروەها لەماوەی ١٠ چركەشدا سیستەمەكە وەڵامی بۆ ئامانجەكەی دوژمن دەبێت .

دووری سوودلێوەرگیراو بۆ سیستەمە درێژمەوداكان لە جۆری  (40N6) ٤٠٠ كم ،  بۆ سیستەمە دوورمەوداكان لە جۆری (48N6) ٢٥٠ كم ، بۆ سیستەمە مەودا مامناوەندەكان لەجۆری (9M96E2)  ١٢٠ كم ، بەڵام بۆ سیستەمە كورتمەوداكان لە جۆری  (9M96E) ٤٠ كیلۆمەترە .

گەلێك جۆری فڕۆكە لەناو ئامانجەكانی سیستەمی "ئیس-٤٠٠"دان وەك فرۆكەی شەبەحی (B-2)، (F-117)، فرۆكەی مووشەكهاوێژی ستراتیژی (B-1) و(F-111) و( B-52H)،ئەوە سەرباری فرۆكەی جەنگی ئەلیكترۆنی و فرۆكەی كۆكردنەوەی زانیاری و ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە و شەڕكەر و مووشەكی كروز و تۆماهۆك و مووشەكی بالیستی.

لەسەر تایبەتمەندییە گشتییەكانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئیس-٤٠٠" ، ئەوە مووشەكەكانی دەتوانن بگەنە بەرزی ٣٦ كیلۆمەتر ، دووری رادارەكەی دەگاتە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ كیلۆمەتر ، دووری دۆزینەوەی ئامانجەكان ٦٠٠ كم ، دەشتوانێت لەیەككاتدا بەدوای ٣٠٠ ئامانج بكەوێت .

دووری تێكشكاندنی ئامانجە ئایرۆدینامیكییەكان٣-٢٤- ، دووری تێكشكاندنی ئامانجە بالیستییەكان ٥-٦٠ كم ، بەرزترین ئامانجیش ٢٧ كم ، نزمترین ئامانجیش ١٠٠ مەتر .

هەروەك ئەوپەڕی خێرایی تێكشكێنراو دەگاتە ٤٨٠٠ كم ، هەروەك ژمارەی ئامانجە تێكشكینراوەكان لەیەككاتدا ٣٦ ئامانجە ، لەكاتێكدا ژمارەی ئەو مووشەكانەی لەیەك كاتدا ئاراستەی ئامانجەكان دەكرێن ٧٢ مووشەكە .

جگە لە چین و توركیا ، رووسیا دانوستانی بۆ فرۆشتنی ئەو سیستەمە لەگەڵ هیچ وڵاتێكی تر نەكردووە، فرۆشتنی بەتوركیاش كێشەی بۆ ئەو وڵاتە دروست كردووەو نیگەرانی ئەمریكای لێكەوتووەتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی