لەفەڕەنسا داوایەكی یاسایی لەسەر قوقەی كەڵەشێرێك تۆمار دەكرێت

هەمەڕەنگ

06/07/2019‌ 473 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەڵەشێرێك بە ناوی ماوریس، كە قوقەی بەیانیانی هەموو هاوسێكانی هەراسان كردووە، بووەتە بابەتی شەڕێكی دادگایی لە فەڕەنسا.

كەڵەشێرەكە بە تۆمەتی پیسكردنی ژینگە بە ژاوەژاو لە لایەن دوو هاوسەری خانەنشینكراو لە دوورگەیەكی فەڕەنسا تۆمەتبار كراوە.

لەبەرانبەر سكاڵاكە خاوەنەكەی دەڵێت: كەڵەشێرەكەی هەر ئەوە دەكات، كە هەر كەڵەشێرێك دەیكات.

نە خاوەنەكەی و نە سكالاكەرەكان لە دادگا ئامادە نەبوون بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە، بەڵام كەڵەشێرەكە، كە ئێستا ناوبانگی ناوخۆیی بەدەست هێناوە، لە لایەن خاوەن كەڵەشێرانەوە پاڵپشتییەكی زۆر كرا، بەوەی زۆر لەوان لە دەروەی هۆڵی دادگا گرد بوونەوە.

سكاڵاكەرەكان بۆ ماوەی پازدە ساڵە لەو گوندە خاوەنی خانووی خۆیانن و لە ئێستادا هەر لەوێ نیشتەجێن. یەك لەو هۆكارانەی كە ئەو شوێنەیان بۆ ژیان هەڵبژاردووە بە وتەی خۆیان ئەوەیە كە شوێنێكی ئارامە، بەڵام كێشەكانیان لەگەڵ قوقە بەهێزەكانی كەڵەشێرەكە لە ٢٠١٧وە دەستی پێكردووە.

بەر لە سكاڵاكەش لە موشتومڕێكی زۆردا بوون لەگەڵ خاوەنی كەڵەشێرەكە كە بۆ ماوەی ٣٥ ساڵە لەو گوندە دەژیات.

خاوەنی كەڵەشێرەكە و پشتیوانەكانی دەڵێن كە بابەتەكە زۆر سادەیە – كەڵەشێر بەشێكە لە ژیانی لادێی و هیچ مانای نییە داوا بكەی كە نەقوقێنن.

بڕیارە كێشەكە لە مانگی ئەیلولدا لە لایەن دادگاوە یەكلایی بكرێتەوە.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز