ئەو هۆكارانەی بوونەتە رێگر لەبەردەم دۆناڵد ترامپ بۆ هێرشكردنە سەر ئێران

جیهان

09/07/2019‌ 5654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی "لۆمۆند دبلۆماتیك"ی فەڕەنسی لەراپۆرتێك تیشكی خستە سەر بارگرژییە ئەمنییەكانی ناوچەی كەنداو لە نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە لایەك و تاران لە لایەكی دیكەوە.

فیلیپ لیماری نووسەر لە ڕاپۆرتێكیدا باسی لە 15 هۆكار كردووە، كە ڕێگرن لەوەی واشنتۆن هێرش بكاتەسەر تاران، هۆكارەكانیش بریتین لە:
ئەمریكا لەو ماوەیەی دوایدا هەموو جەنگەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا دۆڕاندوون، بۆیە ئیدارەكەی دۆنالد تڕەمپیش ئەبێت ئەو ڕاستییە باش باش بزانێت.

ترەمپ هەوڵیدا پابەندی بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكەی بێت، ئەو بەڵێنی دابوو ئەمریكا لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست بكشێتەوە، ئەمەشی لە سوریا و ئەفغانستان پیادە كرد.

لەوانەیە بەرپاكردنی جەنگ ببێتە بارگرانییەكی سەربار بۆ تڕەمپ، هەر چەندە وا دەردەكەوێت هەلێكی زێڕین بێت بۆ سەرۆكێك كە لە بەردەم دەروازەكانی هەڵبژارنە سەرۆكایەتییە تازەكەی ساڵی 2020 دا وەستاوە. 

سەختە جەنگ لە دژی ئێران بەرپا بكرێت كە خاوەن ڕووبەرێكی فراوانە و دانیشتوانەكەی 81 ملیۆن كەسە، مێژوویەكی هەزار ساڵەی هەیە كە دابەشبوونە سیاسی و ئاینییەكان تێدەپەرێنێت، خاوەن هەژموونێكی هەرێمییە لە دیمەشقەوە بۆ سەنعا و ئەنقەر و لەوەش دوورتر.

جۆرێك لە دڵەڕاوكێ و گومان و پشێوی لە ئاسۆدا دەردەكەوێت سەبارەت بە جەنگێكی شیمانەكراوی (موحتەمەل) نێوان واشنتۆن و تاران، لە ترسی ئەوەی ئەم جەنگەش هاوشێوەی هەڵووێستەكانی توركیا و كوردەكان و ڕووسەكان بێت ئەگەر مەودای جەنگە فراوانتر بێت.

ناكرێت واشنتۆن لێكەوتە نەرێنییەكانی ئەو جەنگە شیمانەكراوە (موحتەمەل) لەبەرچاو نەگرێت لەسەر كەرتی نەوت و نرخی سووتەمەنی جیهانی و گۆڕانكارییە جیۆسیاسییەكان.

لەوانەیە واشنتۆن لە بری جەنگێكی ڕاستەوحۆ، شێوازی تاكتیكی دیكە بەكاربێنێت وەك زیادكردنی سزا ئابوروییەكانی سەر ئێران، یان ئەنجامدانی هێرشی سیبرانی دژ بە سەنتەری زانیارییەكانی ئێرانی لەسەر ئەنتەرنێت.

ئێران خاوەن توانستێكی باشی بواری بەرگری ئاسمان و موشەكییە، جگە لە موڵكداری پۆلێك فڕۆكەی بیفڕۆكەوان، ئەمەش مەترسییە بۆسەر ئەو هێزەی هێرش دەكاتەسەر خاكەكەی.

ئەگەری هەیە ئێران لە ڕێگەی پاسەوانی شۆڕشەوە كە لە هونەری قەڵسكردن و جەنگ شارەزایە، لە چەند جموجۆڵێكی نهێنی سەركەوتوو بێت لە ڕێگەی بریكارەكانی لە سوریا و لوبنان و عێراق و یەمەنەوە.

فشاری زیاتری ئابووری و سیبیرانی و سەربازی بۆسەر ئێران، هەڕەشەیە بۆسەر سەرەوژێركردنی پابەندبوونی ئێران بە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015.

ئارەزووی ئێران لەوەی ملكەچ ناكات و خۆی ڕادەست ناكات و لە كۆششی ئەوەشدایە فشارە ئابوورییەكانی ئەمریكا بەرتەسك بكاتەوە.

كارانەبوونی ورژاندنی ڕای گشتی ناوخۆی ئێرانی دژ بە سەركردەكانی، ئەم ڕێگەیە دژ بە تاران تاقیكرایەوە و سەركەوتو نەبوو.

هەڵوێستی واشنتۆن لە ڕووی سیاسی و ئاكارییەوە لاوازە، وا دەردەكەوێت واشنتۆن سەربەگێچەڵە و هەڵوێستەكانی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بارگرژییەكانی كەنداویان زیاد كردووە.

ئێران گرەو لەسەر كۆتاییهێنان بە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە دەكات بەوەی دووبارە لەم مانگەدا كورەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم دەست بە چالاكییەكانیان بكەنەوە و پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی دەست پێبكاتەوە، ئەمەشی ئەنجامدا كاتێك ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ زیاتر لە 300 كیلۆگرام بەرزكردەوە.

واشنتۆن ترسی هەیە ئێران هێرش بكاتەسەر بەرژەوەندییەكانی لە كەنداو و ڕۆژهەڵاتی دوور، یان جوڵەی كەشتیڕانی دەریایی لە گەرووی هورمز پەكبخات.

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر