ئەسما ئەسەد سەركەوتنی بەسەر نەخۆشی شێرپەنجە راگەیاند

تەندروستی

07/08/2019‌ 1541 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ئەسما ئەسەد" هاوسەری بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تەلەفزیۆنی سوریا رایگەیاند، دوای دوو ساڵ لە دەستنیشانكردنی تووشبوونی بەشێرپەنجەی مەمك بەتەواوەتی چاكبووەتەوە.

ئەسما ئەسەد لەچاوپێكەوتنەكەیدا وتی: گەشتەكەم كۆتایی هات.. سوپاس بۆخوا رزگارم بوو ، بەتەواوەتی بەسەر شێرپەنجەدا سەركەوتم.

لە ٢٠١٨ سەرۆكایەتی سوریا رایگەیاند، ئەسما ئەسەد خراوەتە ژێر پێدانی چارەسەری شێرپەنجەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لووێكی شێرپەنجەیی لەمەمكیدا دروست بوو، بەڵام هەر لە قۆناغە سەرەتاییەكانی تووشبوونیدا ئاشكرا كرا.

هاوسەری سەرۆكی سوریا، كە لە نەخۆشخانەیەكی سەربازی چارەسەری وەردەگرت وتیشی: ئازاری چارەسەری شێرپەنجە ماندووبوون‌و ئێش و شەكەتی جەستەیی تێدایە، بەڵام ئەمە مانای وانییە كەسێكی ئەرێنی نەبێت لە ژیاندا، هەروەها هەروەك ستایشی خێزانەكەی كرد كە لەپاڵییەوە ماونەتەوە .

سەبارەت بە بەشار ئەسەدی هاوسەری وتی: بەشار هاوبەشی هەموو تەمەنمە و شێرپەنجە گەشتێكی تەمەنم بوو ، بەدڵنیایی ئەو لەو گەشتە لەگەڵم بوو.

لەیەكەم وێنەی دوای راگەیاندنی تووشبوونی بە شێرپەنجە ، ئەسەد لەگەڵ هاوسەرەكەی دەردەكەوێت، كە لەتەنیشتییەوە دانیشتووە و زەردەخەنە دەگۆڕنەوە.

ئەسما ئەسەد تەمەنی ٤٤ ساڵە و دایكی سێ منداڵە ، دوو كوڕ و كچێك ، باوكی "فەوواز ئەلئەخرەس" پزیشكێكی ناسراوی دڵ بووە لە بەریتانیا ، دایكیشی سەحەر عەتری دیبلۆماتكارێكی خانەنشینی سوورییە، بنەچەی بنەماڵەكەیان بۆ شاری حومسی ناوەراستی سوریا دەگەڕێتەوە ، خۆشی دەرچووی زانكۆی "كینگ گۆڵدج"ی بەریتانیایە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی