شارپرێس:
سەرۆكی باندێكی مافیایی ترسناك لەبەرازیل بۆ دەربازبوونی لە زیندان پەنای بردووەتە بەر فێڵێكی زۆرزانانە، بەڵام پێش جێبەجێكردنی پیلانەكە پۆلیس توانیویەتی شكست بە هەوڵەكە بهێنن .
بەگوێرەی رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، كلۆفینۆ داسیلڤا، كە لە گرتووخانەیەكی شاری ڕیۆ دی جانیرۆ زیندانی كراوە، هەوڵیداوە لەڕێگای گۆڕینی شكڵ و شێوەی خۆی بۆ سەر شێوەی كچەكەی، كە لە زیندان سەردانی دەكرد رابكات .
ئەو تاوانبارە ترسناكە لەرێگای پۆشینی ماسكێكی هاوشێوەی رووخساری كچە كەیو لەسەركردنی قژێكی دەستكردو لەچاوكردنی چاویلكە و جلوبەرگی ژنانە و بەوپەڕی پیشەییانە هەوڵی راكردنی لەزیندان داوە.
بەگوێرەی سەرچاوەكان كچەكە تەمەنی ١٩ ساڵە ، پیلانی باوكەكە ئەوە بووە، كە خۆی بێتەدەرەوە و كچەكەی لەزیندان بەجێبهێڵێت.
هێشتا پۆلیس بۆی روون نەبووەتەوە، كە ئایا كچەكە لەگەڵ باوكی دەستی هەبووە لەدارشتنی پیلانەكە ، یان تەنیا ناچاركراوە بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی پێیوتراوە .
چاوەڕێ دەكرێت ئیدارەی گرتووخانەكە بەهۆی هەوڵی راكردنی ڕێوشوێنی سزایی دەرحەق بەسەرۆكی ئەو باندە مافیاییە جێبەجێبكات ، بەڵام لێكۆڵینەوەكان لەكەسانی تریش دەگەرێنو ئەگەری هەیە یارمەتی جێبەجێكردنی پرۆسەكەیان دابێت، لەبەر ئەوەی بێ یارمەتی دەرەوە هەرگیز نەدەتوانرا پلانەكە بگاتە ئەو ئاستە . .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی