توركیا بەهەڕەشەكانی دەیەوێـت خواستەكانی لەناوچەی ئارام جێگە بكاتەوە

جیهان

08/08/2019‌ 772 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"توركیا بەهەڕەشەكردن لەژیانی سەربازەكان ئەمریكا دەترسێنێت"، ئیگۆر سۆبۆتین لەگۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، ئەوەش دەربارەی سووربوونی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لەهێرشكردنە سەرناوچە كوردییەكان لەسوریا سەرەرای بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەو ناوچانە.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەمریكا هەوڵی ئەوە دەدات رێگە لەئەگەری هێرشی توركیا بگرێت بۆ سەر باكووری رۆژهەڵاتی سوریا، كە سەربازە ئەمریكییەكانی لێیە، لەو بارەشەوە لە 5ی ئابدا بازنە سەربازییەكانی هەردوولا گفتوگۆیان لەئەنقەرە ئەنجامدا، لەمیانەیدا پلانێك خرایە بەردەم سەركرایەتی توركیا بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە لەو ناوچانەی لەژێر دەستی كوردەكاندایە، بەڵام رەشنووسی پلانەكە بە دڵی توركیا نەبوو، بەوەی هەر چارەسەرێك پێك هاتەی كوردی تێدا بێت رەتی دەكاتەوە.

سەركردایەتی توركیا مكوڕە لەسەر ئەوەی دەبێت بە تەنیا ناوچەی ئارام بەڕێوەبرێت و قووڵایەكەی بۆ 32 كلم درێژبكرێتەوە، سەرەرای ئەوەش دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامی دەوێت، كە ببێتە مایەی گەڕانەوەی 3.6 ملیۆن پەنابەری سوری‌و ئێستا لە توركیادا دەژین، هەروەها ئەنقەرە مەرجی سیاسی تریشی هەیە. 

بەپێی زانیارییەكان، لە كۆبونەوەی نێوان ئەمریكی و توركەكاندا، وەزیری دەرەوه مەولود چاویش ئۆغلۆ داوای لە ئەمریكا كردووە پالپشتیەكانی بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات رابگرێت.

بەڵام لە نێوەدی شارەزایاندا، وای دەبینن پێویستە وەها تەماشای هەرەشەكانی توركیا بكرێت،  كە لە چوارچێوەی ویستەكانی ئەنقەرەدا بێت لەگەڵ ژمارەیەك لە كێشە هەرێمایەتیەكان.

لەو بارەیەشەوە، شارەزا لە ئەنجوومەنی روسی بۆ كاروباری دەرەوە تەیمور ئەحمەدۆڤ بە گۆڤاری ناوبراوی وتووە: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەوڵەكانی پێشوو، كە توركیا و ئەمریكا دەیانویست لەسەر ناوچەی دابڕاوی سنووریی لە باكووری سوریا رێكبەكەون، دەتوانین وای ببینین هەرەشەكانی توركیا بە ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی كاتێك دەستپێدەكات، كە دانوستانەكان دەگاتە رێگەیەكی داخراو. 

روون و ئاشكرایە توركیا ئامادە نییە رووبەرووی ئەمریكا ببێتەوە لەباكووری سوریا، هەر پرۆسەیەكی سەربازی توركیاش ناتوانێت خۆی لەمە لابدات، هەموو ئەمانەش دەری دەخەن لێدوانەكانی سەركردە توركەكان دەربارەی پرۆسەكان هاندانە بۆ دانوستانی دیبلۆماسی و بەهێزكردنی هەڵوێستەكانە سەبارەت بەدۆخی باكووری سوریا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا