24 هەزار كەس لەعێراق تووشی شێرپەنجە بوون‌و 18 شوێنیش بەتیشكدانەوە پیسبوون

عیراق

08/08/2019‌ 673 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

پێگەی مەداپرێس بڵاویكردەوە
لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، 24 هەزار كەس لە عێراقدا تووشی شێرپەنجە بوون و 18 شوێنیش ئەگەری ئەوەیان لێدەكرێت بە تیشكدانەوە پیسبووبن.

ئاژانسی وزەی ئەتۆمیش هۆشداری داوەتە حكومەتی عێراق لەمەترسی ژێرگڵخستنی مادە تیشكدەرەوەكان و 80 تێبینی لەبارەی ژێرگلخستنی تەندروستەوە داوەتە حكومەتی عێراق.

ئیكتفا حەسناوی ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق بۆ مەداپرێس وتی: هۆشداری سەبارەت بە ژێرگڵخستنی مادە تیشكدەرەكان داوە لە پارێزگاكان.

ئەو وتیشی دەزگای زانست و تەكنەلۆجیای سەر بە وەزارەتی خویندنی باڵا فەرمانگەیەكی تازەی بە ناوی (لەبەینبردنی كیمیایی) دامەزراندووە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ مادە تیشكدەرەوەو كیمیاییەكان و پاشماوەكانی نەوت و پزیشكی.

پێگەی ناس بڵاویكردەوە
هەوڵێك هەیە بۆ وەدەرنانی باڵویزی ئەمریكا لە عێراق، عەسائیبی ئەهلی هەق هەڵگری ئەو پەیامەن و هەوڵی بۆ دەدەن، جوڵانەوەی "بابلیون"یش ئەندامەكانی لە نێوان پشتیوان و ڕەتكردنەوەی ئەو هەوڵەدا دابەش بوون.

ئەو ئاراستەیە بە هۆی ئەو لیستی ڕەشەوە‌ هاتەكایەوە، كە ئەمریكا چەند كەسایەتییەكی عێراقی تێخستبوو، باڵوێزەكەی ئەمریكاش هەڕەشەی ئەوەشی كردووە، كە كەسایەتی دیكەش دەخنە لیستەكەوە و سزایان بەسەردا دەسەپێنن.

ئاسۆ كلدانی ئەندام پەرلەمانیش ئەوەی ڕەتكردەوە فراكسیۆنی بابلیۆن پشتیوانی ئەو هەنگاوە بێت، تەنیا وتی: فراكسیۆنەكەیان بەرگریان لە ئەمیندارەكەیان كردووە و باشی پەیوەندییەكانی عێراقیش لەگەڵ ئەمریكا بە گرنگ دەزانن.

هەروەها وتیشی بزووتنەوەی بابلیون بە هەماهەنگی هاوپەیمانی فەتح، بەو ئاراستەیە جوڵاون و عالیە نسەیفی پەرلەمانتاریش خەریكی كۆكردنەوەی واژووی پەرلەمانتارانە دژ بە دەستتێوەردانی بیانی لە كاروباری عێراق، ئەوەشی وت: لە یەكەم دانیشتنی ئایندەی پەرلەمان ئەو پرسە دەخرێتەڕوو.

هاوكات عەدنان فەیحان دلیمی سەرۆكی فراكسیۆنی "سادیقون" وتی: تاوتوێكردنی یاسای بەرگرتن بە نائارامی لە عێراق لە لایەن كۆنگرێسی ئەمریكاوە گەورەترین دەست تێوەردانە لە كاروباری دەوڵەتی عێراق و واتای ئەوەیە عێراق بخرێتە ژێر ڕاسپاردەوە وەك ئەوەی ویلایەتێكی ئەمریكی بێت. 

دلێمی لە لێدوانێكدا لە تویتەر هەڕەشەی ئەوە دەكات، كە ئەگەر واشنتۆن  یاسای ئاماژەبۆكراوی سەرەوە جێبەجێبكات، ئەوانیش كار بۆ دەركردنی باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق و پچڕاندنی پەیوەندییە دبلۆماسییەكان دەكەن لەگەڵیدا.

لەلایەكی تر "ماسیۆ" ی باڵوێزی ئەمریكاش لە عێراق وتی: ئەو دەمێنێتەوە كاریش دەكەن بۆ لێپرسینەوە لێپێچینەوە لەو كەسانەی لە پیشێلكاری مافەكانی مرۆڤەوە گلاون. 

سە‌بارەت بە وەش گوایە نوری مالیكی دەخەنە ناو ئەو لیستەوە، ماسیۆ وتی: ئەمریكا تاكلایەنە كارێكی لەوجۆرە ناكات و بێ هەماهەنگی بەغدا بڕیارێكی لەو جۆرە دەرناكات.

مەركەز بەیت ئەلعێراق بڵاویكردەوە
حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی ئەنفالی كردووەتە مەرج بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا، ئەمەش دووبارە ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دێنێتەوە سەر گۆڕەپانی ڕووداوەكان.
 
لەلایەكی تریشەوە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری ئەوەی دەركرد، كە ماددەی 140 هێشتا بەركارە و دەبێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن ڕێكاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی بگرێتەبەر لە ئاساییكردنەوەی دۆخی شاری كەركوك و سەرژمێری و دواتریش ڕاپرسی تیایدا. 

چاودێران پێیان وایە ئەم وەرزی یاساكارییەی پەرلەمان دەمەتەقێیەكی دەستوری بەخۆییەوە دەبینێت سەبارەت بە ناوچە دابرێندراوەكان و بە تایبەتیش كەركوك.

پارتە كوردییەكانیش پێشوازییان لەو بڕیارە كرد وەك هەنگاوێكی گرنگ بۆ گێرانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێم. عەرەب و توركمانەكانیش بەو بڕیارە نیگەرانن و نایانەویت ئەو ماددەیە جێبەجێ بكرێت و دەڵین ماددەكە مردووە و كۆتایی پێهاتووە.

بەرەی توركمانیش عادل عەبدولمەهدی بەوە تۆمەتبار دەكات، كە لاگیری هەرێمی كوردستانە و دەشڵێن: نابێت بارودۆخی كەركوك بگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2017، كە كوردەكان باڵادەست  بوون بەسەر شارەكەوە.

هەروەها حوسێن عقابی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش پێیوایە جێبەجێكردنی ماددەی 140 ئاشتی كۆمەڵایەتی لە شاری كەركوك و ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.

ئەمانە لە كاتێكدایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی خۆیان ساز كردووە بۆ گەڕێكی دیكەی گفتوگۆكانی نێوانیان.