عێراق هەڕەشەی كەمكردنەوەی بودجەی هەرێم لەساڵی 2020 دەكات

عیراق

12/08/2019‌ 1275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
موزیڕ ئەزیرجاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون  لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەوە دەكات، ئەگەر ئەو لیژنە هاوبەشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ ڕێكەوتن لەسەر رادەستكردنی نەوتی هەرێم بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا دەقی لەسەرداوە درووستكراون، گەیشتنە ڕێگایەكی داخراو و  بابەتەكەیان چارەسەر نەكرد، ئەوە پەرلەمان پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی ساڵی داهاتوو كەمدەكاتەوە .

ئەزیرجاوی لەلێدوانێكدا دەڵێت: چەند لیژنەیەكی هاوبەش لەنیوان ناوەند و هەرێم دروستكراون بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان و رادەستكردنی نەوتەكەی بە بەغدا، بەڵام ئەگەر لیژنەكە نەگەیشتنە رێكەوتن، ئەوە ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر پشكی هەرێم لەبودجەی ساڵی داهاتوو هەڵوەستەیەكی جددی دەكات.

ئەو دەشڵێت: هەرێمی كوردستان جگە لەو نەوتەی خۆی بەرهەمی دەهێنێت، كە هیچی لێنادات بە بەغداد لەهەمان كاتدا پشكی خۆشی لە بودجە و فرۆشتنی نەوتی پارێزگاكانی باشوور وەردەگرێت، لەبەر ئەوە ئەگەر لیژنە هاوبەشەكان نەگەنە رێككەوتن بارودۆخەكە بەو جۆرە بەردەوام نابێت.

ئەزیرجاوی سەرنجی بۆ ئەوە راكێشاوە، كە ئەنجوومەنی نوێنەران لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ پەنا دەباتە بەر بڕینی ئەو برە پارەیەی لە بودجەی ساڵی 2019 لە ئەستۆی هەرێمدا ماوە ، ئەوەش لەپێناو قەرەبووكردنەوەی ئەو بەشەی هەرێم بێ رادەستكردنی نەوتەكەی بە بەغدا وەریگرتووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی