بڕیاری قەدەغەكردنی فڕین لەئاسمانی عێراق لەبەرژەوەندی ئێرانە

عیراق

17/08/2019‌ 635 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان جاجی قادر

پێگەی عەرەب بڵاویكردەوە
حكومەت عێراقی هەڵوێستێكی ڕوونی بۆ پشتیوانی ئێران دەربڕیووە لە بەرەنگاربوونەوە ئەمریكادا، بەوەی "فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی" دامەزراندووە، كە ڕێگە لە هەر جوڵەیەكی فڕۆكەوان ئاسمان دەگرێت لەعێراقدا، بە فڕۆكەوان ئەمریكاشەوە.

سەرچاوە عەرەبییە ئاگادارەكان دەڵێن: ئەو شێواز ئەو بڕیارەی پێدەرچووە ئارەزوومەندی ئێران دەستەبەر دەكات، لەو بەیاننامەشدا هاتووە، كە هەموو فڕێنێك بە ئاسمانی عێراقدا بێ ڕەزامەندی ئەو فەرماندەییە هاوبەشە ڕێگەپێدراو نییە.

ڕۆژی 5 شەممەی ڕابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، فڕین بە ئاسمانی عێراقدا پەیوەستە بە ڕەزامەندی فەرمی خۆییەوە.

ئەم بڕیارەی حكومەتی عێراق دانپێدانانە بەوەی‌ دوو سەربازگەكی‌ حەشد شەعبی لە ئاسمانەوە بۆردومان كراون، ئەم هەواڵانە پێشتریش باسیان لێوە كرابوو، كە لە باشووری عێراق و پارێزگای سەڵاحەدین دوو سەربازگەی عێراق بۆردومان كراوان.

ئەو بڕیارە لە لایەن حكومەتی عێراقییە‌وە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئێستا بواری ئاسمان بەدەست حكومەتەوەیە.

ئەوەی ئەم ڕووداوەی‌ پشتڕاست دەكاتەوە، ئەوەیە كۆمپانیاییەكی ئیسرائیلی گرتەیەكی مانگە دەستكردەكانی بڵاوكردەوە،‌ سەبارەت بەو سەربازگەی لیواكانی حەشد شەعبی تێدا نیشتەجێن و بۆردومان كراون.

زۆرێك لە شڕۆڤەكارە سەربازی و ئەمنییەكانە گومانی ئەوەیان هەیە، كە ئەو پێگە سەربازییانەی حەشدی شەعبی لە لایەن لایەنی دەرەكییەوە بۆردومان كراون و ئەگەری ئەوەش هەیە وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو كارەی كردبێت كە حەشدی شەعبی بە سوپایەكی ئێرانی دەزانێت، یان پێیان وایە هێرشكردنە سەر لایەنە سورییەكان سەر بە ئێران، ئیسڕائیل ئەنجامی داوە.

ئەم بۆردومانە سەرۆك وەزیرانی عێراقی تووشی ڕووگیری كردووە، بەوەی‌ ناتوانێت سەروەری ئاسمانی وڵاتەكەی و گیانی هاووڵاتییەكانی بپارێزێت‌و چاودێرانی دۆخی عێراقی پێیان وایه،‌ ئەو بڕیارەی عەبدولمەهدی بۆ ڕازیكردن ئێران و حەشدی شەعبییە كە جوڵەی فڕۆكەوانی لە ئاسمانی عێراق كۆنتڕۆڵ دەكات.

فەرماندەی ئەو پڕۆسە هاوبەشانەش ڕایانگەیاندووە ، سەرۆك وەزیران هەموو ڕەزامەندییەكانی پێشووی سەبارەت بە فڕۆكەوانی عێراقی و ناعێراقی لە ئاسمان وڵاتەكەی هەڵوەششاندۆتەوه، ‌ وەك چاودێریكردنی ئاسمانی و فڕینی فڕۆكە شەڕكەر و پەروانەدار و‌ كۆنتڕۆلكراوەكان.


رۆژنامەی شەڕقلئەوسەت بڵاویكردەوە
كۆشی سەرۆكایەتی روسیا "كرملین" ڕایگەیاند، سیخوڕە بیانییەكان بە درێژایی 24 سەعات چاودێری زانا ڕوسەكان دەكەن، لەولاشەوە توێژەرە ڕوسەكان كۆت و بەندی زیاتریان دەخرێتەسەر لە لایەن حكومەت ڕوسیاوە، بە جۆرێك پەیوەندییان بە دەرەوەی خۆیان سنوردار كردووە.

وەزارەتی فێركردن و توێژینەوە لە فەرمانێكی وەزاری تایبەتدا، كۆت و بەندی لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ بیانییەكان زیاد كردووە، سنوورێكیشی بۆ سەردانیكردنی بیانییەكان بۆ پەیمانگا ڕوسییەكان داناوە و كۆت و بەندیشی خستووەتەسەر بەكارهێنان ئامێرە ئەلەكترۆنییەكان. 

وەزارەتەكە داوای ئەوەش دەكات بیانییەكان مۆڵەت وەرگرن پێش ئەوەی زانا ڕوسەكان ببینن، دوای چاوپێكەوتنەكەش ئەبێت زانا ڕوسییەكان ڕاپۆرتێك لەبارەی ئەو چاوپێكەوتنەوە‌ بۆ دەزگا حكومییەكان بنووسن.

توێژەران دەڵێن: ئەو ڕێوشوێنە ناواقیعییانە، حكومەتی ڕوسیا زیاتر گۆشەگیر دەكات و زیانیش بە زانستی ئەوان دەگەیەنێت هەروەك ئاژانسی ڕۆژنامەوان فەڕەنسی بڵاویكردووەتەوە، كە ترس ئەوەشیان هەیە سەردەمی سۆڤییەتی ڕاستەقینەی جاران‌ دووبارە بگەڕێتەوە، كە بە بێ لایەنی سێیەم ڕێگە بە چاوپێكەوتنی زانا ڕوسەكان نەدەن لەگەڵ بیانییەكاندا.

"ئەلێكس خۆخلۆف" ی بەڕێوەبەری ئەكادیمیایی ڕوسیا پێیوایە ئەو جۆرە ڕاسپاردانە دژ بە سیاسەتی دەسەڵاتی ڕوسیایە، كە ئامانج ڕاكێشانی بیانییەكانە بۆ ناو ڕوسیا، ئەو وتیشی: دەبێت لە هەمان كاتدا دەزگا دەوڵەتییەكان ئاگاداری مەترسی بیانییەكانبن.

خۆلخۆف هەروەها وتی: لەڕاستیدا بە درێژایی 24  كاتژمێری ڕۆژانە، كاری سیخوڕی زانستی و پیشەسازی بوونی هەیە و زاناكانمان بەئامانج دەگرن، بەڵام هەندێك لە بەندەكانی فرمانە وەزارییەكە زێدەڕەووی تێدایە.

ناوەندە زانستییە ڕوسییەكان ترسیان لە هەڵكشانی دەسەڵاتی حكومەتی ڕوسیا هەیە لەدەستوەردان لە كاروبارەكانیان. چەندەها توێژەرو زانای ڕووسیاش، ڕووبەڕووی تۆمەتی  ناپاكی  مەزن و سیخوڕی كراونەوە‌.

پێگەی مەعلومە بڵاویكردەوە
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە شاندی عێراق لە سەردان ئایندەی بۆ توركیا 3 دۆسییە تاوتوێ دەكات.

لیژنەكە ئاشكراشیكردووە، كە شاندی عێراق دۆسیەی ئابووری دەقۆزیتەوە بۆ فشارخستنەسەر توركیا، بۆ ئەوەی بەداواكارییەكانیان رازی بن.

عەلی جەباری ئەندامی لیژنەكە بۆ "پێگەی مەعلومە" وتی: شاندی عێراق لەگەڵ لایەنی توركی باس لەكشانەوەی هێزەكانی توركیا دەكات لەباكووری عێراق، هەروەها داوای ڕادەستكردنەوەی ئەو كەسانەش دەكات، كە داواكراوی دەزگای دادوەری عێراقین و ئێستا لە توركیا دەژین. 

پرسی ئاو و بەستی "ئەلیسۆ"ش دۆسییەیەكی دیكەی گفتوگۆ نێوان هەردوولا دەبێت، شاندەكە بە لایەن توركی ڕادەگەیەنێت ، ڕەزامەندن بە خستنەكار بەنداوی ئەلیسۆ لە بەرانبەر ئەوەی بەشە ئاوی عێراق كەمنەكرێتەوە.

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا دەگاتە 15 ملیار دۆلاری ساڵانە، بۆیە چاوەڕوان ناكرێت ئەنقەرە سەركێشی بەو پرسەوە بكات و بیەوێت دۆخەكە لەگەڵ عێراق بەرەو هەڵكشان بەرێت.

لیژنەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، جوڵەكان حكومەتی عێراق بۆ وەدەرنانی هێزەكانی توركیا لە باكوری عێراق دەستیپێكردوە.

سی ئێن ئێن عەرەبی بڵاویكردەوە
ئیدارەی ئەمریكا لیستێك تازەی بڵاوكردوەتەوە سەبارەت بە مەرجەكانی پێدان ڤیزاو نیشتەجێبوونی بەردەوام "گرین كارد" بۆ بیانییەكان لە ئەمریكا.

ڕێوشوێنە تازەكان دەتوانن ژمارەی ئەو كۆچبەرانە كەمبكەنەوە، كە ڕێگەیان پێدراوە بێنە سەر خاكی ئەمریكا و تێیدا نیشتەجێ بوون.

بە گوێرەی لیستە تازەكە، كە 800 لاپەڕەیە، دەسەڵاتدارانی ئەمریكا مافی ئەوەیان هەیە داواكانی هاتنەناوە و نیشتەجێبوون لە ئەمریكا ڕەتبكەنەوە، ئەگەر توانستی دارایی و فێركاری داواكاران لاواز بێت، بەو پاساوەی شیمانەی ئەوە دەكرێت ئەو داواكارانە ببنە بار بەسە‌ر حكومەتی ئەمریكا لە ئایندەدا‌.

دوای 60 ڕۆژ لە بڵاوكردنەوە ئەو لیستە تازەیە لە تۆمار فیدڕاڵی حكومەت ئەمریكا، بەركار دەبێت و كاری پێ دەكرێت. 

دەسەڵاتدارانی ئەمریكاش دەڵێن: ئامانج لەو لیستە تازەیە، ئەوەیە كۆچبەران خۆیان خەمخۆری خۆیانبن و خۆیان بژیەنن.

بە گوێرەی ئەو لیستە تازانە، بەرپرسانی ئەمریكا دەتوانن بواری دارایی و تەندروستی و فێركاری و بەهرەكان و دۆخی خێزان و تەمەن لەبەرچاو بگرن، كاتێك داواكاری كۆچبەرانیان ئاراستە دەكرێت، شارەزایانیش دەڵێن لەجوغزێكی بەرتەسكدا نەبێت ئەو پێودانگانە لە بەرانبەر كۆچبەراندا ناگیرێنەبەر.

كین كوتشنیلی ڕێكخەری كاروبارەكانی خزمەتگوزاری هاووڵاتیبوون لە ئەمریكا ئەوەی ڕوونكردەوە، كە لیستە تازەكە‌ داواكاری بەشە خۆراكییەكان و یارمەتییە پزیشكییەكان و نیشتەجێكردن ناگرنەوە، كە حكومەت ئەمریكا پێشكەشی كۆچبەرانی دەكات.