دەست لەهێڵە سوورەكە دەدرێت؟
چارەنووسی مەسعود بارزانی لەكۆنگرەی پارتی

sharpress.net

13309 جار خوێندراوه‌ته‌وه

17/08/2019‌

شارپرێس:
هەرچەندە لەدنیای دیموكرات بەستنی كۆنگرە بۆ گۆڕانكارییە لەئۆرگانە باڵاكانی حیزبەكان، بەڵام لەكوردستان پێچەوانەی دنیا، كۆنگرە كەمترین گۆڕانكاری لەو ئۆرگانانە دروستدەكات، بەتایبەتی گۆڕانكاری لەپۆستی سەرۆك.

لەئێستادا هەر پێنج حیزبە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری دەكەن، بۆ ئەوەی لەكۆتایی ئەمساڵ، یان سەرەتای ساڵی داهاتوو كۆنگرە ببەستن، یەكێكیش لەو پۆستانەی دەبێت قسەی سەر بكرێت، پۆستی سەرۆكی حیزبەكانە، كە بۆ هەندێك حیزب دەستكاریكردنی ئەو پۆستە رەنگە هێڵی سووربێت.

پارتی دیموكرات وەك گەورەترین حیزبی هەرێمی كوردستان كۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو كۆنگرەی خۆی دەبەستێت ‌و یەكێكیش لەو پۆستانەی دەبێت لەكۆنگرە یەكلابكرێتەوە، پۆستی سەرۆكی پارتەكەیە، كە ئێستا لای مەسعود بارزانییە.

مەسعود بارزانی هێڵی سوورە
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات، لەساڵی 1979وە سەرۆكی پارتەكەیەتی، كە زۆربەی ئاماژەكان بۆ ئەوەن لەم كۆنگرەیەش لەپۆستەكەی بمێنێتەوە، چونكە بارزانی لەناو حیزبەكەی وەك "سەمانی ئەمان" سەیردەكرێت‌و بەدووركەوتنەوەی رەنگ نییە، ئەو ناوەندییەی ئێستا لەناو پارتی هەیە بمێنێتەوە.

پارتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی بەستنی كۆنگرەی چواردەیەمی، كە دەبوو ساڵی ٢٠١٥ ئەو كۆنگرەی ببەستێت، بەڵام وەك بەرپرسانی ئەو حیزبە باسیان كردووە، بەهۆی بارودۆخی كوردستان‌و شەڕی داعش نەیانتوانیوە كۆنگرە ببەستن، دابەشی سێ ئاراستە بووەو ئاراستەكانیش لەگەڵ مانەوەی مەسعود بارزانین.

ئێستا هێڵی جیاوازو ململانێكانی ئاراستەكانی ناو پارتی بەروونی دیارە، بەشێوەیەك ئاراستەی مەسرور بارزانی بەتوندی دژایەتی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەكات‌و ململانێكانیان رۆژ بەرۆژ توند دەبێت، هەرچی ئاراستەی سێیەمە، كە لەبەشێك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێكهاتوون نیگەرانن لەو دۆخەو نازانن چۆن خۆیان یەكلابكەنەوە.

هەرچەندە وا دەردەكەوێت، ململانێكانی مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی لەسەر دەسەڵاتی حكومڕانییە لەهەرێمی كوردستان، بەڵام راستییەكەی ئەوە ئەوەیە، كە ئەوان لەئێستاوە شەڕی پۆستی سەرۆكی پارتی دەكەن، ئەوەش زیاتر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ‌و سەركردایەتی نیگەران كردووە، كە رەنگە دوای دووركەوتنەوەی بارزانی لەپۆستی سەرۆكی پارتی، ململانێكان بەئاراستەی تردا بڕۆن.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦دامەزرا تائێستا ١٣كۆنگرەی بەستووەو لەساڵی ١٩٤٦بۆ ١٩٧٩مەلا مستەفا سەرۆكی حیزب بووەو لە ساڵی ١٩٧٩وە تائێستا مەسعود بارزانی سەرۆكە، كە لەسەرجەمی كۆنگرەكان ئەو سەرۆكانە بێ ركابەر هەڵبژێراون‌و ئەو پۆستە زۆر كێشەی لەسەر نەبووە.

دواین كۆنگرەی پارتی، كە كۆنگرەی سیانزە بوو، لە رۆژانی ١١تا ١٨ی١٢ی ٢٠١١ لەهەولێر ئەنجامدراو هەر لەكۆنگرە، كەسێك هەستایەوەو وتی: "پێشڕەوی كورد پارتییە، سەرۆكمان بارزانییە"، بەوەش بە چەپڵەرێزان‌و بەبێ دەنگدان مەسعود بارزانی بەسەرۆكی پارتی هەڵبژێرایەوەو دواتر ئەویش نێچیرڤان بارزانی بەجێگری دیاریكرد.

ئێستا زۆر نزیكەو ئەگەرێكی بەهێزە هەمان سیناریۆ لەكۆنگرەی چواردەی پارتی دووبارە بێتەوە، بەو پێیەی زۆربەی ئاراستەكانی پارتی لەگەڵ ئەوەن مەسعود بارزانی لەو پۆستە بمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی دەترسێت
نێچیرڤان بارزانی، كە پۆستی جێگری سەرۆكی پارتی هەیە، سەرۆكایەتی ئاراستەیەكی بەهێزی ناو پارتی دەكات، ئەو ئێستا ترسێكی زۆری هەیە بەوەی مەسعود بارزانی خۆی كاندید نەكات بۆ پۆستی سەرۆكی پارتی، بەو پێیەی دڵنیایە لەدوای بارزانی پۆستی سەرۆكی پارتی بۆ ركابەرەكەی مەسرور بارزانی دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی ترسی ئەوەشی هەیە، بەهاتنە سەر دەسەڵاتی مەسرور بارزانی ئیتر كۆتایی بەدەسەڵات‌و هەژموونی لەناو پارتی بێت، بۆیە خواستی مانەوەی مەسعود بارزانی هەیەو پشتگیری مانەوەشی بۆ خولێكی نوێی سەرۆكایەتی دەكات.

خواستی مانەوەی نێچیرڤان بارزانی بۆ مانەوەی بارزانی مامی لەدەسەڵاتی پارتی لەكاتێكدایە، مەسعود بارزانی ئامادەكاری دەكات، بۆ ئەوەی دەسەتبەرداری پۆستەكەی ببێت‌و چ لەناو پارتی، چ لەهەرێمی كوردستان وەك مەرجەعێك سەیر بكرێت، نەك تەنیا وەك سەرۆك حیزبێك.

مەسرور بارزانی پاڵپشتی زیاتری دەوێت
هەرچەندە ئەوە بەروونی دیارە مەسرور بارزانی خواستێكی زۆری هەیە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی پارتی‌و جێگرتنەوەی مەسعود بارزانی باوكی، بەڵام هێشتا پێویستی بە پاڵپشتییەكی زۆرتر هەیە، تا ئەوەی لەكاتی وەرگرتنی دەسەڵات بتوانێت رووبەڕووی ركابەرە بەهێزەكەی‌و كێشەكان بە باشی ببێتەوە.

مەسرور بارزانی ئێستا دەیەوێت وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت ئەو پاڵپشتە بەهێزەی دەیەوێت بۆ خۆی دروستی بكات، هەروەها لەو رێگەیەشەوە ئەوە پیشانی پارتییەكان‌و تەنانەت خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بدات، كە دەتوانێت لەدەسەڵات گۆڕانكاری بكات.

مەسرور بارزان بۆ ئەمە نایەوێت مەسعود بارزانی لەم كۆنگرەیە دەستبەرداری پۆستەكەی بێت، تا چوار ساڵی دەسەڵاتداری لەهەرێم تێدەپەڕێنێت‌و دواتر كار بۆ ئەوە بكات سەرۆكایەتی پارتی وەربگرێت.

ئاراستەی سێیەم نیگەرانە
هەرچی ئاراستەی سێیەمی ناو پارتی دیموكراتە، كە لەچەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پێكهاتوون، نیگەرانن لەو دۆخ‌و ململانێی بەم دوایانە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی هەیە، بەڵام لەو نێوەندەش هیچ رۆڵێكیان نییە جگە لەتەماشاكردن نەبێت.

ئاراستەی سێیەمی پارتی ئێستا هیچ دەسەڵاتێكی نییە، تەنیا ئەوە نەبێت هەموو هەوڵەكانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی باوەڕ بە بارزانی بهێنن، دەستبەرداری ئەو بیرۆكەی بێت، كە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی پارتی هەڵنەبژێرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش نەبنە سووتووی ئەو ئاگرە رەنگە لەململانێی دوو ئامۆزاكە بكەوێتەوە.

هـ ـ ح






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved