لو فیگاردۆ بۆ ماكرۆن: پۆتین بە یەك لێدان دەتخاتە سەر زەوی

ڕاپۆرت

20/08/2019‌ 1522 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی فەرەنسا ئیمانوێل ماكرۆن هەوڵی ئەوە دەدات هەنگاوێكی زیرەكانە بنێت، ئەویش بە پێشوازی كردن لەهاوتا روسیەكەی ڤلادیمیر پۆتین لە فەرەنسا، پێش دەستپێكردنی لووتكەی كۆمەڵەی حەوت.

رۆژنامەی لۆ فیگاردۆ وای دەبینێت كورتەی ئەم هەنگاوە بریتییە لە گێرانەوەی روسیا بۆ سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، كە رۆڵی كەسێتی ماكرۆن بەهێز دەكات وەك یەكێك لە سیاسییە ئەوروپییە خاوەن هەژموونەكان.

رۆژنامەكە لەسەروتارەكەیدا هۆشداری داوەتە سەرۆكی فەرەنسا بەهۆی یاری شەترەنجەوە حەزی پۆتین و زیرەكییەكەی لە جۆدۆدا لە بیر نەكات، كاتێك هاوسەنگی پۆتین تێك بچێت ئەتوانێت بەیەك لێدان ركابەرەكەی بەزەویدا بدات.

رۆژنامەكە وای دەبینێت دوای قسەكردنێكی زۆر دەربارەی بەهاكانی لیبراڵییەت، كە لەلایەن پۆتینەوە گرنگی و رێزی لێناگیرێت، لە هەمان كاتدا سەرۆكی فەرەنسا سیاسەتی راستەقینە پیادە دەكات.

هەر لە وتارەكەدا هاتووە: تەختەی شەترەنجی نێودەوڵەتی لە ئەنجامی دەستێوەردانی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ و هەڵكشانی گرژییەكانی ئەمریكاو وڵاتی چین سەرەوژێرەوە بوو، لەبەر ئەوە لۆژیكییە ئەوروپا لە روسیا نزیك بێتەوە، بەمەرجێك نەكەوێتە ژێر فروفێڵی گەورەی كرملین ەوە.

رۆژنامەكە جەخت لەوە دەكاتەوە هەوڵەكانی پێشوو بۆ ئەم نزیكبوونەوەیە سەركەوتنی بەدەست نەهێنا لە ساڵی 2017، سەرۆكی روسیا پێزانینی بۆ رەخنەی هاوتا فەرەنسییەكەی لە ڤێرسای نەبوو، كە پرسیاری ئەوە دەكات، ئایا ماكرۆن ئەمجارە دەتوانێت سود لە دیداری ئێستای فۆرت بریگانسۆن، بارەگای هاوینەی سەرۆكی فەرەنسا وەربگرێت؟

رۆژنامەكە بڕوای وایە بانگهێشتی پۆتین بۆ فەرەنسا، پێش چەند رۆژێكی كەم لەلوتكەی كۆمەڵەی حەوت، هەوڵێكی بۆ جێبەجێكردنی هەنگاوێكی زیرەكانە و گەڕانەوەی روسیا بۆ ناو گەمەكە، دوای دوورخستنەوەی مۆسكۆ لەكۆمەڵەی هەشت لە ساڵی 2014.

رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە، كە راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنگیڵا مێركل لەئاوابوونی ژیانی سیاسیدایە، بەریتانیا سەرقاڵە بە كێشەی دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا، لەبەرئەوە پێدەچێ ماكرۆن یەكێك بێت لەو سەرۆكە ئەوروپییانەی زۆرترین هەژموونی هەبێت، لێرەوە، ماكرۆن هەوڵ دەدات پۆتین رازی بكات بەوەی هەڵسێت بە دەستپێشخەرییەكی ئاشتەوایی بەرانبەر ئۆكرانیا و بەشدار بێت لە چارەسەركردنی كێشەی ئێران و بەكارهێنانی هەژموونەكەی لەسەر سەركردایەتی سوریا بۆ ئەوەی رێگە لەراكردنی ئیسلامییە رادیكاڵییەكان بگرێت لەدوای هێرش كردن بۆسەر ئیدلب.

رۆژنامەكە بەدووری نازانێت لوتكەی پۆتین و ماكرۆن لەماوەیەكی كەمدا ئەنجامی بەرچاوی هەبێت و دەڵێت: بەبێ هەندێك لە دەستبەرداربوونی پۆتین بۆ ئۆكرانیا، هەوڵەكانی ماكرۆن رووبەرووی بەرگری وڵاتە ئەوروپییەكان دەبێتەوە.

سەرچاوە: LE FIGARO
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا