کاندیدی پارتی و یەکێتى بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک رەتکرایەوە

کوردستان

23/08/2019‌ 6969 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێککەوتنى نێوان مەکتەبى سیاسى یەکێتى و پارتى بۆ دانانى پارێزگارێکى کورد بۆ کەرکوک گرفتى تێدەکەوێت، بەو پێیەى بەشێک لە ئەندامانى کورد لە ئەنجومەنى پارێزگا، کاندید کردنى تەیب جەباریان ڕەتکردووەتەوە.

ئەو ئەندامانەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کە بە کاندیدەکەى مەکتەبى سیاسى پارتى و یەکێتى ڕازى نەبوون، ئەوانەن کە لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 ەوە بۆ کەرکوک نەگەڕاونەتەوە و لەهەولێرن، پاساوەکەشیان ئەوەبووە پرسیان پێنەکراوە.

کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە لیستى پارتى، بەدەنگى ئەمەریکاى رایگه‌یاندووه‌، "لە هەولێر لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکەى پارتى و یەکێتى دا کۆبووینەتەوە، تۆپەکەمان فڕێدایەوە ساحەى مەکتەبى سیاسى هەردوو حیزب."

وتیشى، "نابێت تەنها یەک کەس بۆ پۆستى پارێزگار کاندید بکرێت، دەبێت ژمارەى کاندیدەکان زیاتر بن، لاریمان نیە کاندیدەکان لەوانەشى تێدابن کەپێشتر تێبینیمان هەبووە لەسەریان، بۆ لە موسڵ 30 کەس خۆى کاندید بکات، بەڵام لەکەرکوک ئیلا دەبێت یەک کەس بێت؟."

بەشێک لە بەرپرسانى یەکێتى، پێیانوایە لە پرسى دانانى پارێزگاردا بۆ کەرکوک، پارتى دەستى دەستیان پێدەکات، دەیەوێت کەسێک بۆ پۆستى پارێزگار کاندیدبکرێت، کە خۆى دەیەوێت.

غازى کەرکوکى جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، دەڵێت، "پارتى دەیەوێت کەسێک بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک کاندید بکرێت کە خۆى دەیەوێت."

غازى کەرکوکى، وەکخۆى دەڵێت بۆ یەکەمجارە ئاشکرایدەکات، لەسەرووبەندى ریفراندۆم دا، پارتى ڕازى بووە بە لابردنى دکتۆر نەجمەدین کەریم لە پۆستى پارێزگار، بەو مەرجەى یەکێتى ریفراندۆم لەکەرکوک قەبوڵ بکات، وتى"ئێستاش پارتى بە ناراستەوخۆ پشتگیرى لە مانەوەى ڕاکان جبورى دەکات، ئەگینا بەیەک کۆبوونەوەى ئەنجومەن، دەتوانرێت پارێزگار دابنرێت."

جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، نیگەرانى خۆشى پیشاندا بەرامبەر لێدانى هەندێک لەبەرپرسانى پارتى و حیزبەکەى بەوەى کە عەرەب و تورکمان رێگرن لەبەردەم دانانى پارێزگاردا، وتى"ئەى بۆ پێشتر واقسەیان نەدەکرد، ئەڵبەت خەڵکى کەرکوکیان خەڵەتاند، نەخێر وانیە، تورکمانەکان بە قسەى تورکیا و عەرەبەکانیش بەقسەى سەرکردەکانى سونە دەکەن، هەردوولاشیان دۆستى پارتین و دەتوانرێت ڕازى بکرێن."

لەبەرامبەردا، ئەندامەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە لیستى پارتى، ڕەتیکردەوە حیزبەکەى دەستى دەستى بکات، وتى"تەیب جەبار بێ ئاگادارى ئێمە کاندید کراوە، دەبووایە لەو کۆبوونەوەیەى مەکتەبى سیاسى دا کە ناوبراو کاندید کرا، نوێنەرى ئێمەش بەشداربووایە."
ه.م