توركیا دەست بە پرۆسەیەكی سەربازی نوێی بۆ سەر ناوچەكانی هەرێم دەكات

کوردستان

24/08/2019‌ 1082 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توركیا رایگەیاند، پرۆسەیەكی سەربازی نوێی لەژێر ناوی "چڕنووك ٣"ی لە هەرێمی كوردستان دژی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە دەستپێكردووە .

وەزارەتی بەرگری توركیا لەبەیاننامەیەكدا راشیگەیاند، پرۆسەی سەربازی "چڕنووك ٣" لە ٢٣ی ئابەوە بەئامانجی دەستەبەركردنی ئاسایشی سنوور و وێرانكردنی حەشارگەی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەهەرێمی كوردستان  دەستیپێكردووە .

بەپێی بەیاننامەكە، پرۆسەكە بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی توركیا و بەرگرییە ئاسمانییەكانی سەر زەوی و تۆپخانەكانی سوپای توركیا دەبێت .

بەردەوام توركیا هێرشی ئاسمانی دەكاتە سەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە چیای قەندیل ، بەڵام لەم دوو هەڵمەتەی پێشووتر، كە ناوی لێنابوو چرنووكی یەك و دوو، جگە لە هێرشی ئاسمانی تێیدا هێرشی وشكانی و تۆپخانەشی تێدا بەكارهاتووە .

توركیا ئەوەشی راگەیاندووە، كە ئەو پرۆسە سەربازییانەی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بۆ بەئامانجگرتنی چەكدارانی پارتی كریكارانی كوردستان ، وەك وەڵامێكە بۆ ئەو هێرشانەی چەكدارانی ئەو پارتە دەیكەنە سەر هێزەكانی توركیا لەناو خاكی باكووری كوردستان ، بەڵام بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای توركیاوە بەردەوام خەڵكی مەدەنی و گوندنشینانی ناوچەكە دەبنە قوربانی .

لای خۆشییەوە حكوومەتی بەغدا بەردەوام داوا لەدەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دەكات رێز لە سەروەری خاكی عێراق بگرن و هێرشە ئاسمانی و پرۆسە سەربازییەكانیان لەناو خاكی عێراق بوەستێنن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی