سوپای ئەمریكا پلانی ئۆپەراسیۆنێكی سێ ڕۆژەی بۆ هێرشكردنەسەر ئێران ئامادە كردووە

جیهان

50 خولەک پێش ئێستا‌ 197 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"، ڕایگەیاندووە كە سوپای ئەمریكا بە ڕێنمایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، هەڵبژاردەكانی بۆ دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەكان دژی ئێران ئامادە كردووە، كە پشت بە هێرشێكی چڕی سێ ڕۆژە دەبەستن. بەڵام بەپێی بەرپرسانی ئەمریكایی، ترەمپ هێشتا لە بڕیاری دەستپێكردنەوەی جەنگدا دوودڵە.

بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەكە، بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بە سەركردایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، لە كۆبوونەوەیەكدا لە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، لە كامپ دەیڤید، پلانەكانیان تاوتوێ كردووە. ئەم پلانانە پەیوەندییان بە ئامانجگرتنی مووشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێرانەوە هەیە، هەروەك دامەزراوەكانی وزە، ناوەندەكانی فەرماندەیی و بارەگاكانی سوپای پاسدارانیش لە ئامانجە گریمانەییەكان دان.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە بەم زووانە سێ كەشتیی فڕۆكەهەڵگر دەگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گرووپی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری "تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت"، كە هەفتەی ڕابردوو سان دیێگۆی بەجێهێشتووە، پێش كۆتایی ئەم مانگە بە دوو كەشتیی فڕۆكەهەڵگری "جۆرج ئێچ دەبڵیو بوش" و "جۆرج واشنتۆن" دەگات. ئەمە یەكەم جارە لە ساڵی 2003ەوە سێ كەشتیی فڕۆكەهەڵگر لە ناوچەكە كۆدەبنەوە و ژمارەی سەربازانی دەریایی و مارینز لەسەر كەشتییەكان لە 20,000 كەس زیاتر دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، تیمی ئاسایشی نیشتمانیی و پێنتاگۆن لە چەند مانگی ڕابردوودا پێنج پێشنیاری ئۆپەراسیۆنی گەورەیان دژی ئێران یان حوسییەكان لە یەمەن پێشكەش كردووە، بەڵام ترەمپ هەموویانی ڕەت كردۆتەوە. ترەمپ پێنجشەممە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسی كە پێش هەڵبژاردنەكانی نیوەی خولیی ئەمریكا هێرش ناكاتە سەر ئێران و دوو وڵاتەكە "گفتوگۆی بەرهەمدار" دەكەن.
سەرەڕای ئەوە، سەركردە سەربازییەكانی ئەمریكا ئامادەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنە فراوانەكان دەست پێ بكەن، ئەگەر ترەمپ بڕیارەكەی بگۆڕێت. 

بەپێی ڕۆژنامەكە، ئێران بەهۆی باشتركردنی تاكتیكەكانی، بۆتە دوژمنێكی ئاڵۆزتر و بەرپەرچدانەوەی مووشەكەكانی پێویستی بە ژمارەیەكی زیاتر لە مووشەكی بەرپەرچدەرەوە هەیە، ئەمەش فشار دەخاتە سەر كۆگای چەك و تەقەمەنیی ئەمریكا.

هەروەها، ئێران بە یارمەتی وێنەكانی مانگی دەستكردی كۆمپانیا چینییەكان، توانای زیاتر بۆ ئامانجگرتنی بنكە ئەمریكاییەكانی بەدەستهێناوە. بەرپرسانی ئەمریكایی نیگەرانن لە بەكارهێنانی زۆری چەكە بەرگرییەكان و توانای بەردەوامی ئەمریكا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكان؛ بەڵام فەرماندەكان دەڵێن كۆگای پێویستیان هەیە و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكاش چەكی لە ئەوروپا و ئاسیاوە گواستۆتەوە.

لە كۆتاییدا، "نیویۆرك تایمز" جەختی كردۆتەوە كە هێشتا دڵنیایی نییە ترەمپ، تەنانەت دوای هەڵبژاردنەكانیش، ڕێگە بە هێرشێكی نوێ بدات.

ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی