ئەمریكا لەموساد توڕەیە.. ئەنجامدانی كردەیەكی سەبازی شكستخواردوو

مەلەفی تایبەت

29/08/2019‌ 5142 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند سەرچاوەیەكی سیاسی لە تەلئەبیب ئەوەیان ئاشكراكرد، كە سوپای ئەمریكا لەدەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (موساد) توڕەیە، ئەمەش بە هۆی ئەنجامدانی كردەیەكی شكستخواردووەوە، كە دەزگاكە لە یەكێك لە دەوڵەتە عەرەبییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامیداوە و زیانیشی بە بەرژەوەندی هەردوولا گەیاندووە. 

سەرچاوەكان لە سەر زاری گەورە بەرپرسێكی سوپای ئیسرائیلەوە گواستیانەوە، كە شكستەكەی موساد هۆكارەكەی هەماهەنگینەكردن بووە لەگەڵ سوپای ئەمریكادا لەو دەوڵەتەی كردە هەواڵگرییەكەی تێدا ئەنجامدراوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێك، كە "ئەمیر ئاڕۆن" لە پێگەی  هەواڵی "واللا"ی ئەلەكترۆنی تەلئەبیب بڵاویكردووەتەوە، سوپای ئیسرائیلی مەترسی هەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سوپای ئەمریكا و پنتاگۆن پاشەكشە پێبكات. 

هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە، نیشانەكانی ئەو پاشەكشەیە لەم دواییانەدا دەركەوتوون، كاریگەریشی خستووەتەسەر پەیوەندییەكانی نێوان فەرماندەیی سوپای ئیسرائیل و "یوسی كۆهین" ی سەرۆكی "موساد"ەوە، بەرپرسێكی سوپاش موسادی بەوە تۆمەتبار كردووە كەموكورتی هەیە لەئاستی كار و ئەنجامدانی ئەركەكانیدا، ئەمەش كاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر پەیوەندییەكانی ئیسرائیل لەگەڵ دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی ئەمریكا لە واشنتۆن و ناوچەكەش‌.

ئارۆن راشیگەیاند، كیبڕكێییەك لە نێوان سوپای ئیسرائیل و دەزگای موساد هەیە لە جڵەوگیركردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییە ئەمریكییەكاندا، ئەم گرفتەی دوایش قوڕەكەی خەستتر كردووەتەوە. 

ناوبراو هەروەها رایگەیاندووە، پەیوەندییەكانی ڕۆژانەی سوپای ئیسرائیل لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە دەوڵەتە عەرەبییەكان و ئێران و ئەفغانستان دەگرێتەوە،‌ لە ڕێگەی هۆبەی پڕۆسە سەربازییەكان و پاشكۆی سەربازی ئیسرائیل لە واشنتۆنەوە بەڕێوەدەچێت. 

پەیوەندییەكانی موسادیش لەڕێگەی یوسی كۆهینی سەرۆكییەوەیەتی لەگەڵ نوێنەری دەزگای هەواڵگری مەركەزی ئەمریكا (سی ئای ئەی) لە تەلئەبیب، هەروەها لەڕێگەی سەرۆكی نێردەی موسادەوە لە باڵویزخانەی ئیسرائیلی لە واشنتۆن لەگەڵ نووسینگەی پەیوەستبوون بە ئیسڕائیلەوە لەبارەگای "سی ئای ئەی" ، جاری واش هەیە پەیوەندییەكە ڕاستەوخۆیە لە نێوان سەرۆكی موساد و سەرۆكی "سی ئای ئەی" دا

بۆیە دوور نییە تەقینەوەكانی سەربازگەكانی ئەم دواییەی عێراق دەستی سیخورەكانی ئیسرائیلی تێدا بووبێت، وەك ئارۆنیش رایگەیاندووە، كە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا زۆر هەستیارە سەبارەت بە ئەنجامدانی كردەوەی لەم جۆرە، پەیوەستە بە بەزاندنی سەروەری دەوڵەتانەو.

ئەو باسی لەوەش كردووە، كە پنتاگۆن لەو كردەوەیە توڕەیە و ڕەتیشیكردووەتەوە داوای لێبووردنی ئیسرائیل قبوڵ بكات.

بارگرژییەكی دیكەی واشنتۆن و تەلئەبیب بە هۆی  پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئێرانە، لە تەلئەبیب موساد جڵەوی مامەڵەكردنی لەگەڵ ئێران و میلیشیاكانی بەدەستەوەیە، سوپاش خاوەن سیاسەتێكی سەربەخۆیە. 

هەروەها سوپا لەم دۆخە نیگەرانە، بە تایبەتیش یوسی كۆهینی سەرۆكی موساد یەكێكە لە نزیكترین كەسەكانی نەتەنیاهۆ، وتراویشە نەتەنیاهۆ وتوویەتی كۆهین باشترین جێگرەوەیەتی لە حوكمرانی ئیسرائیلدا.

سەرچاوەكان دەشڵێن، نەتەنیاهۆ زۆر نیگەرانە لە نیشانەكانی نزیكبوونەوەی واشنتۆن لە ئێران و چاوپێكەتنە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان هەردوو سەرۆك،  لەوەش دەترسن واشنتۆن پەڕەیەكی تازە لەگەڵ ئێراندا هەڵداتەوە، ئەم نیگەرانییەی تەلئەبیب زیاتر بوو، كاتێك ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەڕەنسا ڕایگەیاند، كە لوتكەیەك لە نێوان ترامپ و حەسەن ڕۆحانی دەبەسترێت.

سەرچاوە: شەرقلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر 

بەپەلە