هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ شەڕ ئامادەن
كۆماری ئیسلامی ئێران بەدەستی كێ دەڕوخێت؟

کوردستان

01/09/2019‌ 3582 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕودی جیولیانی، پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ لە 13 ی مانگی 7 وتارێكی پێشەكەش بە گروپی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی ڕژێمی ئێران كرد، كە بە موجاهیدینی خەڵق ((MEK ناسراون، تێدایە ئاشكرایكردووە، 3400 كەسی چەك بەدەست، كە بە توندی پابەندن بەبنەماكانی ئۆپۆزسیۆن بوونەوە، ئامادەن بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران.

پارێزەرەكەی و نوسینگەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لەو بارەوە دەڵێن: ئەگەر ئێمە بە زوویی یارمەتی گروپی موجاهیدینی خەڵق بدەین، ئەوا ئەوان دەتوانن ببن بەجێگرەوەیەكی باش بۆ ڕژێمێكی سەركوتكەر".

هەروەها دەڵێن: گروپی ئۆپۆزسیۆنی ئێران گروپێكی تێگەشتوون و دەتوانن هەست بە بەرپرسیاریی بكەن و بە باشی حكومڕانی ئەو وڵاتە بەڕێوە ببەن.

موجاهیدینی خەڵق، كە بە (شەڕكەرانی میللەت)یش ناسراون، لە هەموو گروپەكانی تری ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ڕێكخراوتر و بەناویانگترن، چەند گروپێكی تری ناڕازی هەن، لەوانە گروپێكە بە سەركردایەتی كوڕەكەی ڕەزا شای سەرۆكی لابراوی ئێران بەڕێوەدەچێت، گروپێكە چاوەڕێیە لە ڕێگەی دەنگدانەوە سیستەمی وڵات بگۆڕێت و دەسەڵات دەستاودەست بكات، هەروەها چەند گروپێكی تری چەكدار هەن، هەم نەژادیی و هەم دینیی، كە وا دەردەكەون دژی ڕژێمی ئێران بن، بوونی حكومڕانییەكی فیدڕاڵی و بوونی چەند هەرێمێكی سەربەخۆ بەباشتر دەزانن بۆ وڵاتەكەیان.

ساڵێك پێش ئێستا نووسینگەی ترامپ ئاماژەی بەوە كرد، كە موجاهیدینی خەڵق ناتوانێت ببێت بەجێگرەوە بۆ ئەم ڕژێمەی ئێستا لە ئێراندا هەیە، لەهەمانكاتدا چەند بەرپرسێكی گەورەی ئەمریكا گومانی ئەوەیان دەكرد، كە ترامپ سور نەبێت لەسەر گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی، بۆیە تەركیزیان خستە سەر ئابڵۆقە دانان بۆ ئەو ڕژێمە و ناویان نا (گۆڕانكاری كرداری) ‌و داوایان لە كۆماری ئیسلامی ئێران كرد دەستبەرداری چەكی ئەتۆمی و ساروخی بالیستی ببێت، هەروەها چیتر هاریكاری گروپە چەتەكانی سوریا و لوبنان و یەمەن و عێراق نەكات، چونكە ئەو گروپە دەسەڵات و فراوانخوازی ڕژێمی ئێران زیاتر دەكەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵام ڕژێمی ئێرانی داواكانی ئەمریكای ڕەت كردەوە.

بیركردنەوە لە گۆڕینی ڕژێمی ئێستای ئێران، ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەی دابەش كردووە بەسەر چەند لایەنێكدا، ئەم دابەش بوونەش زیاتر لە بەرژەوەندی ڕژێمەكەدایە، چەندەها جار پلانی ئەوە هەبووە یەك ئۆپۆزسیۆن هەبێت دژی ڕژێم، بەڵام بە هۆی جیاوازی مێژوو و بنەمای كاركردن و جیاوازی كەسایەتییەكان ئەم پلانە شكستی هێناوە.

گروپە ناڕازییەكانی ئێران بە چەندەها شێوازی جیاواز ناڕەزایی خۆیان لە حكومڕانی ئەو وڵاتە دەربڕیوە، بەڵام زۆربەی ناڕەزایەتییەكان لە پێناو گوزەرانی میللەت و نەبوونی پارەی پێویست بووە بۆ هاوڵاتییان، ڕژێمی ئێرانیش بە هەموو شێوەیەك ئەم خۆپیشاندانانەی سەركەوت كردووە لە ترسی ئەوەی نەك پەرە بستێنێت و ببێت بە شۆڕشێكی گەورە، عەبدێوڵا موهتەدی سەرۆكی حیزبی كۆمەڵە، كە حیزبێكی كوردی دژی ڕژێمی ئێرانە دەڵێت: "ڕژێمی ئێران خۆی دەزانێت، كە چەندێك شكست خواردووە".

هەروەها نووسینگەی ترامپ چەند جارێك داوای لە كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد بۆ گفتوگۆ و دانوسان، بەڵام ڕژێمی ئێران ڕەتیكردەوە و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو پێشهاتێكی شەڕ پیشاندا و فڕۆكەیەكی جەنگی ئەمریكی تێكشكاند، ئێستا ڕژێمی ئێران چاوەڕێی هەڵبژاردنی 2020 ی ئەمریكایە، بە ئومێدی ئەوەی دیموكراتییەكان حكومڕانی بگرنەوە دەست و بگەڕینەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015.

نهێنی موجاهیدینی خەڵق
موجاهیدینی خەڵق گروپێكی سەرەكی ئۆپۆزسیۆنە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران، گروپێكی عەلمانی و نا توندوتیژە و باوەڕی بە بنەماكانی دیموكراسی هەیە، بە شێوەیەكی بەرفراوان ناوبانگی هەیە و پشتگیری هەر دەنگێكی ناڕازیی ناو وڵاتی ئێران دەكات.

موجاهیدینی خەڵق لە ساڵی 1965 دژی حكونەتی ڕەزا شا دەمەزرا، كە لەلایەن ئەمریكاوە دەسەڵاتی گرتبۆیە دەست، گروپەكە بۆ شێوازی كاركردنی خۆیان چەند تێزێكی كاڕڵ ماركس و قورئانیان كردبوو بە بنەما، لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو یەكەم گروپ بوو، كە چەكیان دژی ڕژێمی شا و پشتیوانەكانی هەڵگرت، سێ سەرباز و سێ بەڵێندەری ئەمریكییان كوشت و چەندەها كۆمپانیای ئەمریكییان لە وڵاتەكەیان تەقاندەوە.

هەروەها موجاهیدینی خەڵق پشتگیری شۆڕشی خومەینی كرد لە دژی ڕەزا شا و پشتگیری كردنە دەرەوەی كونسوڵخانەی ئەمریكاشی كرد، بەڵام كاتێك خومەینی بارمتە ئەمریكییەكانی ئازاد كرد، موجاهیدینی خەڵق پشتگیری لە كۆماری ئیسلامی كشاندەوە. 

پاشان لە ساڵی 1981 شۆڕشێكی لە دژی كۆماری ئیسلامی ئەنجامدا، بەڵام شكستی هێنا، ئەمەش وای كرد گروپەكە لە لوتكەوە بكەوێت، سەرانی گروپەكە مەسعود رەجەوی و هاوسەرەكەی مەرییەم ڕەجەوی لە ترسی ئەوەی زیندانی نەكرێن بەرەو پاریس هەڵهاتن.

جەنگی ئێران و عێراق، هەلێكی تری بە موجاهیدینی خەڵق بەخشی بەوەی، كە نزیكەی 7000 سەربازی بۆ عێراق نارد تا لە ژێر دەستی سەدام حوسێندا ڕاهێنان بكەن، بەڵام لە شەڕەكەدا 3000 سەربازی لە دەستدا و هەزار كەسی بە دیلی گیرا و لە سێدارە دران.

لە پاش ئەوەی لە ساڵی 2003 كاتێك لەسەر دەستی ئەمریكا حكومەتی عێراق و ڕژێمەكەی سەدام ڕووخا لە ژێر سەرپەرشتی ئەمریكادا گروپی موجاهیدینی خەڵق چەكیان لێ سەندرایەوە و بوون بەگروپێكی ئۆپۆزسیۆن و مەسعود ڕەجەوی ون بوو و هیچ كەس ئاییندەی نازانێت.

گروپی موجاهیدینی خەڵك قسەی زۆر زیاتر هەڵدەگرێت، ئایا كۆماری ئیسلامی ئێرانی دەڕوخێت، بە دەستی كێ دەڕوخێت ؟ كێ جیگرەوەی دەبێت؟ هەندێ لە شیكەرەوانی سیاسی دەڵێن: لەگەڵ رووخانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا بێگومان موجاهیدینی خەڵق جێگرەوەیەتی.

وەرگێڕان: رەنج رەسوڵ

بەپەلە