بەهۆی دەستلەكاركێشانەوە درز دەكەوێتە قەڵاكەی ئەردۆغانەوە

جیهان

01/09/2019‌ 2152 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێدەچێ پەتی پارتی دادوگەشەپێدانی فەرمانڕەوا لە توركیا بپچڕێت و دەنكەكانی بوەرێت، دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەركردە دیارەكانی ئەو حیزبە بەدوای یەكتریدا و راپۆرتەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەوانەی جیابوونەتەوە نزیكبوونەتەوە لە راگەیاندنی حیزبی نوێ.

لەم رۆژانەی دواییدا ناوی ئەو سەركردە دیارانە ئاشكرابوو، كە دەستیان لە كاركێشاوەتەوە لە پارتی دادو گەشەپێدان، لەوانە بەشیر ئاتالای، نیهاد ئەرقۆن و سەعدەدین ئەرقین.

ئاتالای بە یەكێك لە نزیكەكانی سەرۆكی دادوگەشەپێدان رەجەب تەیب ئەردۆغان دادەنرێت پێش ئەوەی جیاوازی لە دیدگایاندا دروست بێت لە رووی سیاسییەوەو دووری بخاتەوە لە بازنەی نزیكەكانی خۆی.

ئاتالای پۆستی جێگری ئەردۆغانی هەبوو، ئەوكاتەی كە سەرۆك وەزیران بوو، جگە لەوەش وەزیری ناوخۆ بووە لە ماوەی نێوان 2007 و 2011.

هەرچی سەعدەدینە، لە هەمان ئەو ماوەیەدا پۆستی وەزیری دادی هەبووە و نیهاد ئەرقۆنیش وەزارەتی پیشەسازی و تەكنەلۆجیای بەدەستەوە بووە لە ساڵی 2013.

عەلی باباجانیش، یەكێكە لە دیارترین دامەزرێنەرانی دادوگەشەپێدان و بە شێوەیەكی فەرمی پێش مانگی مایۆ دەستلەكاركێشانەوەكەی پێشكەش كرد و نزیكەكانی باسی ئەوەیان كردووە دەیەوێت حیزبێكی سیاسی نوێ ی ركابەری ئەردۆغان دروست بكات.

دەستلەكاركێشانەوە پێشبینی كراوەكان
نووسەرو توێژەری سیاسی تورك (ئیسلام ئوزكان) لەو بارەیەوە دەڵێت: ناكرێت ئەو دەستلەكاركێشانەوانە بە سەرسورمان تەماشا بكرێت، بەڵكو ماوەیەكی دورودرێژە پێشبینی كراو بوو، ماوەیەك بوو ئەوان كێشەیان لەگەڵ ئەردۆغان هەبوو، لەهەمان كاتدا ئەڵقەی دەروبەری سەرۆك ماوەی سێ ساڵ بوو بەرتەسك بوبوەوە.

ئوزكان دەشڵێت: دەستلەكاركێشانەوەكان هاوكات بوو لەگەڵ ئەو هەواڵانەی باسیان لەدروست كردنی حیزبێكی نوێ دەكرد لەلایەن عەلی باباجانەوە.

بەهەمان شێوە راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا ئەحمەد داود ئۆغلۆ لە هەنگاوەكانی كۆتاییدایە لە دروست كردنی حیزبێكی نوێ.

ئۆزكان ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە دەستلەكاركێشانەوەكان لێدانێكی كاریگەر بوو، كە ئاراستەی حیزبەكەی ئەردۆغان كرا، بەتایبەتی سەعدەدین ئەرغین، كە بە فەرمی رایگەیاند دەستی لەكاركێشاوەتەوە، هێمای بۆ ئەوەش كرد ئەوانەی لە حیزب نەماون دەچنە پاڵ حیزبەكانی داود ئۆغلۆ یان باباجان.

هەڕەشەی ئەردۆغان و حیزبەكەی
بەگوێرەی قسەی نووسەرە توركەكە، جیابوونەوەی سەركردە دیارەكان بابەتێكە مەترسی لەسەر ئەردۆغان و حیزبەكەی دروست دەكات، مەترسییەكەش بریتییە لەوەی ژمارەیەكی زۆری دەنگی دەنگدەران لە حیزبی فەرمانڕەوا كەمدەكاتەوە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

راپرسییەكانی ئەمساڵ دەری دەخات هەر حیزبێكی نوێ بەلای كەمەوە 15% ی كۆی دەنگی دەنگدەران بەدەست بهێنێت لە هەر هەڵبژاردنێكی ئایندەی توركیادا، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی ئەم دەنگانە لەلایەن بنكەی كلاسیكی حیزبی دادو گەشەپێدانەوە دەبێت.

ئەوەی بەڵگەیە لەسەر تۆڵەكردنەوەی كاریگەر بەهۆی ئەم دەستلەكاركێشانانەوە، ئەردۆغان ئەو جیابوونەوەی هاورێكانی بە ناپاكی وەسف كرد و هەر بە كرداریش هەنگاوی نا بەرەو نادیدەگرتن و كەمكردنەوەی كاری سیاسی ئەوان.

سەرچاوە: سكای نیوز عربیە
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا