ئیسرائیل بۆ شەڕكردن لەدژی لوبنان ‌و حیزبوڵڵا ئامادەیە

جیهان

03/09/2019‌ 822 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی كۆكردنەوەی سوپا لەلایەن ئیسرائیلەوە لەسەر سنوری لوبنان و رێگای وەڵامدانەوەی تاران لە بەئامانج گرتنی وەكیلەكانی.

بەپێی راپۆرتەكە، ئیسرائیل هێزی زیاتر لەسەر سنووری لوبنان كۆدەكاتەوەو ترسی لە هێرشی حیزبوڵڵا هەیە، دوێنی ئەمینداری گشتی ئەو حیزبە پەیمانی ئەوەیدا، كە دەوڵەتی یەهودی باجێكی گەورە دەدات بەهۆی ئەو پرۆسەیەی لەم دواییەدا لە دەوربەری بەیروت ئەنجامیدا، بەگوێرەی قسەی ئەو بەكارهێنانی فرۆكەی بێ فرۆكەوان لەلایەن ئیسرائیلەوە رێسای گەمەكان دەگۆڕێت.

لە هەفتەكانی دواییدا، ئەوە روونبووەوە ئیسرائیل ستراتیژییەتی خۆی دژی هێزەكانی سەر بە ئێرانی گۆڕیوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ نموونە دەسەڵاتدارانی عێراق سكاڵای ئەوەیان كرد تەقینەوەكانی نێو بارەگاكانی میلشیای حەشدی شەعبی لە لایەن فرۆكە بێ فرۆكەوانەكانی ئیسرائیلەوە ئەنجام دراون. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و سوریا زیادیان كرد، لە هەمان كاتدا دەكرێت سەركردایەتی ئیسرائیل پەنا بۆ رێوشوێنی خۆپاراستن بنێت، لەوانەش گرنگتر، ئیسرائیل لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنە پێشوەختە پەرلەمانیەكەی پاییزە، بابەتی ئاساییش بە بێ گومان رۆڵێكی گەورە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دەبینێ.

لەو بارەیەوە، سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئیسلامی لە پەیمانگەی گەشەپێدانی داهێنان‌و شارەزا لە ئەنجوومەنی روسیا بۆ كاروباری نێودەوڵەتی (كیریل سیمونوف) بە گۆڤارەكەی وتووە: دەكرێت وەڵامی ئێران بریتی بێت لە زیادكردنی هاوكاری سەربازی بۆ وەكیلەكانی لە لوبنان و سوریا، لەوانە پێدانی كۆسیستەمی رۆكێتی چەكی وەها، كە بتوانێ هێرش بۆ نێو قووڵایی ئیسرائیل ئەنجام بدات و بە درێژایی سنوور جێگیریان بكات. 

هەروەها وتیشی: لە هەمان كاتدا جێگای ئاماژەیە بەكارهێنانی هێز لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامێكی بەرچاوی نابێت، بەڵكو دەبێتە هۆی زیاد بوون و توندبوونی هێرشەكانی ئیسرائیل، لەگەڵ ئەوەشدا درەنگ، یان زوو دەكرێ هەموو شتێك رووبدات.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا

بەپەلە