بەغدا ترسی هەیە هەرێم پابەندی رێككەوتنی نەوتی نەبێت

عیراق

04/09/2019‌ 729 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
وەرگێڕان‌و ئامادەكردن: لوقمان حاجی قادر
 
پێگەی مەعلومە بڵاویكردەوە
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ئەوەی ئاشكراكرد، كە ئاراستەیەكی حكومی هەیە بەرەو لێكترازاندنی پەیوەستبوونی سەربازی عێراق بە ئەمریكاوە، ئەمەش لە ڕێگەی سەردانەكەی فالح فەیازی ڕاویژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بۆ ڕوسیا.

كەریم محەمەداوی ئەندامی لیژنەی ناوبراو، لەلێدوانێكدا ڕایگەیاند، سەردانەكەی فەیاز بۆ ڕوسیا سەرەتای لێكترازانی سەربازی عێراقە لەگەڵ واشنتۆن و پڕچەككردنی سوپاسی عێراقە بەچەكی ڕوسی.

ئەوەشی رایگەیاند، حكومەتی عێراق پلانی ئەوەی هەیە پاراستنی ئاسمانی وڵاتەكەی بە ڕوسیا بسپیرێت و لە بری واشنتۆنیش ڕوسیا بكاتە سەرچاوەی پڕچەككردنی خۆی.

محەمەداوی باسی لەوەش كرد، حكومەتی عێراق  بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق لە هەر دوژمنكاری و سنووربەزاندنێكی سوپای ئیسڕائیل، بەرەو كڕینی سیستەمی بەرگری موشەكی ئێس 400 هەنگاو دەنێت، ئەوەشی ڕوونكردەوە، سپاردنی پاراستنی ئاسمانی عێراق بەسوپای ڕوسیا كارێكی ڕاستە لە پێناو پاراستنی هێزە ئەمنییەكان و بە تایبەتیش حەشدی شەعبی لەهەر دەستدرێژییەكی دەرەكی.

پێگەی مەركەز بەیت ئەلعێراق  بڵاویكردەوە
عەلی عەبودی ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق دووپاتیكردەوە، كە دۆسییەی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایینەكراوەتەوە و یەكلایش ناكرێتەوە، ئەگەر ڕێككەوتنیش بكرێت هەرێمی كوردستان پێیەوە پابەند نابێت.

عەبدوی ئەوەشی وت: دۆسییەی ناوبراو لە هەرە دۆسییە ئاڵۆزەكانی نێوان هەردوولایە و پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا تووشی پشێوی دەكات.

ناوبراو وتیشی: هەرێمی كوردستان لە پشت ئەم دۆسییەوە پارەیەكی زۆری دەست دەكەوێت، نەك هەر لە ڕێگەی فرۆشتنییەوە، بەڵكو لە ڕێگەی بەقاچاخبرنی نەوت و فرۆشتنی بە لایەنی جۆراوجۆر، ئەم كارەش لە دەرەوەی یاسا و ڕێسا حكومییەكاندایە و لەژێر چاودێری دەزگا حكومییەكاندا نییە. 

عەبودی هەروەها وتی: چاودێری دارایی لە هەرێم و پەرلەمانی عێراقیش هیچ ڕۆڵێكی نییە، هەرێمیش دەوڵەتێكە لەناو دەوڵەتدا، ئەمەش گاڵتەجاڕییەكی پڕۆسەی سیاسییە.

بڕیارە بۆ پرسی چارەسەری دۆسییەی نەوت و پرسەكانی دیكەش، شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات، بەڵام وادەی سەردانەكە هێشتا دیارینەكراوە.

سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو بارەوە وتی: هۆكاری نادیاری وادەی سەردانەكەی شاندەكەی هەرێم تەكنیكییە نەك سیاسی.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویكردەوە
بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆژنامەوانی فەڕەنسی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا لەسەر پێگە ئەلەكترۆنییەكەی رایگەیاندووە، واشنتۆن سزای بەسەر سێ ئاژانسی ئاسمانی ئێرانی و سەنتەری توێینەوەی ئاسمانی و پەیمانگای لێكۆڵینەوەی كەشتیڕانی ئاسمانیدا سەپاندووە. 


پێشتر واشنتۆن تارانی لە هە‌ڵدانی موشەكە‌كان ئاگادار كردبووەوە، ئەمەش لە ترسی ئەوە تەكنەلۆجیای بەكارهاتووی ئێرانی لە مانگە دەستكردەكاندا بەكار بێت و پەرە بە توانستی موشەكە بالیستییەكانی ئێران بدات، كە لە هاویشتنی كڵاوەی جەنگی ئەتۆمیدا بەكاردێت، لای خۆشییەوە تاران ئەو تۆمەتانەی ئەمریكا ڕەتدەكاتەوە.

هەینی ڕابردوو ، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا پێگەی هەڵدانێكی شكستخواردووی مانگێكی دەستكردی ئێرانی بڵاوكردەوە، ئەمەش ترسی ئەوەی هێنایە ئاراوە، كە كردەكانی چاودێری ئەمریكای بۆ ئێران ئاشكرا كردبێت.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئاژانسەكانی هەواڵی ئێرانی لەسەر زاری محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاویانكردەوە، كە ئەگەر دەوڵەتە ئەوروپییەكان تا ڕۆژی 5 شەممە، چارەسەرێك بۆ دەربازكردنی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە لە هەرەسهێنان نەدۆزنەوە، ئەوا ئەوانیش پابەندی وابەستە ئەتۆمییەكانی خۆیان نابن. 

ڕێوشوێنی چڕوپڕ بۆ فشارخستنەسەر ئێران گیراونەبەر، كە لەهەڵوێستی پابەندنەبوونی بە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەوە پاشەكشە بكات، ئەمەش بۆ پێدانی هەلێك بە پێشدەستییەكەی ماكڕۆنی سەرۆك فەڕەنسا.

سەرچاوە دبلۆماسییە ڕۆژئاواییەكان دووپاتیانكردووەتەوە، كە پێشدەستییەكەی فەڕەنسا ئەوەیە هڵێكی دەستەبەر بە بەهای 15 ملیار دۆلاری ئەمریكی بۆ ئێران دابین بكرێت، لە بەرانبەریشدا تاران لە هەنگاوە هەڵكشاوەكانیدا پاشەكشە بكات، كە لە 8 ی مایۆ دەستی پێكردوون بە پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر لەو ڕێژەیەی لەڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە ساڵی 2015 ‌دا هاتووە كە 3.67%. 

حەسەن ڕۆحانی خەریكە بەو پێشدەستییە ڕازی دەبێت، بەڵام پاسەوانی شۆڕش شێلیرە لەوەی هەموو سزاكان هەڵگیرێن

بەگوێرەی پێشدەستییە فەڕەنسییەكە، لە قۆناغی یەكەمدا لەڕۆژی هەینی، ئێران پاشەكشە لە هەڕەشەكانی دەكات كە پیتاندنی یۆڕانیۆم بۆ 20% بەرز دەكاتەوە.ئەمەش دەرفەت و هەلێك بۆ پاریس دەڕەخسێنێت كە باوەڕ بە ئەمریكا بێنێت لەم قۆناغەدا دەستەبەری 5 ملیار دۆلار پێشكەشی ئێران بكرێت. لە قۆناغی دووەمیشدا 10 ملیار دۆلار پێشكەشی ئێران دەكرێت. لە قۆناغی سێیەمیشدا دانوستان لەگەڵ ئێران دەكرێت سەبارەت بە ڕۆڵە هەرێمییەكەی. 

بەپەلە