شارێكی ئیسپانیا باج بەسەر خاوەن سەگەكاندا دەسەپێنێت

جیهان

09/09/2019‌ 521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شارەوانی شاری زاموور لە باكووری رۆژئاوای ئیسپانیا بڕیاریدا ١٠ دۆلار باج بەسەر خاوەن سەگەكاندا بەسەپێنێت بەتایبەت دوای ئەوەی خەرجییەكی زۆر بۆ  پاككردنەوەی پاشەرۆی سەگەكان تەرخان دەكرا، كە ژمارەیان لە ژمارەی منداڵانی شارەكە زیاترە، بڕیارەكەش سەرەتای ساڵی داهاتوو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دییجۆ بیرناردۆ راوێژكاری بواری باج و خەراجی شارەكە دەڵێت: خاوەن سەگەكان دەبێت بە برێكی دیاریكراو بەشداری هەڵگرتنی خەرجییەكانی شارەكە بكەن، دەزانم خەڵك هەموو بەو باجە دڵخۆش نین تەنانەت ئەگەر كەمیش بێت.

هەروەها دەڵێت: ئەو باجە پەرچەكرداری توندی هاووڵاتیانی لێكەوتووەتەوە، هەندێك كەس بەهیچ جۆرێك لەگەڵیدا نین، لەكاتێكدا هەندێكیان خۆیان لەگەڵ رەوشەكە رادەهێنن و هەندێكیش رەزامەندن لەسەری، هەموو پەرچەكردارەكان نەرێنی نین.

پێشبینی دەكرێت ئەنجوومەنی شارەكە لەنێوان ساڵانە پەنجا هەزار یۆرۆ بۆ ٩٠ هەزار یۆرۆ لەو باجە كۆبكاتەوە، كە بەكاردەهێنرێت بۆ دروستكردنی ئەو رێگایانەی سەگەكانی پێدا دەڕۆن لەگەڵ خەرجییەكانی پاككردنەوەی پاشەڕۆی سەگەكان‌و دابەشكردنی كیس بۆ ئەو مەبەستە.

لەهەندێك شاری تری جیهان باجی هاوشێوە هەیە، كە گرانترینیان لە لاهایەو هەر سەگێك ساڵانە  ١٣٣ دۆلاری لێوەردەگیرێت، لەگەڵ هەر سەگێكی زیاتردا باجەكەش زیاتر دەبێت.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی