شاندێكی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق كۆده‌بنه‌وه‌

عیراق

14/09/2019‌ 611 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا ده‌ڵێت، رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌.

فارس عیسا، نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاندووه‌، "رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەبودجەی 2020ی عێراق دەگاتە بەغدا و سەردانی هەموو لایەنەكانیش دەكەن بە فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانیشەوە".

راشیگه‌یاند، "وەك نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نووسراوێك ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەین، بۆ ئەوەی بانگهێشتی لیژنەكانی نەوت و گاز و دارایی و یاسایی بكەین تا سەردانی كوردستان بكەن و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان كۆببنەوە".

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رونیشیکردەوە، لەو كۆبوونەوەیەی لە نێوان حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنەکانی كورددا بەڕێوە چوو، هەموو داتا و زانیارییان پێ درا بۆ ئەوەی بتوانن باشتر داكۆكی لە مافی كورد بكەن و بڕیارە لیژنەیەكی هاوبەشیش لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنەکانی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا دروست بكرێت بۆ ئەوەی هەماهەنگییەكی باش هەبێت.

پێشتریش جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو بەردەوامن و شاندیش بەردەوام سەردانی بەغدا دەكەن و گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەكەن.

ئەو پەرلەمانتارە رونیشیکردەوە، كە ئەوەی باشە لە راگەیاندنەكان باس ناكرێت، تاوەكو دەگەنە رێككەوتن، چونكە من پێم باش نییە هەموو شتێك لە راگەیاندن باس بكرێت.
ه.م