٥٩ رۆژە گەمارۆ لەسەر کەمپى مەخمور بەردەوامە

کوردستان

15/09/2019‌ 364 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گەمارۆی سەر کەمپى مەخمور بەردەوامەو هەدەپەش داواى لابردنى گەمارۆى سەر کەمپەکە دەکەن.

ماوەى ٥٩ رۆژە گەمارۆ لەسەر کەمپى مەخمور بەردەوامەو بەهۆى ئەو گەمارۆیەوە دۆخى هاوڵاتیانى کەمپەکە خراپەو تائێستا بەرپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان ئامادە نین گەمارۆ لەسەر کەمپەکە هەڵبگرن.

هەفتەى رابردوو شاندێکى هەدەپە بەسەرۆکایەتى سزا تەمەلى هاوسەرۆکى هەدەپە سەردانى هەرێمى کوردستانیان کرد، لەو سەردانەشدا داوایان لە سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت و مەسعود بارزانى کردوە کە گەمارۆ لەسەر کەمپەکە لابەرن.

لەوبارەیەوە مەزەیەن گونەش نوێنەرى هەدەپە لە هەرێمى کوردستان بە شارپرێسى راگەیاند" وەک شاندێکى پەرلەمانتارانى هەدەپە سەردانى کەمپى مەخموریان کردو دۆخى هاوڵاتیان زۆر خراپە، لە نزیکەوە بە چاوى خۆمان بینیمان ژیانێکى قورس بەسەر دەبن، ئێستا کاتى خوێندنە خوێندکاران ناتوانن بچنە هەولێر بۆ خوێندن و سەدان کەس کارو کاسبى لە هەولێرە ناتوانن بچن".

نوێنەرى هەدەپە لە هەرێم ئاشکراى کرد لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ مەسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم و مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت کردوە گەمارۆ لەسەر کەمپى مەخور لابرن و نیگەرانى خۆیان لەو گەمارۆیە گەیاندووەتە ئەوان.

سەبارەت بە هەڵوێستى بەرپرسانى هەرێم لەسەر ئەو گەمارۆیە، گونەش رونیکردەوە، ئەوان رایانگەیاندوە کە بەدواداچوونى بۆ دەکەن، بەڵام بەلێنێکى روونیان نەداوە بۆ لابردنى گەمارۆ.

لە دواى رووداوى تەقەکردنەکەى رێستۆرانتى هۆقە باز لە هەولێر کە دوو کارمەندى دەزگاى میت کوژران، گەمارۆ لەسەر کەمپى مەخمور دانراوە، لەکاتێکدا ئەو تۆمەتبارانەى دەستگیر کراون لەناو شارى هەولێر دەستگیرکراون و پەیوەندیان بە کەمپى مەخمورەوە نەبووە.

س.هـ