یاسایەكی ئەمریكی كۆتایی بەخراپ‌ بەكارهێنانی پۆلیسی ئەنتەرپوڵ لەلایەن توركیاوە دەهێنێت

sharpress.net

1204 جار خوێندراوه‌ته‌وه

16/09/2019‌

شارپرێس:
لەكێشمەكێشمە‌ سیاسییەكەی ئێستای ئەمریكادا، هەردوو پارتە ڕكابەرەكەی كۆنگرێس (دیموكراتەكان و كۆمارییەكان) پشتیوانی لەپڕۆژەیاسایەك دەكەن، كە ئامانجی سنوورداركردنی خراپ بەكارهێنانی پۆلیسی نێودەوڵەتی‌ (ئەنتەرپوڵ)ە لەلایەن حكومەتە ستەمكارەكانەوە، لەوانە توركیا.

"تیۆدۆر بۆرتموند"ی گەورە توێژەری دامەزراوەی كەلەپور، وا وەسفی پڕۆژەیاساكە دەكات، كە گرنگترین پڕۆژەیاسایەكی پەیوەست بە ئەنتەر‌پوڵەو پێشكەشی كۆنگرێس، یان پەرلەمانی وڵاتێكی دیموكراسی كرابێت.

دەستووری ڕێكخراوی پۆلیسی تاوانكاری نێودەوڵەتی، كە بە ئەنتەرپۆڵ ناسراوە، ئەوە قەدەغە دەكات "بڵاوكراوە سوورەكان"ی بۆ مەبەستی سیاسی و نەژادی و ئاینی  سەربازی بەكاربهێندرێن، بەڵام چەند دەوڵەتێكی ئەندام، بە تایبەتیش توركیا، بەخراپی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو ڕێكخراوەیان بەكارهێناوە لە تەنگەتاوكردن و دەستگیركردن و ڕادەستكردنەوەی بەرهەڵستكارە سیاسییەكانی تاراوگە.

لە هەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی ساڵی 2016 وە، حكومەتی توركیا هەزارەها بڵاوكراوەی سووری دەركردوون، داواشی لە دەوڵەتە ئەندامەكان كردووە، كە ژمارەیان 194 دەوڵەتە، زۆر لەوانە دەستگیر بكەن، لە ترسی هەڵمەتی ڕاوەدوونانی حكومەتی توركیا هەڵاتوون، ئەو بڵاوكراوە سوورانەش بوونە هۆی دەستگیركردنی گومانلێكراوان، یان هەڵوەشاندنەوەی ڤیزاكانیان، یان داخستنی هەژماری بانقییان.

لیژنەی ئاسایش و هاریكاری ئەوروپا، كە بە لیژنەی هلسنكی ئەمریكی ناسراوە، دانیشتنێكی گوێگرتنی سەبارەت بەسەركوتككردنی بێ سنووری سازدا، تێیدا تیشكی خستەسەر خراپ بەكارهێنانی ئەنتەرپوڵ.

لیژنەكە ئاژانسێكە لەئەندامانی هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی دوو حیزبەكە و چەند بەرپرسێكی دیكەی كۆشكی سپی پێكدێت، كارەكەی سێرەگرتن (رصد) و هاندانی ملكەچییە بۆ وابەستەبوونەكانی ئەمریكا وەك دەوڵەتێكی ئەندامی ڕێكخراوی ئاسایش و هاریكاری ئەوروپا، كە پشكداری دەكات لە داڕشتنی سیاسەتەكانی تایبەت بە پرسە پەیوەندیدارەكان، بەپرسی سەركوتكردنی بێ سنووریشەوە.

ئەندامانی كۆنگرێسی ئەندامی لیژنەكە دەتوانن یاساكارییەك (تشریع) پێشكەش بكەن، وەك پڕۆژەیاسای خراپ بەكارهێنانی ئەنتەرپۆڵ. یاساكارییەكە گرنگی خۆی لەوەدا چڕدەكاتەوە، كە چۆن ئەمریكا دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو خراپە بەكارهێنانە ببێتەوە.

"نیت شینكان"ی بەڕێوەبەری توێژینەوە تایبەتەكانی ڕێكخراوی "فریدەم هاوس"، كە لە دانیشتنەكەدا گەواهی دەدات، وتی: گرنگە لیژنەی هلسنكی ئەو دانیشتنە ساز بكات، نەك هەر تایبەت بە خراپ بەكارهێنانی ئەنتەرپۆڵ، بەڵكو  سەبارەت بە سەركوتككردنی بێ سنوریش. 

پاشەكشەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئەنتەرپوڵ لە لایەن ستەمكارانەوە ڕێگەیان لێ ناگرێت بەردەوامبن لە خراپ گرتنەبەری ڕێباز و شێوازی دیكە لە سەركوتكردنی بێسنور، چونكە هەمیشە كۆششەكانی توركیا بۆ دەركردنی بڵاوكراوە سوورەكان بە پاڵنەری سیاسی سەركەوتوو نەبوون. دەشوترێت ئەنتەرپۆڵ لە دوای هەڵگەڕانەوە سەربازییە شكستخواردووەكەی‌ توركیا لە ساڵی 2016، ڕێگەی لە توركیا گرتووە 60 هەزار بڵاوكراوەی سور دەربكات. 

شنیكان وتیشی: ئەوەی جێگەی سەرنجە،  لەم چەند ساڵانەی دوایدا ئەوەیە كاتێك توركیا لە كاریكدا سەركەووتوو نابێت، پەنا بۆ ئەنجامدانی كارێكی دیكە دەبەن.

لەم دوایانەش توركیا پێویستی بەئەنتەرپۆڵ نەبوو بۆ دەستەبەركردنی گەرەنتی ڕادەستكردنەوەی داواكارانی پەنابەری تۆماركراو لای نەتەوە یەكگرتووەكان، كە "عارف كۆمێتش" و خێزانەی بوون لەوڵاتی مالیزیا.

برۆمند هەروەها وتی: لەوانەیە توركیا لە هەموو دەوڵەتانی دیكە زیاتر ئەنتەرپۆڵی بەخراپی بەكارهێنابێت، بەڵام بۆ كۆنگرێسی ئەمریكا زیاتر دڵەڕاوكێیەكە خراپ بەكارهێنانی ئەنتەرپۆڵە لە لایەن ڕوسیاوە.

وتیشی: ئەم پرسە ئایدیۆلۆجی نییە، بۆیە بە ئاسانی پشتیوانی دوو پارتە گەورەكەی ئەمریكا دەستەبەر دەكات، ئەندامانی كۆنگرێس بە پلەی یەكەم گرنگی بەوە ڕۆڵە‌ دەدەن، كە بڵاوكراوە سورەكان دەیگێڕن لە پێشێلكردنی یاسای ئەمریكی.  

ڕێنمایی وەزارەتی دادی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەدات، كە ناكرێت بڵاوكراوە سوورەكان تاكە بنەمابن بۆ دەستگیركردن، بەڵام بەزۆری وایە، كە وەك تاكە بنەما بەكاردێن.

ئەمەیە، كە یاساكارییە ئەمریكییەكان گەرەكیانە چارەسەری بكەن، ساندرا غرۆسمان پارێزەرێكی بواری كاروباری كۆچبەرانە و هاوبەشێكی جروسمان یۆنگ هامۆندە، ئومێدی وایە ئەو یاسا ئەمریكییە پشكداری بكات لەدیاریكردنی سەرچاوەكانی خراپ بەكارهێنانی ئەنتەرپۆڵ و لە ئەمریكاش كۆتایی پی بهێندرێت.

شیمانەی ئەوەش هەیە ئەو یاسایە گرفتە ناوخۆییەكانی ئەنتەرپۆڵی ناوخۆیی ئەمریكا چارەسەر بكات، بەڵام سنوورێكیش هەیە بۆ كاریگەری سیاسەتی ئەمریكا بەسەر ڕێكخراوی ئەنتەرپۆڵەوە.

یۆری نیمیتس، كە ئەندامی ئینتدابكراوی "نووسینگەی نیمتس" ە بۆ كاروباری پارێزەری و نووسەری تیانووسی "پێڕاگەیەنراوەكانی خراپەبەكارهێنانی بڵاوكراوە سورەكانه"‌ وتی: ئەنتەرپۆل ڕێسا تایبەتەكانی خۆی دادەڕێژێت، كە كۆمەڵەی گشتی ئەنتەرپۆڵ پەسەندی كردوون. ئەمریكا بە تەنیا ناتوانێت ئەنتەرپۆڵ ناچار بە گۆڕینی ڕێساكانی خۆی بكات.

نیمیتس باسی لەوەش كردووە، ناتوانرێت ڕێكخراوێك ناچار بكرێت، كە چاكسازی پێویست ئەنجام بدات، بەڵام دەكرێت لە ڕێگەی كۆمەڵەی گشتی ڕێكخراوەكەوە باوەڕ بە ئەندامەكانی بهێندرێت كە دەنگ لەسەر چاكسازییەكان بدەن.

ئەمریكا دەتوانێت هەژموونی خۆی لەناو ڕێكخراوی ئەنتەرپول بخاتەگەڕ ، ئەمەش لە پێناو بێگرێوگۆڵی (شەفافیەت) ی زیاتر لە پارەداركردنی ڕێكخراوەكە و بڵاوكردنەوەی داتاكانی پەیوەست بە ژمارەی سكاڵا پێشكەشكراوەكان سەبارەت بە پێشێلكاری ڕێساكانی ئەنتەرپۆڵ كە لە دژی هەر دەوڵەتێك تۆمار دەكرێن.

بە سیاسەتكردنی كاری رێكخراوەیی ئەنتەرپۆل لە لایەن دەوڵەتانی ستەمكارەوە، پێكۆڵێكی (ئاڵێنگارییەكی) گەروەری بەردەم ڕێكخراوەكەیە كە كارەكەی ئاڵۆز دەكات لەوەی بگاتە ئامانجە ڕەواكەی كە پاراستنی یاساییە لە پێشێلكاری.

بڕۆمند وتیشی: ئەمریكا و ئەنتەرپۆڵیش ناتوانن هیچ كارێك بكەن لە بەرگرتن لە دەوڵەتانی دیكە لەوەی ڕێكخراوی ئەنتەرپۆڵ بە مەبەستی سیاسی بەكارنەهێنن، ئەوەی ئەمریكاش پێی دەكرێت هەر ئەوەیە ڕێكخراوەكە هانبدات بۆ گەڕانەوە سەر ڕێچكە سروشتییەكەی خۆی كە بەدوورە لە ئامانجی سیاسی. 

سەرباری ئەوەی سەركردایەتی ئەمریكا لەوەی پەیوەستە بە چاكسازیكردن لە ئەنتەرپۆل،  ناتوانێت ڕێگری لە سەركوتكردنی بێسنور بكات، بەڵام دەتوانی ڕاستی ئەوە بگۆڕێت كە كاری ئێستای ئەنتەرپۆل هێشتا گرێوگۆڵاوییە (غیر شفاف) ، ئەمەش خراپە بەكارهێنانی لێدەكەوێتەوە.

نیمیتس ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە زۆربەی خەڵكی لە پەنابەر و داواكارە پەنابەرە دەستگیركراوەكان، تاوەكو دەستگیرنەكرێن، نازانن ناویان لە داتاكاندا تۆمار كراوە...  ئەمەش‌ بە هۆی بڵاوكراوە سورەكان یان كردەكانی بڵاوكردنەوەی ناوەكانەوەیە. كەواتە ئەو سیاسەتەی ڕیكخراوەكە درەنگوەخت دەكەوێت.

لەوانەیە هەر یاسایەكی ئەمریكی بەهێز، هەنگاوێكی سەرەتایی یەكلاییكەرەوە بێت بۆ جڵەوگیركردنی خراپ بەكارهێنانی ئەنتەرپۆڵ لە لایەن ستەمكارانەوە كە  سیاسییە چەوساوەكانی تاراوگە بەئامانجدەگرن.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر






ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved