سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بۆ رێگرییە لەلێپرسینەوەی وەزیری دارایی

عیراق

17/09/2019‌ 1015 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بۆ گوشاركردنە لەحكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بۆ رێگریكردن لەلێپرسینەوەی فوئاد حوسێن وەزیری دارایی و باسكردن لەكێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا .

حەنین قەدۆ ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجوومەنی نوێنەران لەلێدوانێكدا دەڵێت: ئەنجوومەنی نوێنەران هێشتا خشتەی لێپرسینەوەی وەزیرە كەمتەرخەمەكانی دیاری نەكردووە. 

هەروەها دەڵێت: لایەنە كوردییەكان بۆ ڕێگریكردن لەلێپرسینەوەی وەزیری دارایی دەستیان بەجوڵەكردووە، لەبەر ئەوەی دەزانن بەهۆی پێشێلكردنی یاسا و یاریكردن بەبڕگەكانی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ لێپرسینەوەی دەیخاتە بەردەم ئەگەری لەسەركارلادانی.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا قەدۆ دەڵێت: شاندی كوردی رۆژی سێشەممە دەگەنە بەغدای پایتەخت بۆ گوشاركردن لەحكومەتی بەغدا و ئەنجوومەنی نوێنەران تا رێگری بكەن لەلێپرسینەوەی فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی و گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەهەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا و دۆسییەی نەوت.

لای خۆیشییەوە میساق ئیبراهیم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح جەختیكردەوە، كە ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەیە هەفتەی داهاتوو لێپرسینەوە لەچوار لە وەزیرەكانی حكومەتی عەبدولمەهدی بكات، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە گوشارێك لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە هەیە بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەوەزیری دارایی نەكرێت .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا

بەپەلە