شارپرێس:
ئەمڕۆ دووشەممە بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەی هەماهەنگی نێوان پەرلەمان وحکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی وئیمتیازاتەکانی دیکە کۆبووەوە.
بەپێى راگەیەنراوێکى ئەنجومەنى وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی پێویست دەربارەی یاسای چاکسازی کرا و چەخت لە سەر گرنگی ئامادەکردنی یاساکە و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان کرایەوە.
مەسرور بارزانی رایگەیاندوە، بە گرنگی ئەنجامدانی چاکسازی کرد کە تەوەرێکی گرنگی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە .
لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتی” خواست و ئیرادەمان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی زۆر بەهێزە و بە هاوکاری پەرلەمانی کوردستان ئەنجامی دەدەین ئامانجی چاکسازییش بەدیهێنانی دادپەروەی و بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانە و پرۆسەی چاکسازیش دەبێ لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت “.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە گفتوگۆی زیاتر دەربارەی پڕۆژە یاساکە بکرێت و کۆبوونەوەکان لەمبارەیەوە بەردەوام دەبن تا گەڵاڵەکردنی رەشنووسی کۆتایی و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان.
هەروەها ئەوەشخرایەروو کە پرۆسەی چاکسازی بە جۆرێک دەبێت کە دادەپەوەری لە بەرچاو دەگیرێت و مووچەخۆری شایستە ، ماف و شایستە داراییەکانی بە پێی یاسا و رێنماییەکان پارێزراو دەبێت.