دڵنیاییەك لەترامپەوە.. پنتاگۆنیش پەیامی یەكلاكرەوە دەداتە شەرڤانان

کوردستان

09/10/2019‌ 24922 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا جەختی كردەوە، كە واشنتۆن دەستبەرداری كوردەكانی سوریا نابێت، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ لێدوانی بەرپرسێكی پنتاگۆن، كە پەیامی دڵنیایی بۆ شەڕڤانانی كورد تێدا بوو.

تویتەكەی ترامپ دوای راگەیاندنی ئەمریكا دێت بەوەی دەستیان كردووە بە دووبارە بڵاوكردنەوەی هێزەكانیان لە ناوچە سنورییەكانی توركیا لەگەڵ باكووری سوریا، ئەوەش لەگەرمەی هەڕەشەكانی توركیا بەوەی دەست دەكەن بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات.

هاوكات بەرپرسێكی باڵای پنتاگۆن بە تەلەفزیۆنی "حوڕرە"ی ئەمەریكی راگەیاندووە، هێزە ئەمەریكییەكانی ناو هاوپەیمانی دژی داعش لە سوریا و عێراق پابەندن بەوەی پشتیوانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل بكەن .

ئەو بەپرسەی پنتاگۆن راشیگەیاندووە، ئەوە كارێكی ستراتیژییە بۆ سەقامگیری ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سوریا و دڵنیابوون لەوەی ناوچە كوردییەكان، كە قوربانییەكی زۆریان لە شەری دژی تیرۆر داوە هێرشیان نەكرێتە سەر .

سەبارەت بە ئەگەری هاتنەناوی سوپای توركیا بۆ شارەكانی گرێ سپی و قامیشلۆ عەین عیسا و شارەكانی تری رۆژئاوای كوردستان، ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە رایگەیاندووە، كە پەیامەكەی ترامپ گەیشتووەتە توركەكان و لە ناوەرۆكەكەی تێگەیشتوون.

هەنگاوە كتوپرەكەی ترامپ بۆ پاشەكشەكردن لە ناوچە سنوورییەكانی توركیا و كردنەوەی دەرگا بەرووی سوپای توركیا بۆئەوەی هێرش بكاتە سەر ناوچە كوردییەكان لەلایەن هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتەكان رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر بۆوە و پێیان وابوو ئەوە وەك ناپاكی كردن وایە لەگەڵ كورد كە هاوپەیمانی واشنتۆن بوو لە جەنگی دژی تیرۆر .

بەڵام دواتر ترامپ لەو هەنگاوەی پەشیمان بۆوە و رۆژی دووشەممە لە تویتێكدا هەڕەشەی لە توركیا كرد و وتی: ئەگەر توركیا ئەو سنورەی بۆمان دیاریكردووە ببەزێنیت ئەوە ئابورییەكەی وێران دەكەین.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی