مەكگۆڕك: توركیا ئامادەنەبوو سنوور بەڕووی چەكدارانی داعش دابخات

کوردستان

20/10/2019‌ 1637 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
برێت مەكگۆڕك نێردەی پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، سەردەمانێك لەوڵاتانی جیهان خەڵكی پەیوەندییان دەكرد بەداعشەوە، توركیا ئامادەنەبوو سنووریان بەروودا دابخات.

برێت مەكگۆڕك لەمیانی لێدوانێكی راشیگەیاند، بەو هۆیەوە زیاتر لە 40 هەزار چەكدار لە 110 وڵاتی جیهانەوە و لەرێگەی توركیاوە چوونە سوریاو پەیوەندییان بەداعشەوە كرد.

نوێنەرەكەی پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی باسی لەوەش كرد، كە سەرەڕای ئەوەی توركیا سنووری بەڕووی چەكدارانی داعش بەبیانووی نەتوانین دانەخست، بەڵام كاتێك كوردەكان هاتنە سنوورەكە دیواری بەڕوودا هەڵچنین.

قسەكانی مەكگۆڕك لەكاتێكدایە، كە لەرۆژی نۆی ئەم مانگەوە سوپای توركیا دەستی بەئۆپەراسیۆن بۆ سەر ئەو ناوچانە كردووە، كە بەدەست شەرڤانانی كوردەوە، كە پێشتر ئەو ناوچانە بەدەست هێزەكانی داعشەوە بوو.

هـ ـ ح