"پاكتاوی نەژادی"و گەمارۆكان.. توركیا لەبەرانبەر كۆنگرێسی ئەمریكا لەكێشەدایە

کوردستان

22/10/2019‌ 2269 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ سەپاندنی سزا بەسەر توركیا بەهۆی دەستدرێژی ئەو وڵاتە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا، لای خۆیشییەوە ژنە سیاسەتمەدارێكی دیاری كورد داوای لەو دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا كرد "پاكتاوی نەژادی" دژ بە كورد لە سوریا رابگرێت.

سوپای توركیا لە 9ی ئەم مانگە دەستی بەئۆپەراسیۆنی سەر رۆژئاوای كوردستان كرد، كە ئۆپەراسیۆنەكە، كاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی لێكەوتەوەو كاردانەوەكانیش بەردەوامە.

لەو چوارچێوەیە، سیناتۆری دیموكراتەكان كریس ڤان هۆڵن لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: پێویستە ئەو قەسابخانەیە رابگرین، "پێویستمان بەوەیە دڵنیابین لەوەی وامان لەداعش نەكردووە جارێكی تر سەردەربێنێتەوە".

ئەو وتیشی: كار لەسەر كۆكردنەوەی واژوویەكی زیاتر دەكەن بۆ پشتگیریكردنی یاسای سەپاندنی سزای ئابووری توند بەسەر توركیا".

هاوكات ئیلهام ئەحمەد سیاسەتمەداری دیاری كورد و سەرۆكی لیژنەی جێبەجێكاری ئەنجوومەنی سوریای دیموكرات چووەتە پاڵ ئەو كۆنگرێسمانانەی داوا لە ترامپ دەكەن لەبڕیارەكەی پاشگەز ببێتەوە بۆ كێشانەوەی هێزەكانی لەرۆژئاوای كوردستان، چونكە ئەوە دەرفەتی بە ئەنقەرە بەخشی پەلامار و دەستدرێژی بكاتە سەر خاكی وڵاتێكی دیكە .

ئەحمەد لەو بارەوە وتی: توركەكان دەیانەوێت پەلامارمان بدەن، دەیانەوێت سەدان هەزار كەسمان لێبكوژن.

ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا پێیان وایە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان "ناپاكیكردن"ە لەكورد، كە هاوكاری ئەمەریكای كرد لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی داعش و لەوپێناوەشدا هەزاران شەڕڤانیان گیانیان بەخت كرد .

ئەم هەفتەیە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران كۆدەبنەوە، ڕێبەرانی هەردوو ئەنجووەنەكە پێشبینی دەكەن لەماوەی هەفتەكانی داهاتوودا دەنگ لەسەر یاسایەك لەدژی توركیا بدرێت .

ریچارد بلومنتاڵ سیناتۆری دیموكراتەكان دەڵێت: قسەكردن لەسەر كێڵگە نەوتییەكان، چاوپۆشینە لەو كارەساتە مرۆییەی ئێستا روودەدات.

هەروەها وتیشی: ئەو هەست بە شەرمەزاری دەكات بەرانبەر بە كوردەكان.

جگە لەوە كۆنگرێسمانەكان ترسی ئەوەیان هەیە ئەو پەلامارەی توركیا ببێتە هۆی راكردنی چەكدارانی داعش لەناو گرتووخانەكانی رۆژئاوای كوردستان .

ڤان هۆڵن و لیندسی گراهامی گەورە سیناتۆری كۆمارییەكان پێنجشەممەی رابردوو  رایانگەیاند، كە سزای زۆر توند بەسەر توركیادا دەسەپێنن، ئەوەشیان وت: سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی ٥ رۆژ بەڵام ئەوان لەهەنگاوەكانیان بەردەوام دەبن .

رۆژی دووشەممە گراهام وتی: لەهەموو لایەك زیاتر سەرزەنشتی توركیا دەكەم، داگیركارییەكەی توركیا مەترسی بۆ بەزاندنی داعش دروست كرد.

وتیشی: ئەو حەز دەكات ناوچەیەكی لەچەكداماڵراو لەنێوان توركیا و شەڕڤانانی كورد دروست بكرێت و لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بێت و هاوبەشی نێوان ئەمریكا لەگەڵ كوردانی سوریا هەر بەردەوام بێت و هەوڵ بدرێت بۆ پاراستنی بیرە نەوتەكانی سوریا لە باشوور، بەڵام وتی: دەبێت سەرەتا توركیا پاشەكشە بكات .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی