ژیانێكی ناشرین‌و بێمانا.. چرۆكی هێرشی توركیا لەزاری فۆتۆگرافەرێكەوە

کوردستان

23/10/2019‌ 2006 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەلیل سولەیمان، فۆتۆگرافەر لە باكووری سوریا نووسیویەتیك كاتێك كوڕەكەم لە دایك بوو، ناومان نا ئاڤان، ئەو ناوە بەواتای سەركەوتن‌و گەشەكردن دێت، ویستمان ئەو ناوە لەگەڵ بارودۆخی ژیانیدا یەك بگرێتەوە. پاش ئەوەی ساڵێك تێپەڕی، بیرمكردەوە مرۆڤ چۆن ناوێكی لەو جۆرە بۆ منداڵەكەی هەڵدەبژێرێت؟ لە وڵاتێكدا، كە هەمیشە تێكدەدرێت و وێران دەكرێت؟

ئەو ئەوەشی نووسیوە: من كوردێكی باكووری سوریام، چەندین ساڵە فۆتۆگرافەری ئەم ناوچەیەم، وێنەی جەنگ و ئازار و ڕووخانەكان دەگرم، دوای وێنەكان هەمیشە بە غەمگینی دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە، ئێمە حكومڕانییەكی خۆبەڕێوەبەریمان هەیە، پێكەوە لەگەڵ ئەمریكادا جەنگمان لەدژی داعش كرد، خەونمان بەوەوە دەبینی خاكمان بەئارامی بمێنێتەوە، ئەو خەونە بۆ كەسانێك، كە بێ خاكن و كەوتوونەتە جەنگەوە لەگەڵ زلهێزەكانی دەوروبەریان بۆ ماوەی چەندین ساڵ، خەونێكی بچووك نییە.

باسی لەوەش كردووە، كە سەردەمانێك وێنەی كچەكانی وڵاتەكەی گرتووە، كە دژی داعش دەجەنگان‌و نووسیویەتی: هەستم دەكرد دونیا كەمێك دادپەروەریی تێدایە، بەشێك لەو كچە لەلایەن داعشەوە ڕفێندران و دەستدرێژی كرایە سەریان، بەڵام من هەڵەبووم و پەلەم كرد، دوو هەفتە پێش ئێستا خاكمان سەر و ژێر بووەەوە، ناتوانم هەست بە بوونی هیچ دادپەروەرییەك بكەم لە دونیادا. دونیایەكی كەم و كورت و بێ مانایە، ئەم ڕۆژانەی دوایی ئەوەیان فێركردم، ئێمە لەدۆزەخداین و هیچ كەسێكیش بەلایەوە گرنگ نییە.

ئەو نموونەی هێناوەتەوە، كە كوردان، هەموویان تووشی شۆك بوون كاتێك دۆنأڵد ترامپ هێزەكانی لە خاكەكەیان كشاندەوەو دەڵێت: بۆمان دەركەوت ئەمریكا تەنیا هاوپەیمانی ئێمە نەبوو لە جەنگی داعش، بەڵكو پاڵپشتی توركیایە، كە چەندین ساڵە چەكدارەكانی كورد دەكوژێت و دەیەوێت لە باكووری سوریا هێزێكی توركی جێگیر بكات و شوێنێك بۆ شەڕڤانە كوردەكان نەهێڵێتەوە.

پاش بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، كوردەكان هیچ كاتیان بۆ بیركردنەوە نەما جگە لەوەی بەرگری بكەن لەپێناوی ئەوەی شارەكانیان بە ئاسانی نەكەوێت، ئەو فۆتۆگرافەرە لەو بارەوە نووسیوتی: بینیمان ئەمریكا بەڵێنەكانی نەبردە سەر، تەنانەت لەكاتی كشانەوەدا چەند شوێنێكی سەربازی خۆیشی تێك شكا، ئەمریكا ویستی بەم كشانەوەیە كورد لاواز ببێت و بە بێ بەرەنگاری تەسلیمی توركەكان ببن، بەڵام كوردەكان بە پێویستیان زانی بەرگری بكەن تا ئەم ناڕەحەتییانە كۆتایی دێت.

هەروەها دەڵێـ: نایانەوێت ئەو چارەنوسە شەرمهێنە ببینن كاتێك بەرانبەر هێزەكانی توركیا شكست دەهێنن، هەزاران ڕۆڵەمان لەشەڕی دژی تیرۆردا شەهید بوون، بەڵام ئەمریكا لە پێناو پارەدا ئێمەی تەسلیم بە هێزەكانی توركیا كردەوە، لەئێستادا جگە لە خۆمان باوەڕیان بە هیچ لایەنێكی تر نەماوە.

ئەوەش دەڵێت: ئێمە چەندین سەدەیە لێرە دەژین، دەزانین هێزە گەورەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەزەییان بەرانبەر نەتەوە بچووكەكان نییە، هێزی عەرەب چواردەور دەكات بە عەرەب، هێزی تورك چواردەور دەكات بە تورك و ئەوان دژیان بووەستنەوە، یان سەریان دەبڕن، یان دەیانكەن بە كۆیلە.

باسی لەوەش كردووە، پێشتر، كە فۆتۆگرافەری جەنگ بووم، بۆ پشودان دەگەڕامەوە بۆ ماڵ، بەڵام ئەمجارە جیاواز بوو، كاتێك گەڕامەوە بینیم خانووەكەم بە بۆردۆمان وێران كراوە، تێگەیشتم شتێك نییە بە ناوی ئاسایش، شتێك نییە بە ناوی پشودان، ترس تەنانەت لە ناو جێگەی نوستنیش وازمان لێ ناهێنێت.

هاوكات ئەوەشی نووسیوە: ڕۆژێك پێش ئەوەی خانووەكەم وێران بكرێت، وەكو هەموو ڕۆژەكانی تر بۆ پشودان گەڕامەوە بۆ ماڵ، منداڵەكەم بە گریانەوە هات بۆ پێشم، بیستبووی كە سەری كانی بۆدرۆمان دەكرێت، یەكەمجار بوو ئەو وشەیە بە چاوی خۆی ببینێت، لەسەر سنگم خەوی لێكەوت و فرمێسكەكانیم دەسڕی، بەهاوارەوە بێدار دەبووەوە و بە ترسەوە خەوی لێدەكەوتەوە، كە هیوام وایە ئەو بەختەوەر بێت، هیوادارم چارەنوس لەگەڵ ئەودا میهرەبانتر بێت چونكە بۆ ئێمە میهرەبان نەبوو، دڵنیام ڕۆژێك لەوە تێدەگات ژیان لەبەردەم هێرشەكانی توركیادا چەند ئەستەمە، توركیا خەونەكانمان لە ناو دەبات، گۆرانی غەمگین بۆ خەونی لە ناوچوو و چارەنوسی لەناوچوی خۆمان دەڵێین.

وەرگێڕان: رەنج رەسوڵ


بەپەلە