توركیا نابێتە هاوپەیمانێكی متمانەپێكراوی ئەمریكا

جیهان

06/11/2019‌ 1975 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری  National Interestبڵاویكردەوە، كە توركیا بە سەركردایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هاوپەیمانی ئەمریكا نییە و ناشكرێت متمانەی پی بكرێت. 

گۆڤارەكە چەندەها بەڵگەشی خستووەتەڕوو، كە ئەنقەرە پشتیوانی تیرۆرستان دەكات، دیاترینیان پاڵشتی زەبەلاحی توركیایە بۆ داعش، بەقاچاخبردنی چەك بۆ "بۆكۆ حەرام"، پشتیوانی قاعیدە لە مالی، یارمەتیدانی ئێران بۆ دەربازبوون لە سزا نێودەوڵەتییەكان.

گۆڤارەكە بە تێروتەسەلی لە ڕاپۆرتێكیدا باس لە لێدوانەكانی "جیمس جێفری" ی نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا دەكات لە بەردەم كۆنگرێسدا، سەبارەت بەگفتوگۆكردن لەسەر بڕیارەكەی دۆناڵد ترامپ بە دەستبەرداربوونی لە كوردەكانی سوریا، كە لە ئاكامدا تووشی ڕەخنەی توندی دیموكرات‌و كۆمارییەكان بووە،‌ بەوەی ئەنجامی كارەساتباری لێكەوتەوە بۆ كوردەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 كاتێكیش لە دیسەمبەری ڕابردوو جێفری قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان كرد وتی: هاریكاری ئەمریكا لەگەڵ كوردەكان تاكتیكی و كاتی بووە، بەڵام پەیوەندی دووقۆڵی توركیا و ئەمریكا گرنگ بووە.

جێفری ئەوەشی وت: دەمانەوێت لە هەموو ئەو بوارانەی پەیوەندی بەسوریاوە هەیە،‌ هاریكاری لەگەڵ ئەنقەرەدا بكەین، ئەمەش‌ ئەو لۆژیكەیە، كە هەوادارانی ترامپ لە سیاسەتی دەرەوەیاندا پیادەی دەكەن.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئەو بەهانە و پاساوە،‌ گرفتێكی سەرەكی هەیە، كە لەوانەیە توركیا ڕۆژێك لە ڕۆژان هاوپەیمان و هاوبەشێكی گرنگ بوو بێت، بەڵام ئەگەر جێفری و ترامپ و هەوادارانی، هێشتاش پێیان وابێت توركیا هاوپەیمانە، ئەوا ئەو هەڵوێستە بەڕەهایی هیچ واتایەكی نییە.

راپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە، كە توركیا دەڵێت لەبەرانبەر تیرۆر بەرگری لەخۆی دەكات، بەڵام ئەوەی توركەكان بە ئەمریكییەكانی دەڵێن شتێكە، ئەوەی بەتوندڕەوە هەرێمییەكانیشی دەڵێن شتێكی دیكەیە.

كاتێك هێزەكانی توركیا سنوریان بڕی و كردە داگیركارییە سەربازییەكەیان دژ بە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدا، ئەردۆغان لە تویتێكدا بە زمانی عەرەبی لە واڵی تایبەتی خۆییەوە نووسی: لاچاوی هەموو پاڵەوانانی سوپای محەمەد ماچ دەكەم، كە دەچنە سوریاوە، سلیمان سۆیلۆی وەزیری ناوخۆی توركیاش بۆ "سی ئێن ئێن تورك" وتی: مامەڵەیەك لەگەڵ داعشدا سازدەكرێت.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، هۆكاری سەرەكی هاوپەیمانی واشنتۆن لەگەڵ كوردەكانی سوریا، بە پلەی یەكەم بوونی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بوو، كە هەڵوێستی توركیا نەرێنی بووە لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، بگرە پاڵپشتی داعشیش بوو.

نامەكانی ویكیلیكس ئەوەیان دەرخستووە، كە "بیرات بەیرەق" ی زاواكەی ئەردۆغان، ئەو كات وەزیری وزە بوو، كۆششێكی زۆری كردووە بۆ بازرگانیكردن لەگەڵ داعش.

لەوەش زیاتر، بە دیاریكراویش لە شەڕی كۆبانی، توركیا پاڵپشتی چەكدارەككانی داعش بوو، بەمەبەستی سەركەوتن بەسەر كوردەكاندا، هێرشەكانی داعشیش لە لای سنووری توركیاوە دەكرانە سەر كۆبانی.

پاسپۆرت و ناسنامەكانی باری شارستانی چەكدارانی داعشیش دەریانخست، كە لە خاكی توركیاوە  و بە ئاشكرا هاتوونە ناو سوریاوە، هەر بە ڕاستیش داعش باڵویزێكی هەبوو لە توركیا، بۆ پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری توركیا، كە توركیا چەكدارەكانی پێشووی داعشیشی لە ناو ڕێزەكانی سوپاس سوریای ئازاد ڕێكخستۆتەوە.

توركیا فراوانخوازی دەكات
كردەوەكانی پێشووی توركیا لەسوریا، ترس و دڵەڕاوكێی ڕاستەقینەی دروستكردووە سەبارەت بە لێبڕاوی (جدیەتی) ئەنقەرە لەپابەندبوون بە سەلامەتی هەرێمی سوریای هاوسێیەوە، چونكە لە 20 یەنایەری 2018 ، هێزەكانی توركیا چوونە عەفرینەوە لە باكووری ڕۆژئاوای سوریا، گریمانەی ئەوە دەكرا بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە، بەڵام لەبری ئەوە، دەیەها هەزار كورد و مەسیحییان ناچار كرد هەڵبێن و ماڵ و حاڵی خۆیان جێبێڵن، ئەوانەی ماشنەوە ناچاركران ناسنامە سورییەكانیان بگۆڕن بە ناسنامەی توركی.

كوردەكانیش دەڵێن: ئەو ژنانەی سەرپۆشیان لەسەر نییە، ناتوانن ببنە خاوەن ناسنامەی بواری شارستانی.

توركیا لە میدیاكانەوە ئەو نەخشانەشی خستنەروو، كە تایبەت بوون بە "باكوری سوریا و بەشێك لە عێراق و یۆنان و بولغاریا و ئەرمینیا" بەوەی بەشێكین لە توركیا، هەروەها توركیا لە شاری جەڕابلوسی سوریا لە باكوور، نووسینگەیەكی پۆستەی مەدەنی كردووەتەوە، كە ئاڵای توركیای لەسەر دەشەكێتەوە.

سەرچاوە: عەرەبییە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر