ئەمریكا هەڵوێستێكی یەكگرتووی بەرانبەر بەدەستدرێژییەكانی توركیا نییە

کوردستان

12/11/2019‌ 1022 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شارەزایەكی سیاسی لەكاروباری عەرەبی-ئەمەریكی دەڵێت: ئەمەریكا هەڵوێستێكی یەكگرتووی بەرانبەر بە ئۆپەراسیۆن و دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان نییە، كە هێشتا لەبەردەم چاوی واشنتۆن درێژەیان هەیە .

خالید سەفوووری ڕاوێژكاری ناوەندی مێردیان بۆ لێكۆڵینەوە ستراتیژییەكان لەلێدوانێكیدا نۆ پێگەی "نۆرس پرێس" ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە لە واشنتۆن دوو هەڵوێست هەیە، بەشێوەیەك لەلایەك دۆناڵد ترامپ گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا هەڵكردووە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆن لەدژی كورد ئەنجام بدات، كە ئەوە هەڵویستێكی ناروونە ناتوانرێت شیكردنەوەی بۆ بكرێت، لەلایەكی تریشەوە هەڵوێستی وەزارەتی بەرگری هەیە، كە كور بە دۆستێكی سەرەكی ئەمریكا سەیر دەكەن.

سەفووری دەشڵێت: كێشەی توركیا و ئەمریكا بۆ شەش بۆ حەوت ساڵ پێش ئێستا دەگەڕیتەوە، كە بەهۆی پشتیوانیكردنی كورد لەلایەن واشنتۆنەو دروست بوو، بەجۆرێك ئیدارەی ئۆباما زیاتر لە ٤ ملیار دۆلاری بەخشیوەتە كوردەكانی عێراق ئەوەش بەهۆی هەماهەنگیكردنیان لەگەڵ ئەمریكا.

بەگوێرەی قسەی ئەو شارەزا سیاسییە، ئەگەر هاتبا و ئیدارەی ترامپ بەردەوام بووایە لەو هەماهەنگییە ئەوە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا دەگەیشتە خراپترین قۆناغ لەمێژووی نوێدا .

سەبارەت بە دیداری داهاتووی نێوان ترامپ و ئەردۆغان لە وابڕیارە لە ١٣ی نۆڤەمبەر بەڕێوە بچێت، سەفووری دەڵێت: هێشتا ئەنجامەكانی روون نین، چونكە لە كۆنگرێسەوە گوشارێكی زۆر لەسەر ترامپ هەیە بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی توند دژی توركیا بگرێتەبەر، كە ترامپ ئەوە رەتدەكاتەوە، هەرچەندە پرۆژە یاسایەك لە كۆنگرێس و لە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران بەزۆرینەی رەها تێپەڕێنراو .

ئەو هەروەها دەڵێت: گۆنگرێس ناتوانێت سەرۆك ناچار بكات بریاری سەپاندنی سزا بەسەر توركیا جێبەجێ بكات، لەكۆتاییدا سەرۆك دەسەڵاتی دەستووری فراوانی هەیە و دەتوانێت بەپاساوی ئاسایشی نەتەوەیی ئەەمەریكاوە ئەو سزایانە رابگرێت یان دوایان بخات .

ئەو شارەزایە ئەوەش دەڵێت: لە واشنتۆن هیچ ویستێك نییە پرۆسە سەربازییەكانی توركیا رابگرێت، لەبەر ئەوە ئەو دەستدریژیانەی توركیا بەبێدەنگی هەر دەردەوام دەبن و هیچ لایەكیش نییە رایانبگرێت.

لەكۆتاییدا سەفووری ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە مادام توركیا بەپێی هێڵەكانی ئەو رێكەوتن و لەیەكتێگەیشتنانە كار دەكات، كە لەگەڵ واشنتۆن و مۆسكۆ واژووەی كردوون، ئیتر هیچ پەرچەكردارێكی راستەقینە نابینرێت تائەوكاتەی توركیا شتێك دەكات كە واشنتۆنی پێ توورە بكات و ئەو سنوورە دەربچێت كە لەسەری ڕێككەوتوون.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی