ئیسرائیل سەركردەیەكی دیاری "بزووتنەوەی جیهاد" لەغەززە دەكوژێت

جیهان

12/11/2019‌ 820 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرەبەیانی سێشەممە ئیسرائیل رایگەیاند، توانیویانە "بەها ئەبو عەتا" یەكێك لە دیارترین سەركردەكانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لەكەرتی غەززە بكوژن.

سوپای ئیسرائیلی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتی "شاباك" لە پرۆسەیەكی هاوبەشدا و لەڕێگای گورزێكی ئاسمانییەوە ئەبو عەتایان بەئامانج گرتووە .

سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند، كە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆكوەزیری ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر پرۆسەكە دەربڕیوە.

لای خۆشیانەوە سەرچاوە فەلەستینییەكان جەختیانكردووەتەوە، كە ئەبو عەتا لە بۆردومانێكی ئاسمانیدا كوژراوە .

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی فەلەستین فرۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل لەڕێگای دوو مووشەكەوە ماڵێكیان لەرۆژهەڵاتی شاری غەززە بەئامانج گرتووە، كە بەهۆیەوە "ئەبو عەتا" گیانی لەدەستداوە و كەسێكی تریش بریندار بووە .

بەگوێرەی ئیسرائیل زۆرینەی چالاكییەكانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لەكەرتی غەززە لەلایەن ئەبو عەتاوە ئەنجامدراوەو وەك بۆمبێكی تەوقیتكراو وابووە، بەشێوەیەك ئەو سەركردەیەی فەلەستین بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە پرۆسە و هەوڵەكانی بەئامانجگرتنی ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل تێوەگلاوە لەوانە هاویشتنی موشەك بەئاراستەی نیشتەجێگە ئیسرائیلییەكان و  پرۆسەی نیشانەشكێنی، جگە لە بەشداریكردنی لەزۆربەی شەرەكان لەگەڵ ئیسرائیل .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی