پارتی پشتگیری بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق دەكات

عیراق

12/11/2019‌ 1260 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی پەرلەمانی كوردستان لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوەو پارتی دیموكراتیش پشتگیری خۆی بۆ راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە دادگای فیدراڵی عێراق چەند بڕگەیەكی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقی ھەڵوەشاندەوە، كە رێگەیان بەئاوارەكانی پارێزگاكانی نەینەوا، كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین نەدەدا بەشداری هەڵبژاردن بكەن.

دادگاكە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەو بارەوە دانیشتنی كردو سكاڵای پەرلەمانی كوردستانی لەسەر یاساكە قبوڵ كرد و ئەو بڕگانەی رێگربوون لەدەنگدانی ئاوارەكانی ئەو پارێزگایانە هەڵوەشاندەوە.

لەو بارەوە خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، كە ئەوانیش لەو بارەوە سكاڵایان تۆماركردووەو دادگاش لەبەرژەوەندی ئەوان بڕیاری داوە، بۆیە پشتگیری دەكەن.

خەسرەو گۆران راشیگەیاند، بەو بڕیارە دەیان هەزار كەس لەناوچە كێشەلەسەرەكان مافی دەنگدانیان بۆ دەگەڕێـتەوە، كە زۆرینەی ئەوانە كوردن‌و دەتوانن دەنگ بدەن.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، ئاوارەكانی ئەو پارێزگایانە، كە زۆرینەیان كوردن و لە ھەرێمی كوردستان دەژین، دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی خۆیان بكەن.

هـ ـ ح