مەرجی روسیا بۆ گفتوگۆو رێككەوتنی كوردو حكومەتی سوریا

کوردستان

13/11/2019‌ 8699 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی روسیا لەكاتی پێشكەشكردنی وتارێك لە كۆڕبەندی پاریس بۆ ئاشتی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا واشنتۆنی تۆمەتبار كرد بەوەی لەڕێگای دەستگرتن بەسەر نەوتی سوریاوە هەوڵی دابەشكردنی ئەو وڵاتە دەدات .

لاڤرۆڤ لەو بارەوە وتی: واشنتۆن دەیەوێت لە سوریا ئیدارەیەكی خۆجێیی بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات دروست بكات، بۆ ئەوەش داوای لە وڵاتانی كەنداو كردووە وەبەرهێنانی گەورە لەو ناوچەیە بكەن، لەكاتێكدا واشنتۆن رێگە بە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و ناو هاوپەیمانی ناتۆ نادات لەناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی دیمەشق وەبەرهێنان بكەن.

وەزیری دەرەوەی روسیا وتیشی: ئەمریكا بەهەڵەشەیی دەیەوێت بەشێك لە خاكی سوریا بپچرێت و دەست بەسەر كێڵگە نەوتییەكانی ئەو وڵاتەدا بگرێت .

سەربارەت بە كوردەكانی سوریا لاڤرۆڤ وتی: دەبێت كوردەكانی سوریا هەڵوێستێكی جێگیریان هەبێت، لەسەر بنەمای پشتبەستنیان بە پشتیوانی واشنتۆن فیدراڵی رۆژئاڤایان راگەیاند، وایان گومان دەكرد، كە ئەو پشتیوانییەی ئەمەریكا هەر بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە پەیوەندی كورد بەحكومەتی دیمەشقەوە لاڤرۆڤ  وتی: داوامان لێكردوون پەیوەندیان لەگەڵ حكومەتی دیمەشق هەبێت، بەڵام گوێیان لێنەگرتین، دواتر ویستیان بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق یارمەتیان بدەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئامادەبووین ئەو ئەركە لەئەستۆ بگرین، كەچی جارێكی تریش دوای ئەوەی هەستیان كرد واشنتۆن گەراوەتەوە دەستیان لەگفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق هەڵگرتەوە، دەبێت كوردەكان هەڵوێستێكی جێگیریان هەبێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی