ئاشكرابوونی بەڵگەنامەكانی سیخوڕی بەرپرسانی عێراقی بۆ ئێران

عیراق

18/11/2019‌ 3015 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا چەندین بەڵگەنامەی نهێنی دزەپێكراوی هەواڵگری ئێرانی بڵاوكردووەتەوەو تێیدا ئەوەی ئاشكراكردووە، كە چۆن ئێران لەڕێگای قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی ئێرانەوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر عێراقدا جێبەجێدەكات و چۆن بەرپرسانی عێراقی كاری سیخوڕیان بۆ ئەو وڵاتە كردووە.

بەڵگەنامە دزەپێكراوەكان كاریگەری گەورەی تاران لەسەر عێراق‌و ئەو كارەی سیخورە ئێرانییەكان كردوویانە بۆ هەڵبژاردنی سەركردەكانی وڵات‌و پێدانی بەرتیل و موچە بەو عێراقییانەی كاریان بۆ ئەمەریكییەكان كردووە تا هەڵوێستیان بگۆڕن و دزە بكەنە هەموو كونجێكی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئاینی لە عێراقدا.

بەگوێرەی یەكێك لەبروسكەكانی هەواڵگری ئێرانی ئەوكاتەی سەددام حوسێن لەدەسڵاتدا بووە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیری ئێستای عێراق لەتاراوگە لەنزیكەوە لەگەڵ ئێرانییەكان كاری كردووە، هەروەها بروسكەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لەساڵی ٢٠١٤ ئەوكاتەی عەبدولمەهدی وەزیری نەوت بووە پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ سوپای پاسداران هەبووە.

رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە گەورە بەرپرسێكی پێشووی ئەمەریكی هۆشداریداوە لەوەی بۆ ئەو پۆستەی ئێستا كاندیدبكرێت، بەڵام هیچ سیاسییەكی عێراقی ناتوانێت ببێت بەسەرۆكوەزیران تا لەلایەن ئێرانەوە ئۆكەی بۆ نەكرێت. 

باس لەوەش كراوە، كە لەكاتی دەستنیشانكردنیدا لەساڵی ٢٠١٨، عادل عەبولمەهدی وەك پاڵێوراوی سازانی نێوان تاران و واشنتۆن سەیری كراوە.

نیویۆرك تایمز باسی لەوە كردووە، كە ئەو راپۆرتانەی دادگای هەواڵگری ئێرانی، كە دزەیانپێكراوە ئەوە پشتراستدەكەنەوە، چۆن ئێران بە مشتێكی پۆڵیان دەستی بەسەر عێراقدا گرتووە، بەڵام راپۆرتەكە ئەوەی دەرخستووە، كە راددەی بەكارهێنانی عێراق وەك ناوچەیەك بۆ دەرچوونی یارییە سیخوڕییەكانیان زۆر لەوە زیاترە، كە پێشتر دەزانرا، بەشێوەیەك ئەوە دەركەوتووە، تاراددەیەك لەزۆربەی هەڵویستەكاندا لە ڕكابەرایەتی سەپاندنی هەژمووندا تاران بەسەر ئەمەریكادا سەركەوتووە.

ئەرشیفە دزەپێكراوەكە سەدان راپۆرت و زانیاری دزەپێكراوی تێدایە، كە بەشێوەیەكی سەرەكی لەنێوان هەردوو ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ لەلایەن ئەفسەرانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانییەوە نووسراون، كە بەشێوەیەكی مەیدانی لەعێراق كاریان كردووە.

لەیەكێك لەراپۆرتەكانی هەواڵگری ئێرانیدا باس لەوە دەكات، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیری پێشووی عێراق پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ ئێراندا هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتەكان ئامانجی ئێران ئەوەیە عێراق بەشكستخواردوویی بمێنێتەوەو رێگە لە گەشەسەندنی تووندرەوی سوننە لەنزیك سنوورەكانییەوە بگرێت و ڕێگە بەهیچ جۆرە شەڕێكی ئەهلی نەدات، كە شیعەكان ببنە قوربانی و ڕێگە لەسەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستان بگرێت، كە دەبێتە مایەی تێكچوونی ئارامی ناوچەكە و هەوڵدان بۆ ئەوەی عێراق هەر بەدەوڵەتێكی پاشكۆی ئێران بمێنیتەوە.
 
بەپێی رۆژنامەكە، ئێران زۆربەی سیخوڕەكانی ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریكی (سی ئای ئەی) بۆلای خۆی راكێشاوە، ئەوانەی دوای كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١ واشنتۆن لەعێراق جێیهێشتن، كە لە تۆڵەكردنەوە دەترسان و ئەوەی لەبارەی پرۆسەكانی هەواڵگری ئەمەریكا لەعێراق دەیانزانی بە ئێرانییەكانیاندا.

ئەو سیخورانەی پێشووی CIA لەسەر پێگە نهێنییەكانی ئاژانسەكە و ناوی ئەو هۆتێلانەی سیخورە بیانییەكان لێی دەمانەوەو وردەكاری ئەو چەك و راهێنان و ناوی ئەو عێراقیانەی لەگەڵ ئاژانسەكە كاریان دەكرد هەموویان دا بە هەواڵگری ئێران.

رۆژانامەكە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، بەگوێرەی راپۆرتێكی هەواڵگری ئێرانی، فەریق عاتەم مكسوسی بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی عێراقی، نامەیەكی تایبەتی بۆ بەرپرسی هەواڵگری ئێران لە كەربەلا ناردووە و تێیدا وتوویەتی: لەژێر فەرمانی تۆداین و ئێمە شیعەین و یەك دوژمنمان هەیە.

ئەو بەرپرسەی هەواڵگری عێراق بە هاوتا ئێرانییەكەی وتووە: ئەمەریكا ئامێرێكی پێشكەوتووی بۆ گوێهەڵخستن لە تەلەفۆنی مۆبایل بۆ عێراق ناردووە و ئامێرەكەش لەژێر ئیدارەی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیراندایە، هەموو ئەو زانیارییە هەواڵگرییەی لەناویدایە دەیخەمە بەردەستت.

مەكسووسی لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ نیویۆرك تایمز رەتیكردووەتەوە، كە هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگری ئێراندا كردبێت، بەڵام بەرپرسێكی ئەمەریكی وتوویەتی: واشنتۆن كاتی خۆی ئاگاداری ئەوە بوو، كە ئەو بەرپرسەی هەواڵگری عێراق پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەیە و ئەو یارمەتی ئێرانییەكانی دەدا بۆ ئەوەی دەستیان بە زانیاری هەستیار بگات.

لەدوای دەستنیشانكردنی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەركوەزیرانی عێراق، باڵیۆزی ئێران لەعێراق داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەباڵیۆزخانەی ئێران لەبەغدا كردووە، بەڵام لەكۆبوونەوەكەدا دڵنیایی ئەوەدراوە، كە تاران ژمارەیەكی زۆر وەزیری لەكابینەكەی عەبادیدا هەیە، هەروەك لەكۆبوونەوەكەدا عەبادی بەپیاوی بەریتانیا و پاڵێوراوی ئەمەریكییەكان وەسف كراو.

سەبارەت بە وەزیرەكانی حكومەتەكەی عەبادی باڵیۆزی ئێران وتوویەتی: هەریەك لە ئیبراهیم جەعفەری و عەبدولمەهدی پەیوەندی تایبەتیان لەگەڵ ئێران هەیە، هەروەها وەزیرەكانی پەیوەندییەكان و شارەوانی و مافی مرۆڤ بەتەواوەتی هاوئاوازی ئێمە و پیاوەكانمانن، هەرچی قوتەیبە جبووری وەزیر ژینگە لەگەڵ ئەوەی كەسێكی سوننییە، بەڵام كارمان لەگەڵ دەكات.

بەگوێرەی بەڵگەنامەكانی هەواڵگری ئێرانی قاسم سلێمانی داوای لەباقر جەبر زوبەیدی وەزیری گواستنەوەی عێراق كردووە رەزامەندی دەرببرێت لەسەر كردنەوەی ئاسمانی عێراق بەرووی فرۆكە ئێرانییەكان بۆ ئەوەی چەك و تەقەمەنی بۆ سوریا بگوازنەوە، زوبەیدیش بە كارێكی ئەستەمی زانیوە داواكاری قاسم سلێمانی رەتبكاتەوە و بەڕوویدا بوەستێت.

لەیەكێك لەبەڵگەنامەكانی تردا، باقر سۆلاغ بە بەرپرسی هەواڵگری ئێرانی وتووە: سلێمانی هاتووە بۆلای و داوای لێكردووە ئاسمانی عێراق بەرووی فڕۆكەكانی ئێراندا بكاتەوە، ئەویش دەستی لەسەر چاوەكانی داناوە، ئیتر قاسم سلێمانیش ناوچەوانی ماچ كردووە.

هەر بەپێی راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز، كە وردەكاری دانوستانەكانی ئێوان عێراق و ئەمەریكا بەشێوەیەكی رۆتینی گەیشتووەتەوە بەردەستی ئێران، كە یەكێك لەوانەی لە نووسینگەی سەلیم جبوری سەرۆكی پێشووی پەرلەمان كاری كردووە سەرچاوەیەك بووە بۆ زانیارییەكانی هەواڵگری ئێران.

هەر بەگوێرەی رۆژنامە ئەمەریكییەكە بەپێی راپۆرتێكی هەواڵگری ئێران لەدوای چەند مانگێك لەگەیشتنی حەیدەر عەبادی بە پۆستی سەرۆكوەزیری عێراق، دەركەوتووە سەرۆكوەزیران خواستی ئەوەی هەیە پەیوەندی نهێنی لەگەڵ تاران هەبێت. 

راپۆرتێكی مانگی یەنایەری ساڵی ٢٠١٥ پیشانی دەدات، كە عەبادی چاوی بە بەرپرسێكی هەواڵگری ئێرانی كەوتووە بەناوی بروجەردی بێئەوەی كەسی سێیەم لەنێوانیاندا هەبێت.

هەروەها بەگوێرەی راپۆرتێكی تری هەواڵگری ئێرانی، ئەفسەرێكی هەواڵگری ئێرانی بەعەبادی وتووە، سوننەكان پەرتەوازەن و شارەكانیان وێرانبوون و ئایندەیان ناروونە، لەكاتێكدا شیعە دەتوانن متمانەی خۆیان بەدەستبهێننەوە و بەغدا و تاران دەتوانن سوود لەئەو دۆخە وەربگرن، عەبادیش ئەو بیرۆكەیەی لا پەسەند بووە.

لەراپۆرتێكی تری هەواڵگری ئێراندا هاتووە، كە ژمارەیەك لە ئەفسەری هەواڵگری ئێران لەبڵاوبوونەوەی وێنەكانی قاسم سلێمانی لەعێراق نیگەران بوون، كە وەك فەرماندەیەكی سەربازی لە پرۆسە جەنگییەكاندا دەركەوتووە و پێیان وابووە ئەوە زیاتر رەوایەتی بەبوونی ئەمەریكییەكان دەدات بەتایبەتی لای سوننەكان.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا