نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی لەناوچەكە دەگوزەرێت ئەنجامی هەڵەیەكی كۆنە

کوردستان

20/11/2019‌ 707 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت: ئەوەی لەناوچەكە دەگوزەرێت ئەنجامی هەڵەیەكی كۆن و نەخشەی جیۆسیاسی دوای شەڕی یەكەمی جیهانییە، كە كۆمەڵێك كیشەی سیاسی لەناوچەكەدا بێ چارەسەر هێشتەوە لەوانەش دۆزی كورد.

قسەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمیانی وتارێك بوو، كە لە دیداری (ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) لەزانكۆی ئەمریكی - كوردستان لە دهۆك كردیو دەشڵێت: ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتێكی زۆر گرنگی ناوچەكە و جیهانە. 

هەروەها دەڵێت: كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەك هەر ئاسایش و پەیوەندی وڵاتانی ناوچەكەی تووشی قەیران كردووە، بەڵكو بۆ سەر ئاشتی و بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی گەورە و جیهانیش بووەتە هەڕەشە.
 
سەرۆكی هەرێم جەختیشیكردەوە، كە دۆزی كورد كێشەیەكی گەورە و چارەسەركردنیشی بەشێكی گرنگی ئاشتییە لە ناوچەكەدا. هەروەها دەڵێت: كێشەی هەندێك پێكهاتەی دیكەیش دوای جەنگ لەم ناوچەیە سەریانهەڵدا، جگە لەمانە نائارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە كە ئەم ساڵانەی دوایی هاتنە ئاراوە و بوونە هۆی گرفتی زیاتر لە ناوچەكەدا، لەوانە تێكچوونی هاوسەنگی لە ناوچەكە.

باسی لەوەش كرد، كە دوای بەهاری عەرەبی و رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، رۆڵی هەندێ وڵات لە ناوچەكە پاشەكشێی كرد، دەوڵەتان بۆ ئەوەی ببنە هێزی یەكەم و پێشەنگی ناوچەكە كەوتنە كێبڕكێ. ئەمانە بوونەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی بەوەكالەت و ململانێی ناوچەیی. زەمینە بۆ دەستێوەردانی سەربازیی نێودەوڵەتی رەخسا. ئەوە بووە هۆی مایەی گەرمبوونی شەڕەكان و كەمبوونەی دەرفەتی میانگیریی چونكە هێزە نێودەوڵەتییەكان لەجیاتی رۆڵی میانگیریی خۆیان، بوونە بەشێكی شەڕ.

هـ ـ ح

بەپەلە