قەتەر بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ سعودییە ئیخوانەكان دەفرۆشێت

مەلەفی تایبەت

29/11/2019‌ 3441 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بە هۆی "پشتیوانیكردن لە تیرۆر"، قەتەر تووشی دۆخێكی ناهەموار بووە و تەواو گۆشەگیر بووە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ 4 وڵاتی عەرەبی تێكچووە، بۆیە بیر لەوە دەكاتەوە لەو پێناو چارەسەركردنی كێشەكانیدا یەكێك لەگرنگرترین هاوپەیمانەكانی بفرۆشێت، كە كۆمەڵەی ئیخوان موسلمینە.

ڕۆژنامەی "وڵستریت جۆڕناڵ) ی ئەمریكی ئەوەی ئاشكراكردووە، دەوحە پێشنێارێكی خستووەتە بەردەم ڕیاز لە بەرانبەر ئاشتبوونەوەیان دەستبەرداری كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین بێت.

ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتێكیدا باسی لەوەش كردووە، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمانی دووەمی وەزیری دەرەوەی‌ قەتەر، مانگی پێشوو بەنهێنی سەردانی سعودییەی كردووە و چاوی بە گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كەوتووە، ئەمەش بە مەبەستی كۆتاییهێنان بەو بایەكۆتەی لە لایەن ئەو 4 دەوڵەتە عەرەبییەوە (سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، میسر) خراوەتە سەر قەتەر.

ڕۆژنامەكە ئەو سەردانەی بە كۆششە لێبڕاوەكە وەسفكردووە بۆ كۆتاییهێنان بەو بایەكۆتەی دوو ساڵە بەردەوامە. 

هەروەها لەسەر زاری سەرچاوەیەكیشەوە، كە نەیەویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، باسی لەوە كراوە‌ وەزیرە قەتەرییەكە لەو كاتەی سەردانی ڕیازی كردووە، بە شێوەیەكی كتوپڕ ئەو ئۆفەرەی خستووەتە ‌بەردەم سعودییە، ئۆفەرەكەش ئەوە بووە، كە قەتەر ئامادەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیخوان موسلمین كۆتایی پیبێنێت، ئەوەشی وتووە: ئەمە هەلێكی ناوازەیە بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكە‌.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا، پابەندبوونەكانی قەتەر بۆ ئیخوانەكان لە چوارچێوەی ئەوەیە، كە پێ دەوترێت "جوغزی پشتیوانی نێودەوڵەتی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ نەوەك لە پێناو پارتێك یان كۆمەڵەیەكی دیاریكراودا بێت".

هەمان سەرچاوە باسی لەوەش‌ كردووە، ئەوان بە هەڵە حاڵی بوون لەو پشتیوانییەی دوحە پێشكەشی ئیخوانەكانی كردووە، مەبەستەكەش ئەو دەوڵەت و لایەنانەن لە هەوڵی دابڕین و لاتەریككردنی قەتەردان.

هەر بە گوێرەی رۆژنامەكە، پێش سەردانی‌ وەزیرە قەتەرییەكە بۆ ڕیاز،چەندەها گەڕی دبلۆماسی چڕوپڕ بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەچوون، كە لە زۆربەیاندا كوێت ڕۆڵی نێوانگیرییەكەی گێڕاوە، ئەمە سەرباری ئەو هەوڵانەی لە مانگی ڕابردوو لە پەراوێزی لوتكە كۆمەڵەی 20 وڵاتەكە لەژاپۆن خراونەگەڕ، سەرچاوەكە لەوبارەوە وردەكاری زیاتری ئاشكرا نەكردووە.

ئەم زانیارییانەی ڕۆژنامە ئەمریكییەكە  بەرئەنجامی ئەو كرانەوەیە بوون، كە بە هۆی بەشداری سعودییە و ئیمارات  و بەحرێن لە پاڵەوانێتی جامی كەنداوی 24  هاتوونە ئاراوە، كە لە دەوحە بەرێوە دەچێت. 

دواتر هەندێكی دیكە باسیان لەوە كرد، سەرچاوەی ئەو زانیارییانە خودی وڵاتی قەتەرە، ئەو وڵاتانەی بایەكۆتی قەتەریشیان كردووە،‌ پەرۆشی ئەوەن دۆسییەكان تێكەڵی یەكتر نەكەن. 

نموونەی ئەمەش‌ بەئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو دێننەوە، كە سەرباری بایەكۆتكردنی قەتەر لە لایەن ئەو 3 دەوڵەتەكەی كەنداوەوە،‌ كەچی دەوحە لەسەر ئاستێكی بەرز بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنەكە دەكات.

لەو كاتەی لە لایەن ئەو 4 دەوڵەتەوە بایەكۆتی قەتەر كراوە، دەوحە لە هەموو بۆنەكاندا، كۆششی فرەیی جۆراوجۆری ئەنجامداون بۆ گێرانەوەی پێگە نێودەوڵەتییەكەی خۆی، بەڵام هەموو هەوڵەكانی لوتیان بە لوتی مكوڕبوونی ئەو دەوڵەتانە تەقیوەتەوە كە داوا دەكەن و كردووشیانەتە مەرج كە دەبێت دەوحە ئەو میتۆدەی خۆی بگۆڕێت كە هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەكە دەكات، قەتەریش تاوەكو ئێستا ئەو داوایەی قبوڵ نەكردووە.

سەرچاوە: عەرەب 
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر