ڕوسیا هۆشداری لەبارەی هەڕەشەی‌ "بۆمبە كوردییەكەی" ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات

کوردستان

08/12/2019‌ 11360 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سێرجی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، داوای لەكوردەكان كرد گفتوگۆكردن لەگەڵ مۆسكۆ قبوڵ بكەن‌و باسی لەوەش كرد پرسی كورد "بومبێكی كاتییە"و هەڕەشە لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.

لاڤرۆڤ لەمیانی لێدوانێكی وتی: هیوامە دۆستە كوردەكانمان لەئەزموونیان لەگەڵ ئەمریكا‌ فێربووبن، كە جگە لەڕێككەوتن لەگەڵ دەسەڵاتەكەی دیمەشق هیچ ڕێگەچارەیەكی دیكە نییە.

لاڤرۆڤ لەوتەیەكیدا لە كۆڕبەندی گفتوگۆی دەریای ناوەڕاستی 2019، وتیشی: كێشەی كورد وەك "بۆمبێكە و هەڕەشە لە هەموو دەوڵەتانی ناوچەكە دەكات".

وەزیری دەرەوەی روسیا، پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاستانە دەربڕی، كە مۆسكۆو توركیا و ئێران تێیدا هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە دەدەن‌و هانی گفتوگۆی نێوان لایەنە سورییە ململانێكارەكان دەدەن.

ناوبراو جەختی لەوەش كردەوە، كە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی سوچی نێوان وڵاتەكەی و توركیا، دەتوانێت سەقامگیری بۆ سوریا دەستەبەر بكات.

ئەو وەزیرەی روسیا ئەوەشی وت: بە گرنگییەوە لە مەترسییەكانی توركیا دەڕوانن سەبارەت بە ئاسایشی سنورەكەی، ئەمەش‌ ئاماژەیە بۆ كردەی "كانی ئاشتی" توركیا، كە ماوەیەك پێش ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات ئەنجامیدا.

توركیاش لای خۆییەوە و لەسەر زاری حامی ئەكسۆی قسەكەری وەزارەتی دەرەوەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە ئەنقەرە،‌ جەختی لەوە كردووەتەوە ئەگەر هاوبەشەكانیان پابەندی بەڵێنەكانی خۆیان نەبن، ئەوان لە كردەی كانی ئاشتی بەردەوام دەبن.

ئەكسۆی ئەوەشی وت: كردەی كانی ئاشتی ڕێگری لە هەندێك دەوڵەت كرد، كە بگەنە مەرامەكانیان، بۆیە ئەوان هەڵمەتێكی ناوزڕاندنیان دژ بە ئەنقەرە دەستپێكردووە.

وتیشی: توركیا لە 15 و 22 ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، دوو ڕێككەوتننامەی لەگەڵ هەریەك لە ئەمریكا و ڕوسیا مۆركردووە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بەشەرعیزانینی كردەی كانی ئاشتی لە لایەن هەردووكیانەوە.

ئەكسۆ جەختی لەوەش كردەوە، تا ناوچە ئارامەكە لە كوردەكانی ڕۆژئاوا پاك نەكەنەوە سوریا جێناهێڵن

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر