تەنیا دوو ملیۆنیان لێبڕاوە.. موچەی پەرلەمانتارەكانی عێراق كەمكرایەوە

عیراق

08/12/2019‌ 2140 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
لەم مانگەوە موچەی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراق كەمكرایەوەو زۆرترین موچەش لە 16 ملیۆن تێپەڕناكات.

ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق تایبەت بەشارپرێسی وت: ئەم مانگە لەكاتی وەرگرتنی موچە، موچەكان لەهەشت ملیۆن دینارەوە كەمكرابووەوە بۆ شەش ملیۆن‌و سێ سەد هەزار دینار.

وتیشی: موچەی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار لەهەژدە ملیۆنەوە كرایە شانزە ملیۆن‌و موچەی وەزیرەكانیش وەك ئێمە لەهەشت ملیۆنەوە كرایە شەش ملیۆن و سێ سەد هەزار دینار.

ئەحمەد حاجی رەشید ئاماژەی بەوەشكرد، هەر پەرلەمانتارێك شانزە پاسەوانی هەیە، كە هەریەكەیان بری یەك ملیۆن‌و پەنجا هەزار دینار وەردەگرن، هەروەها وەزیرەكانیش بەهەمان شێوەیە شانزە پاسەوانیان هەیەو  مانگانە یەك ملیۆن و پەنجا هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام پاسەوانەكانی پەرلەمانتاران بەشێوەی گرێ بەستەو لەگەڵ كۆتایی هاتنی خولی پەرلەمان تەواو دەبێت، بەڵام هی وەزیرەكان پاسەوانی  هەمیشەیین‌و لەسەر میلاكاتی وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەمێننەوە.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە باسی لەوەشكرد، سەرۆك وەزیران چل پاسەوانی هەیە، بەڵام نازانم سەرۆك كۆمار چەند پاسەوانی هەیەو ئەوەشی وت: وەزیرەكانیش هەریەكەیان دە ملیۆن دینار بەناوی هاوكاری و بودجەی وەزارەت وەردەگرن.

ماوەی رابردوو لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا، موچەی پەرلەمانتاران‌و پلە باڵاكان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە كەمكرایەوەو نەسرییەی سەرۆكایەتییەكانیش بڕا.