جەنەراڵ ئیسماعیل قائانی جێگرەوەی قاسم سلێمانی كێیە؟

مەلەفی تایبەت

04/01/2020‌ 2788 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای كوژرانی جەنەراڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس لە بۆردوومانێكی ئاسمانی فرۆكە ئەمەریكییەكان،  ئێران بەخێرایی ئیسماعیل قائانی وەك فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران دەستنیشان كرد .

ئیسماعیل ئاقانی پێشتر پۆستی یاریدەدەری فەرماندەی هێزەكانی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانی بووە و مێژووەیەكی دوورودرێژی هەیە لەكاركردن لەگەڵ فەیلەقی قودس و قاسم سلێمانی .

بەپێی برووسكەیەكی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران فەرماندەیەكی نوێی بۆ فەیلەقی قودس دەستنیشان كراوە، كە تێیدا ئاماژە بەوە كراوە عەمید ئیسماعیل ئاقانی یەكێك بووە لە دیارترین فەرماندەكانی سوپای پاسداران لەماوەی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لەئێستادا فەرماندەی هێزەكانی فەیلەقی قودسی پێدراوە.

لەبروسكەكەدا ئاماژە بە چالاكییەكانی ئاقانی كراوە لەفراوانكردنی هەژموونی ئێران لەناو وڵاتانی دەوروبەردا، هەروەها وتراوە ئاقانی لەناوچەكەدا لەپاڵ قاسم سلێمانیدا بووە .

لەبەشێكی تردا هاتووە، پلانەكانی هەمان ئەو پلانانەن، كە لەسەردەمی قاسم سلێمانیدا پشتی پێبەستراوە، داواشی لەهەموو كادرەكانی ئەو هێزە كردووە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندە ئاقانیدا بكەن .

دانانی ئاقانی لەجێگای سلێمانی هیچ جێگای سەرسووڕمان نەبوو، لەبەر ئەوەی ئەو یەكێك بوو لە كەسە هەرە نزیكەكانی و رۆڵێكی سەرەكی گێراوە لە بانگهێشتكردنی بەشار ئەسەد و رێكخستنی سەردانەكەی بۆ تاران لەسەرەتای ساڵی رابردوو، لەیەكێك لە لێدوانەكانیدا وتبووی: فەیلەقی قودس ئەو سەردانەی رێكخستووە، كە یەكێك بووە لە هەرە بابەتە هەستیارەكان و بە پرۆسەیەكی هەواڵگری سەركەوتوودا ئەنجامدرا .

هەر ئەو هۆكارە بوو، كە وای لە محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران كرد دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكات، لەبەر ئەوەی لەهاتنی ئەسەد ئاگادار نەكرابووەوە، بەڵام دواتر لەلایەن حەسەن روحانییەوە پاشگەز كرایەوە .

بەشێك لەدەزگاكانی راگەیاندنی ئێرانی وەك پیاوێكی توند وەسفی ئاقانی دەكەن، كە جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ قاسم سلێمانیدا نییەو شارەزاییەكی زۆریشی لەچۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسییەكانی دەرەوەو بەرەكانی جەنگدا هەیە .