بەراوردێك لەنێوان سوپای ئێران و ئەمەریكا
ئێران پلەی ١٤ ی بەهێزترین سوپاكانی جیهانی هەیە

لە میدیاکانەوە

07/01/2020‌ 1301 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئێران هەڕەشەی ئەوە كردووە، لەبەرانبەر كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران بێدەنگ دانەنیشێت‌و تۆڵە لە ئەمەریكا بكاتەوە، كە ئەمە وایكردووە جیهان بەنیگەرانییەوە سەیری دۆخەكە بكات‌و بەرەو هەڵگیرساندنی جەنگێكی گشتگیر و هەمە لایەنە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بڕوات و وڵاتانی تری جیهانیش پەلكێشی جەنگەكە بكات .

رۆژنامەی "ئینندپیندت"ی بەریتانی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە رەنگە سەرەتاكانی جەنگی سێیەمی جیهانی لەئاسۆوە دیار بێت، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە بوونی كەسێكی وەك دۆناڵد ترامپ لە سەرۆكایەتی ئەمەریكا و هەڕەشەكانی ئێران بە وەڵامدانەوەی ئەمەریكا وادەكەن پێشبینی كردن لەوەی لە داهاتوو چی روودەدات كارێكی قورس بێت .

رۆژنامەكە نووسیویەتی: لەگەڵ ئەوەی سوپای ئەمەریكا پلەی یەكەمی بەهێزترین سوپاكانی جیهانی هەیە و سوپای ئێرانیش لەریزبەندی ١٤ هەمین سوپا بەهێزەكانی جیهانە، بەڵام هەر رووبەرووبوونەوەیەك لەنێوان ئەو دوو سوپایە كارەسات و ماڵوێرانی بۆ ناوچەكە و جیهان بەدوای خۆیدا دەهێنێت .

هەروەها بەگوێرەی پێگەی "گڵۆباڵ فایر بۆر"ی ئەمەریكی، لەكۆی ٣٢٩ ملیۆن كەسی ئەمەریكی ١١٩ ملیۆنیان شیاوی ئەوەن بخرێنە خزمەتی سەربازییەوە، لەكاتێكدا لە ئێران لەكۆی ٨٣ ملیۆن كەس ٣٩ ملیۆنیان دەتوانن پەیوەندی بە خزمەتی سەربازییەوە بكەن، هەروەك ساڵانە ٤ ملیۆن ئەمەریكی دەگەنە تەمەنی خزمەتی سەربازی لەئێرانیش ساڵانە ١،٣ ملیۆن كەس دەگەنە ئەو تەمەنە .

ژمارەی سوپای ئەمەریكا ٢،١ ملیۆن كەسە و ٨٦٠ هەزار كەسیش یەدەگن، لەبەرانبەردا سوپای ئێران لە ٨٧٣ هەزار سەرباز پێكهاتووەو ٣٥٠ هەزاریش لە هێزی یەدەگن، هەرچی بودجەی ساڵانەی سەربازی ئەمەریكایە دەگاتە ٧١٦ ملیار دۆلار، لەبەرانبەردا بودجەی بەرگری ئێران ٦،٣ ملیار دۆلارە .

هێزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا لە ١٣ هەزار فرۆكە پێكهاتووە، كە ٢٣٠٠ جەنگین و ٢٨٠٠ یان فرۆكەی هێرشبەرن، زیاتر لە ١١٠٠ فڕۆكەی گواستنەوەی سەربازی‌و ١٠٤ فڕۆكەی راهێنان، ئەوە سەرباری ٥٧٠٠ فڕۆكەی هێلیكۆپتەر و ٩٧٠ فرۆكەی هێرشبەر. 

لەبەرانبەردا ئێران خاوەنی ٥٠٩ فڕۆكەی جەنگییە، كە ١٤٢ یان فڕۆكەی جەنگی ، ١٦٥ فرۆكەی هێرشبەر، ٨٩ فڕۆكەی گواستنەوەی سەربازی ، ١٠٤ فڕۆكەی راهێنانی سەربازی و ١٢٦ هێلیكۆپتەر، كە ١٢ هێلیكۆپتەری هێرشبەرن .

هاوكات هێزە وشكانییەكانی ئەمەریكا لە ٦٢٠٠ تانك و ٣٩ هەزار زرێپۆش پێكهاتووە، ئەوە جگە لە ٩٩٠ تۆپی ئۆتۆماتیكی‌و ٨٦٤ تۆپی مەیدانی و ١٠٠٠ مووشەكهاوێژی راجیمە، لەبەرانبەردا ئێران خاوەنی ١٦٠٠ تانك و ٢٣٤٥ زرێپۆشە، ٥٧٠ تۆپی ئۆتۆماتیكی و ٢١٠٠ تۆپی مەیدانی هەیە و ١٩٠٠ مووشەكهاوێژی راجیمەی هەیە .

هەرچی هێزی دەریایی ئەمەریكایە ئەوە لە ٤١٥ پارچەی دەریایی پێكهاتووە، كە ٢٤ یان كەشتی فرۆكەهەڵگر و ٦٨ ژێردەریایی ‌و ٢٢ كەشتی فرگاتە، ٦٨ كەشتی هێرشبەر ، ١٥ كۆرڤێت ، ١٣ كەشتی دەورییەی چاودێری و ١١ كەشتی مین ماڵ . 

هەرچی هێزی دەریایی ئێرانە ئەوە لە ٣٩٨ كەشتی جەنگی پێكهاتووە، لەناویدا ٣٥ ژیردەریایی ، ٦ كەشتی جۆری فرگاتە ، ٣ كەشتی كۆرڤێت ، ٨٨ كەشتی گەڕانی چاودێری و ٣ كەشتی مین ماڵ .

چاودێران دەڵێن: هەر رووبەرووبوونەوەیەك لەنێوان ئەو دوو سوپایە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبێت، فراوانی رووبەری خاكی ئێران، كە زیاتر لە ١،٧ ملیۆن كیلۆمەترە یەكێكە لەرەگەزە ستراتیژییەكانی هێزی ئێران بەتایبەت ئەگەر جەنگی بەرگری بەڕێوەبەرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی