لەئێرانەوە 22 موشەك تەقێنراوە بەڵام شوێنی 11 مووشەك دیارە

لە میدیاکانەوە

09/01/2020‌ 1652 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
ئەمریكا ئەو وێنانەی بنكەی سەربازگەی عەین ئەلئەسەدی بڵاوكردەوە، كە لەرێگەی مانگی دەستكردەوە گیراون و زیانی ماددی بەركەوتووە.

شەوی رابردوو رژێمی ئێران 10 موشەكی شەهاب 2ی رەوانەی بنكەی سەربازی عەین ئەلئەسەدی كرد، كە 100 مایل لە بەغداوە دوورە، مووشەكی شەهاب 2 دەتوانێت لەدووری 500 كیلۆمەتر ئامانجەكانی بپێكێت.

هەروەها بەپێی سەرچاوەیەكی پێنتاگۆن، كە بۆ رۆژنامەی ستریتس سترەیپس دواوە، ئێران پێنج مووشەكی فاتح 110 ی ئاراستەی فرۆكەخانەی هەولێر –ی پایتەختی هەرێمی كوردستان كردووە، كە بنكەیەكی سەربازی ئەمریكی لێیە، بەڵام بەهۆی پێشكەوتووی سیستمی بەرگری لەوێ تەنیا یەك موشەك كەوتووەتەوە و تێكڕای موشەكەكانی تر لە ئاسمانی عێراقدا پووچەڵكراونەتەوە.

وێرای ئەوەی لەهەردوو رووداوەكە هیچ كەس بریندار نەبووە، بەڵام لە عەین ئەلئەسەد زیانی ماددی بە شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازەكان گەیاندووە.

لەدوای هێرشەكە تارادەیەك دیموكراتییەكانیش باوەڕییان بەوە هێناوە، كە ئێران بووەتە ترس بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، جۆن گرامێندی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیموكراتەكان لە لێدوانێكیدا بۆ سی ئێن ئێن وتی: "ئێستا لەدۆخێكداین، كە پێویستە لە گەڵ سەرۆك گفتوگۆ بكەین، ئەگەر وابێت گرژییەكان روو لەهەڵكشان دەكات، پێویستە سەرۆك بێتە كۆنگرێس و ئەمریكا ئیعلانی جەنگ بكات بەرەسمی".

هەروەها سیناتۆر كریس مۆرفی لەبەرنامەیەكی سی ئێن ئێن جەختی لەوەكردەوە پێویستە لەوە بگەین، كوشتنی قاسم سلێمانی چەند پێویست بووە و بۆ ئەوەش پێویستە سەرۆك بێتە كۆنگرێس بۆ ئەندامانی روونكاتەوە كە ئەو رێگرییە خراپە لەبەردەكی ئەمریكا كۆتایی هات و پێویستە ئیتر شەڕ لەگەڵ ئێران كۆتایی پێ بهێنین.

پێشنیوەڕۆی رۆژی 8ی جێنیوەری دۆنالد ترەمپ داوای لەئێران كرد لێرەدا بوەستێت لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئێران رووبەڕووی سزای ئابووری بووەتەوە لەسەر رەفتارەكانی، با سزای سەربازیشی نەچێتەسەر لەسەر كردەوە دوژمنكارانەكانی.

ترامپ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لەكۆشكی سپی جەختی لەوەكردەوە ئاشتی و ئارامی بەردەوامی نابێت لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەو سەركێشیانە. وتیشی: "پێویستە لەسەر دنیا بزانێت، كە پەیامێكی ئاشكرامان هەیە بۆ ئێران كە رێگەی پێنادرێت لە هەڵمەتی تیرۆر و كوشتن و فەوزا".

هەروەها عادل عەبدولمەهدی نەیشاردەوە، كە پێشتر لەلایەن ئێرانەوە ئاگاداركراونەتەوە لەهێرشەكە، بۆیە پێدەچێت وەزارەتی بەرگری عێراق بە هێرشەكەی ئێرانی زانیبێت و هەواڵەكەی گەیاندبێتە سەربازانی ناو بنكەكە، چونكە نەك تەنیا سەربازی ئەمریكی بەڵكو سەربازی عێراقی و فنلەندا و لیتوانیا-شی تێدایە.

لەو سەرچاوەیەك لەبنكەی سەربازی عەین ئەلئەسەد بە لۆس ئەنجلس تایم-ی راگەیاندووە، چەند سەعاتێك پێشتر ئاگاداركراونەتەوە، بەڵام دڵنایی نەدا لەوەی سەربازە فینلەندی و لیتوانی-یەكانیش ئاگاداركراونەتەوە یان نا. 

راشیگەیاند، سەربازە ئەمركییەكان سەعاتێك پێشتر زەنگی ئاگاداركردنەوەیان لێدا، كە هێرش دەكرێت، بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمان بوو.

پەیامنێری ئەی بی سی لە تارانەوە چەند سەعاتێك پاش هێرشەكە ئەوەی راگەیاند، بەرپرسە ئێرانییەكان رایانگەیاندووە، 22 موشەكیان دەقاندووە رووە و عێراق، پەیامنێرەكە وتیشی: "ئەوەی دیارە تەنیا شوێنی 11 موشەك ئاشكرایە و چواریش لەئاسمانی كوردستان -باكووری عێراق پوچەڵكراوەتەوە و 7 موشەكیان لەئاسمانی ئێراندا رێرەوەكەی گۆڕدراوە و نەگەیشتووەتە ناو خاكی عێراق".

هەروەها ئیلان گۆلدنبێرگ، بەرێوەبەری بەرنامەی ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری ئاسایشی ئەمریكی پێیوایە ئێران ئومێدی خواستووە، كە زیانی گیانی نەبێت جا ئیتر هەواڵگری ئەمریكی كارەكەی بۆ ئاسان كردبێت، یان هەواڵگری عێراقی كارێكی باشیان كردووە ئێرانیانیان لەشەڕێكی قورس دوور خستەوە.

بیكاسۆ فاستەر شیكاری سیاسی دەركەوتوو لە Rand Corporation  بە تایم-ی راگەیاندووە، ئێران گەیشتە هێلێ سور بەڵام نەهێڵرا زیانی گیانی ببێت. 

هەروەها وتیشی: "نكۆڵی لەسەر كەوتووی سیستمی بەرگری ئەمریكی ناكرێت و دەبێت ئەوەش بزانین پێكانی هیچ ئامانجێك لە مووشەكباراندا 100% نییە، بەڵام هەواڵگری رۆڵی سەرەكی بینیوە لەم پڕۆسەیە.

سەرەرای ئەوەی لە پەیامەكەیدا ترامپ، كە هاوڕی هەریەك لە جێگری سەرۆكی ئەمریكا و وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری و سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای لەگەڵ بوو، وایدەرخست بەهۆی نەبوونی زیانی گیانی، ئەمریكا وەڵامی نابێت، بەڵام داوای لە وڵاتانی ناتۆ كرد، كە هێزەكانیان زیاتر بڵاوكەنەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

بەشێك لە شیكەرەوانی سیاسی لە میدیاكانی ئەمریكا وایدەبینن ئێران بێتە ناو گفتوگۆوە و دەست لە هەندێك كاری لەناو عێراق و لوبنان و یەمەن هەڵگرێت لە پێناو مانەوەی رژێمەكە، بەڵام سەرۆك دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە كردەوە كە ئێران نابێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.

ئەم پەرچە كردارەی ئێران لەئاكامی كوشتنی قاسم سولەیمانی دێت. نیوە شەوی هەینی 3ی جێنیوەرەی سێ مووشەك فرۆكەخانەی بە غدای هەژاند، كە بووە هۆی كوژرانی 7 بەرپرسی عیراقی و ئیرانی لەنێو كوژراوەكاندا، قاسم سولەیمانی بەرپرسی سوپای قودس-ی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندس جێگری فەرماندەی گشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی تێدابوو.