ئەردۆغان جارێكی تر پەیوەندییەكانی لەگەڵ مۆسكۆ تێكدەداتەوە؟

ڕاپۆرت

14/01/2020‌ 3667 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
(غازی توركی) بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بە هۆی پرسی (قرم)ەوە تووشی گرفت هات، ناونیشانی راپۆرتێكە لە گۆڤاری (سفوبودنایا پریسا) بڵاوكراوەتەوە، دەربارەی لێدوانێكی ئۆكرانیا بەوەی ئەنقەرە پرسی كۆتایی هاتنی شوێنكەوتوویی نیمچە دورگەی قرم ی خستووەتەڕوو.

بەپێی راپۆرتەكە، 8ی یەنایر، لە میانی سەردانیكردنی سەرۆكی روسیا ڤلادیمیر پۆتین بۆ ئەستەمبوڵ، دەسەڵاتدارانی توركیا پرسی بەناو وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیایان (فادیم پریستایكۆ)  وروژاندوە، كە بریتییە لە كۆتایی هێنان بەداگیركردنی نیمچە دوورگەی قرم، ئەمەش پاش ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی بووە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاویش ئۆغلۆ.

لەو بارەیەوە، شارەزا لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی سەربازی و سیاسی لە پەیمانگەی مۆسكۆی حكومی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان میخائیل ئەلیكسەندرۆف دەڵێت: من دڵنیام بابەتی قرم لەگفتوگۆكان نەخراوەتە ڕوو، بە سانایی، پۆتین گفتوگۆی لەبارەوە ناكات، ئەردۆغانیش نەیویست نێوانی لەگەڵ تێكبچێت. 

وتیشی: سەرۆكی توركیا بەربەستی زۆر قورسی هاتە پێش لەگەڕانەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ روسیا دوای روودانی خستنە خوارەوەی فڕۆكە روسییەكە لە ساڵی 2015 لە سوریا، كەواتە بۆچی دووبارە خۆی بخاتەوە چاڵەوە؟

دەبێت تێگەیشتمان بۆ ئەوە هەبێت روسیا هاوبەشێكی زۆر گرنگترە لەئۆكرانیا بۆ توركیا، لەبەرئەوە، توركەكان یاری دەكەن، ئۆكرانییەكان ڕازی دەكەن و خەندەیان بۆ دەردەخەن، لەهەمان كاتدا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ روسیا پەرەپێدەدەن.

كار كردن بۆ جیابوونەوەی تەتەر لە نیمچە دورگەی قرم دەستی لێشۆراوە، بروام وا نییە توركەكان بە جدی لەگەڵ ئەم بابەتە رەفتار بكەن، چونكە تەتەرەكانی نیمچە دورگەی قرم كەمینەن، هەر جەنگێك لەلایەن ئەوانەوە دەست پێبكات بە دڵنیایەوە زیان دەكەن و بۆ ماوەیەكی درێژیش پەیوەندییەكانیان لەگەڵ مۆسكۆ تێكدەچێت، بۆیە هیچ شێوەیەك ئەنقەرە بەرژەوەندی لەمەدا نییە.

هەرچی لێدوانە گشتییەكانە، ئەوا لە پرسە جیاوازەكاندا ناكۆكیمان لەگەڵ توركەكاندا هەیە، بۆ نموونە پرسی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان و دانی پێدا دەنێین و لەكاتی سەردانیكردنی وەفدەكانمان بۆ ئەوێ چەپكە گوڵ لەسەر گۆڕی قوربانییەكان دادەنێین.

دیارە توركەكان ئەمەیان بەدڵ نییە، بەڵام توركەكان بەرگەمان دەگرن، بۆیە پێویستە لەسەرمان لێبوردە بین لەبەرانبەر هەڵوێستی توركەكان لە پرسی تەتەرەكانی قرمدا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا