هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ كێشەی نوێ‌ لەناو یەكێتی دروست دەكات

کوردستان

18/01/2020‌ 2619 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
لەسەر هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كێشە دەكەوێتە نێو ئەندامانی ئەنجوومەن، كە بەشێك لەسەركردایەتی دەیانەوێت پرسەكە بەدەنگدان یەكلابكرێتەوەو بەشێكی تریش دەیانەوێت بە رێككەوتنی پێشوەختە.

لەو بارەوە ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بەشارپرێسی وت: پێدەچێت لەم هەفتەیەدا جارێكی تر لیژنەكان لەبارەی دانانی سەرۆك دەڤەرەكان و بەرپرسیارییەتی دەزگاكان كۆببێتەوە.

سەرچاوەكە وتیشی: پێناچێت لەم هەفتەیەشدا پەیڕەوی ناوخۆ هەمواربكرێتەوە، چونكە كێشە لەنێو ئەندامان و باڵەكاندا هەیە، چونكە ئەو باڵەی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەن پێكدێنن داوا دەكەن خاڵ بەخاڵی هەمواری پەیڕەوەكە بەدەنگدانی ئەندامانی ئەنجوومەن بێت، بەڵام باڵەكانی تر داوادەكەن  هەمواری پەیڕەوەكە بەتەوافوق بێت.

سەبارەت بەكێشەی سەرۆكی ئەنجوومەنیش سەرچاوەكە بەشارپرێسی  وت: تائێستا یەكلانەكراوەتەوە، ئەوەش پەیوەندی بەچەند كێشەیەكی ترەوە هەیە.

هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كۆبووەوەو لیژنەیەكی بۆ هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ پێكهێناو لیژنەكەش یەك كۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

هـ ـ ح