بۆچی هەڵدانی مانگە دەستكردەكان لەلایەن ئێرانەوە ئەمەریكا و ئیسرائیل نیگەران دەكات؟

لە میدیاکانەوە

15/02/2020‌ 1012 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەڕای شكستە یەك لەدوای یەكەكانی ئێران لەهەڵدانی مانگە دەستكردەكانی، بەڵام بەردەوام ئەمەریكا و ئیسرائیل ترس و نیگەرانی خۆیان لەوە دەردەبڕن لەوەی تاران لەژێر سایەی هەڵدانی مانگە دەستكردەكاندا پەرە بەبەرنامە موشەكییە بالسیتییەكانی بدات.

دوای ئەوەی سەرەتای هەفتەی رابردوو، تاران لەهەڵدانی مانگی دەستكردی "زەفەر" شكستیهێنا و پێش گەیشتنی بە خولگەی خۆی كەوتە خوارەوە، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وتی: تاران پرۆسەی هەڵدانی مانگە دەستكردەكان بۆ پەرەپێدانی تواناكانی لەبواری موشەكە بالیستییە كیشوەربڕەكان بەكاردەهێنێت، كە هەڕەشەی پێ لەنەیارەكانی دەكات و سەقامگیری هەرێمییش دەشێوێنێت.

وتیشی: نابێت ئەوەی پشتیوانی تیرۆر دەكات پەرە بەموشەكی بالیستی بدات و تاقیان بكاتەوە.

لەو بارەیەوە رۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، كە ئێران هەمان ڕێچكەی هیندستانی گرتووەتەبەر بەوەی لەڕێگای هەڵدانی مانگە دەستكردەكانەوە پەرە بەتوانا موشەكییە بالسیتییە كیشوەرەبڕەكانی بدات .

لای خۆیەوە فەریق كۆچاڤی سوپاسالاری ئیسرائیل رایگەیاند، كە دوای دوو ساڵی تر ئێران دەبێتە خاوەنی چەكی ناوەكی، بۆ ئەوە ساڵێكی دەوێت تا یۆرانیۆمی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبێكی ناوەكی دەپیتێنێت، ساڵێكی تریشی دەوێت بۆ دروستكردنی بۆمبە ناوەكییەكە.

رۆژنامە ئیسرائیلییەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە دوای ماوەیەكی كەم لە لێدوانی كۆچاڤی، تاران رایگەیاند، ١٢٠٠ كیلۆگرام یۆرانیۆمی كەم كوالێتیان پیتاندووە، كە زۆرینەی شارەزایان گومانیان لەو ژمارە هەیە و جەخت دەكەنەوە، كە تاران خاوەنی ٨٠٠ كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە.

هەروەك شارەزایان دەڵێن: ئەگەر بێت و تاران بگاتە پیتاندنی هەزار كیلۆگرام لە یۆرانیۆم، ئەوە لە بەرهەمهێنانی چەكی ناوەكی نزیكبووەتەوە.

هەرچی جێفری لویسی شارەزای بواری ناوەكییە دەڵێت: تاران دەتوانێت لەڕێگای هەڵدانی مانگە دەستكردەكانەوە بۆمبی ناوەكی بەرهەمبهێنێت و پەرە بە موشەكە بالیستییە كیشوەربرەكان بدات .

لوسی و تیمەكەی ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، كە بەڵگەی بەهێز هەیە تاران لە پێگەیەكی نزیك شەهروود لە باكووری رۆژهەڵاتی ئێران خەریكی تاقیكردنەوەی توانای هەڵدانی بۆمبی موشەكی ناوەكییە .

لویس دەڵێت: ئێران زۆر هەوڵیداوە گالیسكەی گەورەی بۆشایی ئاسمانی وەك گالیسكەی هەڵدانی مانگە دەستكردە جەمسەرییەكان لەهیند هەڵبدات، كە وەك سەكۆی هاویشتنی موشەكی ئەتۆمی بگاتە هەموو شوێنێكی جیهان بەكاریان بهێنێت.

ئەو شارەزا ناوەكییە ئەوەش دەڵێت: ئێران هەمان ڕێچكەی هیندستانی گرتووەتە بەر بۆ پەرەپێدانی موشەكە جەنگییەكان، ئەویش پەرەپێدانی گالیسكەی هەڵدانی گەورەی بۆشایی ئاسمانی، دواتر گواستنەوە بەرەوە تەكنەلۆژیای ICBM ..

بەقسەی لوسی لەهەڵدانی مانگی دەستكرددا بەكارهێنانێكی دووسەرەی هەیە كە یەكێكیان بریتییە لە بۆمبی ناوەكی ، ئەویش وەكو هەموو ئەو تەكنەلۆژیایانەی تر كە تاران تاقیكردوونەتەوە .

لەلایەكی ترەوە بیتەر كڕایل لەبەرنامەی سنووردانان بۆ چەك دەڵێت ئەزموونی هەڵدانی مانگە دەستكردەكان ئەوەی دەرخستووە پەیوەندی هەیە لەنێوان بەرنامەی مووشەكی بالیستی ئێرانی و بەرنامەكانی بۆشایی ئاسمان . 

لەهەمان كاتدا رۆژنامە ئیسرائیلییەكە جەختی كردۆتەوە كە هەموو ئەوانە نایسەلمێنن كە بەرنامەی گەردوونی ئێران بەئامانجی یارمەتیدانی بەرنامە ناوەكییەكەیەتی ، بەڵام بڕێكی زۆر بەڵگە هەیە كە وادەكەن وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل هۆكارێكی جیددیان هەبێت بۆ نیگەرانییەكانیان .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی