پلانێكی ئەمەریكی كوردی سوننی بۆ زیندووكردنەوەی هێزەكانی سەحوە

کوردستان

18/02/2020‌ 1599 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد كەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ئاشكرایكرد، ئەمەریكییەكان پلانیان هەیە بۆ ئەوەی بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییە كوردی و سوننییەكان جارێكی تر هێزەكانی سەحوە دروست بكەنەوە، تا لەو ڕێگایەوە هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكانی دەشتی نەینەوا و ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق درووربخەنەوە.

كەیم لەلێدوانێكیدا بۆ پێگەی "مەعلوومە" ئاشكراشیكرد، كە ئەمەریكییەكان بەهەماهەنگی چەند لایەنێكی سیاسی سوننی و كوردی دەستیان بەجوڵە كردووە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەكی تایەفی هێزەكانی سەحوە سەرلەنوێ دروست بكەنەوە و لەوڕێگایەوە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا و ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق دووربخەنەوە و دەرفەت بە چەتەكانی داعش بدەن دەست بەچالاكی بكەنەوە، كە ئەمە پاساو بە ئەمەریكییەكان بدات هێزەكانیان لەعێراق بهێڵنەوە.

بەقسەی پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكانی رۆژئاوای عێراق و ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان پلانەكانی ئەمەریكای شكستپێهێناوەو ئەو هاوكێشەیەی گۆڕیوە، كە ئەمەریكا دەیویست مانەوەی داعش وەك پاساو بۆ مانەوەی خۆی لە عێراق بەكاربهێنێت .

كەریم ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، پیلانی ئەمەریكییەكان بریتی بووە لە دروستكردنی هێزەكانی سەحوە لەسەر بنەمای تائیفی و دواتر دابەشكردنی عێراق لەسەر بنەمای تائیفی و رەگەزی .

لای خۆیەوە ئەحمەد كینانی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح پێیوایە هەوڵەكان بەئامانجی دورخستنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكانی رۆژئاوای عێراق و ناوچە سنورییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان سەركەشییە بە ئاسایشی وڵات، جەختیشیكردووەتەوە  هاوپەیمانی فەتح لەناو ئەنوومەنی نوێنەراندا دژ بەو هەوڵانە دەوەستێتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی