توركیا جەنگی نەیرەبی دۆڕاند یان بەشێوەیەكی تاكتیكی پاشەكشەی كرد؟

لە میدیاکانەوە

23/02/2020‌ 3050 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژی پێنجشەمە سوپای توركیا میلیشیا چەكدارییەكانی سەر بە ئەنقەرە ‌هێرشێكی فراوانیان كردە سەر شارۆچكەی نەیرەب لە باشووری رۆژهەڵاتی ئیدلیب، كە بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ هێرشەكەی توركیا چڕ و هیستیری بووە، بەئامانجی دەستگرتن بەسەر شارۆچكەكە، كە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی، كە كەوتووەتە سەر رێگای حەلەب – لازقییە ناسراو بە ڕێگای M4  پێگەیەكی ستراتیژی هەیە .

ناوچەكە بەهۆی نزیكی لە شاری سەراقیب، كە بەناوەندی یەكتربڕی ڕێگای نێودەوڵەتی نێوان حەلەب و دیمەشق و لازقییە و حومس دادەنرێت بۆیە بەلای توركیا و گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە ئەنقەرەوە زۆر گرنگە .
\
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا داوای لە هێزەكانی سوریا كردووە وەك پابەندییەك بۆ ڕێكەوتننامەی سوچی، كە لەگەڵ روسیا واژوویان كردووە و دەكەوێتە ناوچەی كەمكردنەوەی گرژییەكان ، بۆ پاشت شارۆچكەی سەراقیب بكشێنەوە .

بەڵام چەند كاتژمێرێك دوای هێرشەكەی سوپای توركیا، روانگەی سوری ئاشكرای كرد ئاستی شەڕ و بەیەكدادانەكان كەمبوونەتەوە و گرووپە چەكدارەكان و هێزەكانی سوپای توركیا لە شارۆچكەی نەیرەب پاشەكشەیان كردووە، كە لەمیانی هێرشەكەدا دەستیان بەسەرداگرتبوو .

لە شەڕی نەیرەب چی روویدا ؟
عەبدولسەلام رازق ئەفسەر لەناو سوپای سوریا باسی لەوە كردووە، كە هێرشە سەربازییەكە تاقیكردەوەیەكی توركیا بوو بۆ ڕوسیا بەجۆرێك توركیا هەرگیز چاوەڕێی نەدەكرد روسیا بەوجۆرە رووبەڕووی ببێتەوە .

هەروەها لەو بارەیەوە رامی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ وتی: پێمان وانییە توركیا لەو هێرشەیدا جیدیی بێت، ئەوان دەیانەوێت پەیامێكی هۆشداری بۆ روسەكان بنێرن، كە ناوەرۆكەكەی ئەوەیە ئەگەرر بڕیار بدەین دەتوانین هاوكێشەكە بگۆڕین.

وتیشی: ئەگەر توركیا لەو هێرشەیدا جیددی و لێبراوە ئەوە بەرەیەكی فراوان هەیە، كە لە دارە عیززە بۆ گوندەواری باشووری موعەررەت نوعمان درێژ دەبێتەوە، جگە لە بەرەی باب لە گوندەواری حەلەب دەتوانیت لەهەموو ئەو ناوچانەدا بەرەی جەنگ بكاتەوە، بەڵام روسیا هەرگیز ڕێگە نادات ئەو ناوچانەی سوپای سوریا لەمدواییەدا كۆنترۆڵی كردوون جارێكی تر توركیا داگییان بكاتەوە.

لەدرێژەی قسەكانیدا بەڕێوەبەری روانگەی سوری وتی: روسیا دەستی بەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی "M4" و " M5" دا گرتووە، توركیاش دەیەوێت دەستكەوت و ڕێكەوتنی نوێی لەبارەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سوریا هەبێت.

لەبارەی ئەوەی، كە ئایا هێرشەكەی سوپای توركیا و میلیشیا چەكدارییە توندرەوەكانی سەر بە ئەنقەرە بۆسەر پێگەكانی سوپای سوریا و دواتر پاشەكشەكردن لێی بە شكست هەژمار دەكرێت یان ناردنی پەیامە ، لەوبارەیەوە عەلی ئەمین ئەلسوید نووسەری سوریایی پێیوایە هیرشی سەربازی توركیا بۆ دەستگرتن بەسەر ئیدلب و دەوروبەری ئیدلب هێشتا دەستیپێنەكردووە .

هەروەك وتی: لەو جۆرە پرۆسە سەربازیەی گرنگانەدا لانیكەم كاتژمێرێك پێش دەستپێكردنی پرۆسە جەنگییەكان لەلایەن سەرۆكایەتی كۆماری توركیا و وەزارەتی بەرگری توركیاوە رادەگەیەنرێت .

هەروەها مالیك حافیز نووسەر و شرۆڤەكاری سوری دەڵێت: ئەو هێرشە لەناكاوەی توركیا لەلایەك بۆ كەمكردنەوەی ئەو گوشارانە بوو كە لەسەر ئەنقەرە زیادی دەكرد، لەلایەكی تریشەوە كارتێكی گوشار بوو بەمەبەستی ئەوەی لە سنووری نوێی باكووری سوریا دەستكەوتی هەبێت كە هەردوولا دواترلەگەڵ لایەنی رووسی لەسەری ڕێكبكەون .

وتیشی: توركیا هەوڵیدا ئەو یارییە خێرایە بكات بەو بروایەی روسیا وەڵام ناداتەوە، بەڵام دەستوەردانی مۆسكۆ دۆخەكەی گێرایەوە بۆ چوارگۆشەی هەوڵە دیبلۆماسییەكان ".

لەدرێژەی قسەكانیدا حافیز ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە دەستوەردانی سەربازی توركی بەهەموو قورسایی خۆی نەبووە ، لەبەر ئەوەی توركیا نایەوێت هەموو هێزەكانی خۆی لە جەنگێكدا مۆڵ بدات و بەهۆیەوە هەموو ئەوەی لەماوەی ساڵانی رابردوودا بنیادی ناوە وێرانی بكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی