شارپرێس:
رۆژی شەممە دەسەڵاتدارانی ئێران تۆماركردنی ١٠ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و گیان لەدەستدانی ٢ كەسی دیكەیان بەهۆی ڤایرۆسەكە راگەیاند، ئەوەش نیگەرانییەكانی خەڵكی لەمەڕ ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە قووڵتر كردەوە.
تۆماركردنی ئەم دوایین حاڵەتانە، ژمارەی حاڵەتەكانی بەرز كردەوە بۆ ٢٨ حاڵەتی تووشبوون و ٦ حاڵەتی گیان لەدەستدان لەئێران.
بەپێی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ئێران، هەواڵی ئەو حاڵەتەكانی تووشبوون و گیان لەدەستدان لەلایەن كیانیش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاری شاری "مەركەزی"ەوە ڕاگەیەندراوە.
كاتێكی زووتری رۆژی شەممە وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاندبوو، كە ژمارەی حاڵەتەكان گەیشتووەتە ٢٨ حاڵەتی تووشبوون و ٥ حاڵەتی گیان لەدەستدان، هەمان رۆژ دواتر، پارێزگاری شاری مەركەزی حاڵەتێكی گیان لەدەستدانی تری لە شارەكە راگەیاند.
زۆربەی حاڵەتەكان، لەنێویاندا ٨ حاڵەتی نوێ، لەشاری قوم تۆمار كراوە، كە شارێكی پیرۆزی شیعەیە، لە دووری ١٢٠كم (٧٥ میل) لە باشووری تارانی پایتەختەوە هەڵكەوتووە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئای ئاڕ ئێن ئەی (IRNA) فەرمی، ئۆفیسەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی قەیران لەبارەی شاری قومەوە ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاندووە، كە قوتابخانە، زانكۆ و ناوەندە ئاینییەكان لە شارەكە ڕۆژی یەك شەممە و دوو شەممە دادەخرێن، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ بەر گرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.
ڕۆژی پێنج شەممەش بەرپرسانی تەندروستی داوای هەڵپەساردنی سەرجەم كۆبوونەوە ئایینییەكان كرد لە شاری قوم.
حاڵەتەكانی ڤایرۆسەكە لە ئێران كاریگەری لەسەر وڵاتانی دەوروبەریشی كردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی دەبلیو ئێم ئەی (WAM) ناوخۆیی، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی ڕۆژی شەممە دوو حاڵەتی نوێی ڤایرۆسەكەی رایگەیاندووە، بەوەش سەرجەمی ژمارەی حاڵەتەكان لەو وڵاتە بۆ ١٣ حاڵەت بەرزبووەتەوە.
هەروەها وڵاتی لوبنانیش ڕۆژی هەینی یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكەی پشتڕاست كردەوە، كە ئافرەتێكی تەمەن ٤٥ ساڵ بوو، لەشاری قومی ئێران گەرابووەوە.
هەروەها بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی فارس، بەرپرسێك كە سەرپەرشتی گەشتە ئایینیەكان دەكات، رایگەیاندووە ئێران سەرجەم ئەو گەشتانەی هەڵپەساردووە، كە بە مەرامی ئاینی بۆ عێراق ئەنجام دەدرێن.
لەلایەكی تر ئاژانسی هەواڵی ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنج شەممە عێراق سەرجەم دەروازە سنوورەكانی بەڕووی هاووڵاتیانی ئێراندا داخست.
بڕیارەكە دوای ئەوە هات، كە هێڵە ئاسمانییەكانی عێراق سەرجەم گەشتەكانی بۆ وڵاتی ئێران هەڵپەسارد، ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووش هێڵە ئاسمانییەكانی كوێت هەمان بڕیاریاندا، سعودییەش ڕۆژی هەینی وەستاندنی گەشتكردنی هاووڵاتیانی بۆ ئێران.
لە پۆستێكدا لە هەژماری توویتەری فەرمی خۆیەوە بڵاویكردەوە، حكومەتی كوێت ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە هێڵە ئاسمانییەكانی خەریكی ئەنجامدانی گەشتێكی تایبەت بوون بۆ گەڕاندنەوەی زیاتر لە ٧٠٠ هاوڵاتی كوێتی لەشاری مەشھەدی باكووری خۆرهەڵاتی ئێرانەوە.
وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان
سەرچاوە: ئاژانسی ڕۆیتەرز