محەمەد عەلاوی هەوڵێك بۆ شكستپێهێنانی كابینەكەی ئاشكرادەكات

عیراق

25/02/2020‌ 2144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد عەلاوی راسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق هەوڵێكی بۆ شكستپێهێنانی كابینەكەی ئاشكراكرد.

محەمەد تۆفیق عەلاوی لەنووسینێك لەئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی: لە ڕێی كڕینی پەرلەمانتارانەوە هەوڵێك هەیە شكست بە حكومەتەكەم بهێنرێت، چونكە وەزیرەكانی پاك و سەربەخۆن و ناتوانرێت درێژە بە دزی بدرێت.

پێشتر یەحیا محەمەدی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان، كە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران سەرۆكایەتی دەكات جەختیكردەوە، هاوپەیمانییەكەیان هیچ گرفتێكی نییە ئەگەر عادل عەبدولمەهدی لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە، هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كورد و شیعە و سوننە تیڕوانینەكانیان لەبارەی گۆڕینی محەمەد تۆفیق عەلاوییەوە لەیەكەوە نزیكە. 

محەمەدی لەلێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە، بەفەرمی داواكارییەكایان خستووەتە بەردەم كوتلە شیعییەكان بۆ ئەوەی جێگرەوەی محەمەد تۆفیق عەلاوی دەستنیشان بكەن، لەبەر ئەوەی ئاشكرانەكردنی ناوی وەزیرەكانی كابینەكەی بەڵگەی ئەوەیە، كە ئەو كەسێكی سەربەخۆ نییە .

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانییەكەی حەلبووسی رایگەیاندووە، خەڵك مافی خۆیەتی ئەو كەسە دەستنیشان بكات، كە بە گونجاوی دەزانێت سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بكات، بەڵام عەلاوی ئەو كەسە رزگاركەرە نییە.

بە قسەی محەمەداوی ئەوان سەد لەسەد دڵنیان لەوەی، كورد و شیعە و سوننە بۆ گۆڕینی عەلاوی تێڕوانینیان زۆر لەیەكەوە نزیكە . 

ئەو پێیوایە، كە عەلاوی دان بە پێكهاتەكانی عێراقدا نانێت و ئامادەش نییە لەگەڵیان دابنیشێت .

بەپەلە