بەرهەم ساڵح دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەردەگرێت

عیراق

29/02/2020‌ 1398 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێبین سەلام پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەگەر تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران تایبەت بەمتمانەدان بە كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی بەڕێوەنەچێت ئەوە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار كاروبارەكانی سەرۆك وەزیرانی دەگرێتە دەست.

سەلام لەلێدوانێكدا دەشڵێت: ئەگەر تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەهۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاساییەوە دانیشتنی تایبەت بە پێدانی متمانە بەكابینەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی بەڕێوە نەچێت ئەوە بەپێی ماددەی 81 ی دەستوور بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق هەموو دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت، لەبەر ئەوەی ئەو ماددەیە زۆر روونە و هیچ بواری شرۆڤە و لێكدانەوەی نییە.

رۆژی 1ی شوبات بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌‌و تەنیا 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ راگەیاندنی كابینەكەی، بەڵام تائێستا دیار نییە لەو سی رۆژە دەتوانێت كابینەكەی رابگەیەنێت.

لەلایەكی ترەوە عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی لەلێدوانێكدا بۆ پێگەی "ئەخبارییە" وتی: كاتێك محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپێردرا ئەوە 30 رۆژی لەبەردەستدا بوو، كە لە 2ی ئایاری داهاتوو ئەو ماوەیە كۆتایی دێت، لەبەر ئەوەش كە ئەو ماوەیە كۆتایی دێت و كابینەكەشی پێشكەش كردووە كەواتە لەماوەی یاساییدا پێشكەشی كردووە، بۆیە ئێستا یارییەكە لە گۆرەپانی پەرلەماندایە، بۆیە دەبێت پەرلەمان یان بە متمانەدان یان رەتكردنەوەی وەزیرەكان و كارنامەی حكومەت دەنگ بدات، ئەگەر هات و بە زۆرینەی سادە متمانەی پێدرا ئەوە عەلاوی بەفەرمی دەبێت بە سەرۆك وەزیران ، ئەگەر متمانەشی پێنەدرا ئەوە سەرۆك كۆمار بەپێی ماددەی  76  بڕگەی پێنجەم كەسێكی تر رادەسپێرێت.

بەڵام لەلایەكی ترەوە ئەگەر هات و پەرلەمان دەنگی لەسەر كابینەكەی عەلاوی نەدا و ئەو ماوەیە تێپەڕی ئەوە بەپێی ماددەی 81  بڕگەی یەكەم  و دووەم دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران بۆ سەرۆك كۆمار دەگوازرێتەوە، لەبەر ئەوەی عەبدولمەهدی رایگەیاندووە، كە پۆستەكە جێدەهێڵێت ئەوكاتیش دەسەڵاتەكان بۆ سەرۆك كۆمار دەگوازرێتەوە و تا راسپاردنی كەسێكی تر كارەكانی سەرۆك وەزیران بەڕێوە دەبات .

بەپەلە